لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا چالاکوانانی بواری ژینگە لە هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەدەن لەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسی گەورەدایە، پێشیان وایە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هێڵی سووری مەترسیەکەدان.
ڕۆژی 5/6 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕۆژی جیهانی ژینگە دیاریکراوە لە سەرانسەری جیهاندا، ساڵانەش لەم ڕۆژەدا لە وڵاتانی جیهان و هەرێمی کوردستان چالاکوانانی جۆراوجۆر لە بواری ژینگە بەڕێوەدەچێت و مەترسییەکانی سەر ژینگە و گۆڕانکارییەکانیش دەبنە بابەتی گفتوگۆ.
ژینگەپارێزان ئاماژە بەوە دەکەن، کە گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکردوە و کەوتووەتە زۆنی سوور، کە زۆنی مەترسیدارە.
هەژار عەبدوڵا، وتەبێژی پارتی سەوزی کوردستان مەترسیەکانی بەردەم ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕووندەکاتەوە و بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت: بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانەوە بەشێکی زۆری بەستەلەکەکانی گۆی زەوی جیهان بەرەو توانەوە چوون و دوەم ئۆکسید زیادی کردوە و بەرگە هەوا کێشەی بۆ دروستبووە، عێراق و هەرێمی کوردستانێش لە زۆنی مەترسیداردایە. و ئێمە لە بەرەی پێشەوەی جەنگەکەداین، لەبەر ئەوە کێشەی گەورەی بە بیابانبوون و کەم بوونەوەی ئاو هەیە کە ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر عێراق و هەرێمی کردستان، ئاماژە بە ئەوەشدەکات کە کارەساتەکە زۆر لەوە گەورەترە لەڕێگەی بەرنامەو سیمیناراتەوە ئیش لەسەر پرسەکە بکرێت.
وتەبێژی پارتی سەوز نیگەرانە لەوەی کە لە هەرێمی کوردستان کاری جددیی نەکراوە بۆ پارێزگاریکردن لە ژینگە، دەشڵێت: ئەو کارانەی کراون لە ئاست خواستی ژینگەپارێزاندا نەبووە.
هەژار عەبدوڵات وتی: پێویست بوو کاری جدی بکرێت و ڕێژەی سەوزایی زۆر زیاد بکرایە لەناو شارەکاندا بۆ ڕێژەی %15 بۆ % .20 وە وڵاتانی دەوروبەر هەرێمی کوردستان بەرەو وشکی و بێ ئاوی نەبەن و سەرچاوە ئاویەکان نەگیرێتەوە، بەدەر لە گۆڕانی ژینگەیی هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆری خاشاک مەترسیەکە چەند هێندە بوە، لە ڕێژەی خاشاکی سلێمانی سەدا 65 پاشماوەی خۆراکە، و لەبەرامبەردا ڕێژەی سەوزایی زۆر کەمە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتیی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە ١٢.٤٪، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە ڕێژەی سەوزایی ١٥٪ کەمتر نەبێت.
دیار غەریب بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بە دەنگی ئەمەریکا، مەترسییەکانی بەردەم ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕوون دەکاتەوە و لە پاڵ هۆکارە جیهانییەکان بۆ پیسبوونی ژینگەی هەرێم، هۆکارە ناوخۆییەکانیش دەخاتەڕوو. ئەو گوتی "مەترسییەکانی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە، دوو ساڵە وشکەساڵیی بەرۆکی گرتووەتەوە و بەشێکی زۆری سەرچاوە ئاوییەکانی لەدەستداوە بەهۆی کەمبارانییەوە، ئەوە جگەلەوەی بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠١٩، ١٠٠ ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێرانەوە سووتاون."
Your browser doesn’t support HTML5