دەرچوانی دانەمەزراو هۆشداری دەدەنە دەستەی پاراستن، چاککردنی ژینگەی هەرێم و دەڵێن نادادپەروەری لە پرۆسەی دامەزراندنیان کراوە

دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پارێزگای هەڵەبجە گردبوونەوەیەکیان لە بەردەم فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە ڕێکخست کە 15 کارمەندی بۆ دامەزراوە و بڕیارە سبەینێ بکرێتەوە و دەڵێن نادادپەروەری لە پرۆسەکەدا هەیە و وەک ئەنجومەنی خوێندکارانی دانەمەزراو یاداشتێکمان داوەتە پارێزگای هەڵەبجە و گشتاندنی بۆ کردووە بۆ دامەزراوەکانی حکومەت بەڵام لە بەرچاو نەگیراوە و ئەوانیش ڕێگە نادەن فەرمانگە بکرێتەوە لەبەر ئەوەی نادادپەروەری لە پرۆسەی دامەزراندنەکەیدا هەیە.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 5-6-2022 لە مەڕاسیمێکدا و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێم فەرمانگەری ژینگەی هەڵەبجە دوای ئەوەی پرۆسەی دامەزراندنی بۆ ڕاگەیەنرا بکرێتەوە ، بەڵام دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەردەم فەرمانگەکەدا گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند لە پرۆسەی دامەزراندنەکە کە بە شێوەی ئۆنلاین بووە، نادپەرووەری و دەستی حیزبی تێکەڵکراوە و داوایان کرد جارێکی دیکە پرۆسەی دامەزراندن ئەنجام بدرێتەوە، لێپسراوی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەش ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

بیلال عەباس نوێنەر ئەو دەرچوانەی کە داواکاریان بۆ دامەزراندن لە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە پڕکردوەتەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ئەو ئومێدەی خەڵک و دەرچوانی هەڵەبجە بە پرۆسەی دامەزراندن هەیان بوو خەریکە بێئومێد دەبین، بە تایبەتی ئەو دامەزراندنەی لە ژینگەی هەڵەبجە کراوە یاری پێدەکرێت و داوا لە بەرپرسان دەکەین کە خاڵبەندی لە بەرچاو بگیرێت و سبەینێش گردبوونەوە لە کاتی مەراسیمی کردنەوەی فەرمانگەکە ڕێکدەخەین."

ڕێبوار ئەحمەد یەکیک لەو کەسانەیە کە داوای دامەزراندنی کردبوو ئەو لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" چەندین بەڵگەمان هەیە کە نادادپەروەری لە پرۆسەکەدا هەیە، داوادەکەین جارێکی دیکە بە پرۆسەکەدا بڕۆنەوە، تا هەموان وەک یەک مافەکانیان لە کیس نەچێت."

سەرهەنگ عەبدول ڕەحمان لێپسراوی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی ئۆنلاین فۆڕمان بڵاوکردوەتەوە و بە داتابەیس چەند خاڵێکمان داناوە، کۆی ئەوانەی کە بەشداریان لە پرۆسەکەدا کردووە، داتابەیس خاڵەکانی هەڵبژاردوون و فۆڕمی تانەمان دوای پرۆسەکە بڵاوکردوەتەوە تەنها 36 کەس تانەی داوە بەڵام تانەکانیان قبوڵ نەکراوە."

لە ماوەی ڕابردوودا چەند دەستە و بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی لە پارێزگای هەڵەبجە لەبەر کەمی کارمەند پرۆسەی دامەزراندنیان بۆ ڕاگەیەنراوە، بە هۆی داخستنی دەرگای دامەزراندوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی 2014 هەزاران دەرچووی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگان چاویان لە پرۆسەی دامەزراندنە بە شێوەیەک بۆ 15 کارمەندی فەرمانگەی ژینگە هەزار و 56 دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا فۆڕمیان پڕکردبۆوە.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی