ئەو زانایانەی لێکۆڵینەوە لە پەرەسەندنی زمان و ئاخافتن دەکەن دەڵێن شامپانزییە کێوییەکان سیستەمێکی پەیوەندی ئاڵۆزتریان هەیە لەوەی توێژینەوەکانی ڕابردوو دەریانخستووە.
توێژەران دەڵێن ئاژەڵەکە زیاتر لە دە جۆر هاوار و بانگکردن بەکاردەهێنێت کە دەتوانرێت یەکبخرێت بۆ سەدان فەرمان یان مەبەستی جیاواز.
تیمی توێژینەوەکە ٤٨٠٠ لەو پەیوەندیانەیان تۆمار کردووە لەلایەن ئەندامانی سێ گروپی شامپانزیەوە بەکارهاتوون لە پارکی نەتەوەیی تای لە کەناری عاج دەژین. ئەم پارکە یەکێکە لە دوا ناوچە گرنگەکانی دارستانە گەرمە دێرینەکانی ڕۆژئاوای ئەفریکا و شوێنی چەندین جۆری ڕووەک و ئاژەڵە.
شامپانزیەکان لەگەڵ بۆنۆبۆکان نزیکترین خزم و کەسی زیندوون لە مرۆڤەوە. ئەوان زیرەکن و کۆمەڵایەتین. شامپانزیەکان ئامراز دروست دەکەن و بەکاری دەهێنن و دەتوانرێت بڕێکی کەم لە زمانی هێمای مرۆڤ فێر بکرێن.
زانایان لە مێژە دەزانن شامپانزیەکان لە ناوچەی ژیانیان هاواری جیاواز، یان دەنگ بەکاردەهێنن، بەڵام توێژینەوە نوێیەکە تێگەیشتنێکی قووڵتری لە پەیوەندییەکانیان خستەڕوو.
سێدریک جیرارد بوتۆز نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە لە بڵاوکراوەی Communications Biology بڵاوکرایەوە سەبارەت بە هاوارەکانی شامپانزی گوتی "ئەمە زمانێک نییە بەڵام لە ئاڵۆزترین فۆرمەکانی پەیوەندیکردنە لە ئاژەڵێکی نامرۆڤدا پێناسە دەکرێت
جۆرەکانی بانگکردن و هاوارکردن بریتی بوون لەوەی توێژەران جیایان کردۆتەوە پێیان دەگوت گریان، گریانی هەناسەدان، دەنگی هوو، دەنگی ترپە، دەنگی هەناسەبڕکێ، قیژە، هاوارێکی هەناسەبڕکێ ، هاوارێکی هەناسەسوار و دەنگی تەقە بە لێو. توێژەران دیارییان کرد کە ئەم جۆرە بانگەوازانە بە ٣٩٠ رێز یان ئاراستەی جیاواز بەکارهێنراون.
جیرارد بوتۆز دەڵێت "بە گشتی 'دەنگی هوو' و 'دەنگی نەڕە' باوترین هاوار و بانگکردنن لەم زنجیرانەدا بەکاردەهێنران.
پێدەچوو ڕیزبەندی ئەو هاوارو بانگانەی شامپانزیەکان دەریاندەکرد پەیڕەوی یاسایەک بکەن، هەرچەندە توێژینەوەکە تێگەیشتن و ئەگەری بۆ هیچ واتایەک دانەنابوو.
جیرارد گوتی "توێژینەوەکە گرنگە، چونکە سەرەتای پەیوەندیکردن نیشان دەدات کە دەکرا خاڵی دەستپێکی پەرەسەندن بێت بەرەو "ڕستەسازی لە زمانەکەماندا."
ڕستەسازی بریتییە لەو ڕێگایەی وشەکان پێکەوە دادەنرێت بۆ پێکهێنانی ڕستە یان دەستەواژەی تەواو.
توێژەران دەیانەوێت بزانن ئایا زنجیرەکان مانای فراوانتر دەگەیەنن یان نا. گومانیان هەیە لە مانای ئەگەری هەندێک لە دەنگدانەوەکان.
جیرارد گوتی توێژەران پێویستە "بە وردی لێکۆڵینەوە لە دۆخەکانی دەوروبەری ئەم پەیوەندیانە بکەن". ئاماژەی بەوەشکردووە، توێژەران پێویستە "تاقیکردنەوەکانی پەخشکردن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا مانای گومانلێکراو لەگەڵ کاردانەوەی ڕەفتاری شامپانزیەکان دەگونجێت کاتێک گوێیان لە بانگەکە دەبێت."
توێژەران دڵنیا نین لەوەی ئایا پەیوەندی دەنگی شامپانزی هاوشێوەی سەرەتای زمانە لە مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤدا یان نا. مرۆڤ و شامپانزیەکان باپیرێکی هاوبەشیان هەیە بەڵام ڕەنگە ٧ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دابەش بوون بۆ خێزانی پەرەسەندنی جیاواز.
ئاژانسێکی ئەمەریکی: چڕی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا گەیشتە ئاستێکی بێ وێنە
ئاژانسێكی ئەمەریكی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندا لە مانگی 5ی رابردوودا، چڕی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەوادا گەیشتە ئاستێك بە ڕێژەی ٪50 زیاتر لە سەردەمی پێش پیشەسازی، پێشتریش نزیكەی چوار ملیۆن ساڵە لەسەر هەسارەكە تۆمار نەكراوە.
بەرێوبەرایەتی نیشتیمانی ئۆقیانوس و کەش وهەوای ئەمەریکا ڕوونی کردەوە هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە نوێیە گەرمبوونی کەشوهەوای جیهانە و بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت، گرنگترینیان بریتین لە گواستنەوە و بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و بڕینەوەی دارستانەکان و بەرهەمهێنانی ئیلیکتریک بە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین.
بە گشتی مانگی 5 ئەو سەروەختەیە ساڵانە بەرزترین ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن تێیدا تۆمار دەکرێت.
چڕی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە مانگی 5ی ساڵی ٢٠٢٢دا لە ٤٢٠ بەش لە ملیۆنێکدا PMM تێپەڕیوە، کە یەکەیەکی پێوانە بۆ دیاریکردنی بڕی پیسبوونی هەوا بەکاردێت. لە مانگی 5ی ساڵی ٢٠٢١ ئەم ڕێژەیە ٤١٩ بەش بووە بۆ هەر ملیۆنێک، لە ساڵی ٢٠٢٠شدا ٤١٧ بەش بووە بۆ هەر ملیۆنێک.
ئەم پێوانانە لەلایەن چاودێری (ماونا لۆا) لە هاوایی ئەنجام دەدرێن کە لەسەر شوێنێکی بەرز دروستکراوە، بە دوورە لە کاریگەری پیسبوونی ناوچەکە.
بەڕێوبەرایەتی ئۆقیانووس و کەشوهەوا ڕوونیکردەوە، ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن پێش شۆڕشی پیشەسازی بەردەوام بووە و نزیکەی ٢٨٠ بەش لە ملیۆنێکدا بووە و لە ماوەی پێشوودا بەم شێوەیە ماوەتەوە کە نزیکەی شەش هەزار ساڵ بووە.
بەڕێوبەرایەتیەکە لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ تۆمارکراوە نزیکە لەوەی "٤.١ بۆ ٤.٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر هەبووە، کاتێک ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن نزیکەی ٤٠٠ بەش بووە لە ملیۆنێکدا یان زیاتر.
بەپێی توێژینەوەکان لەو سەردەمەدا ئاستی دەریا لە نێوان 5 بۆ 25 مەتر بەرزتر بوو لەوەی ئێستا هەیە، هەروەها دارستانی فراوان لە بەشێک لە جەمسەری باکوور بوونی هەبووە.
دووەم ئۆکسیدی کاربۆن گازە گەرمەکانە کە بەشدارە لە بەرزبوونەوەی گەرما و دەبێتە هۆی گەرمبوونی جیهان و بۆ ماوەی هەزاران ساڵ لە بەرگەهەوا و زەریاکاندا دەمێنێتەوە.
بەشی ئۆقیانووسەکان و بەرگەهەوا گوتی ئەم گەرمبوونەوە بۆتە هۆی لێکەوتەی ترسناک، لەوانەش بڵاوبوونەوەی شەپۆلی گەرما و وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوە و لافاو.
پیتەر تانس لە بەڕێوبەرایەتیەکە لە بڵاوکراوەیکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ڕەگەزی مرۆڤ هەرگیز ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بەو شێوەیە نەدیوە کە ئەمڕۆ هەیە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە نیو سەدەیە ئەمە دەزانین، لە هەچ کارێکدا کردومانە شکستمان هێناوە، بۆیە پێویستە بە ئاگا بێینەوە.
زانایان زیاتر لە ٢٥ ساڵ بوو بەدوای ئەو ئاوێتە و پێکهاتەیەدا دەگەڕان، دوای ئەوەی توێژینەوە سەرەتاییەکان لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە دەتوانێت گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان خاو بکاتەوە. دواجار توێژەرێک ئەو پێکهاتەیەی لە جۆرێکی باوی شیلانی نەرمدا لە کەنارئاوەکانی ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا دۆزیەوە.
تیمێکی توێژینەوە لە زانکۆی یوتا دۆزینەوەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە. تیمەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامەکانیان دەتوانێت ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی بەربڵاوی ئەو مادەیە بۆ بەکارهێنان لە دەرمانی شێرپەنجەدا.
توێژەران لەم دواییانەدا لە توێژینەوەیەکدا لە بڵاوکراوەی Nature Chemical Biology باسیان لە دۆزینەوەکانیان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی نیشتیمانی ئۆقیانوس و بەرگەهەوای ئەمەریکا NOAA بڵاویکردەوە، بەکارهێنانی ماددە سروشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شتێکی نوێ نییە. ئاوێتە و پێکهاتە لە هەموو جۆرە زیندەوەرانێکەوە، لەوانەش ژیانی دەریایی، مار، جاڵجاڵۆکە و ئاژەڵەکانی تر، لە مێژە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و تاقیکراونەتەوە وەک چارەسەری ئەگەر بۆ زۆرێک لە دۆخە تەندروستییەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی NOAA بەو پێیەی زۆرێک لە شیلانەکانی دەریا لە شوێنێکدا دەمێننەوە، بەرگری کیمیایییان پەرەپێداوە بۆ پاراستن لە جۆرەکانی تری ژیانی دەریایی کە دەتوانێت هەڕەشەیان لێبکات. زانایان لێکۆڵینەوە لەم جۆرە ماددە کیمیاییانە دەکەن لە هەوڵێکدا بۆ دۆزینەوەی بەکارهێنانی کاریگەری پزیشکی.
بەڵام بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم ئەم هەوڵانەدا سەختی کۆکردنەوەی بەشی پێویست بووە لەم ئاوێتانە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی کاریگەر.
ئەو ماددە کیمیاییەی لە نوێترین توێژینەوەدا بەکارهاتووە ناوی ئێلیوتیرۆبینە. لەناو شیلانی نەرمدا لە نزیک ئوسترالیا دۆزرایەوە. زانایان لە ساڵانی نەوەدەکاندا ڕایانگەیاندووە ئەو ماددە کیمیاییە تایبەتمەندی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی هەیە.
توێژەرانی بەشداربووی توێژینەوەکە ڕایانگەیاندووە، ئەو ماددە کیمیاییە دەتوانێت ڕۆڵێکی هەبێت لە تێکدانی پێکهاتە گرنگەکانی خانەکان. لەلایەن شیلانی نەرمەوە وەک بەرگرییەک لە نێچیرەکان بەکاریدەهێنرێت. بەڵام توێژینەوە زانستییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم ئاوێتە بەڵێن دەدات لە کەمکردنەوەی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان.
توێژینەوەکان وایکرد زاناکان بەردەوام بن لە گەڕان بەدوای بڕێکی زۆر لەو ماددە کیمیاییەدا کە پێویست دەبێت بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی زیاتر و ئەگەری هەیە دەرمانی نوێی شێرپەنجە پەرەپێبدەن. بەڵام ئەو هەوڵانە بۆ چەندین ساڵ سەرکەوتوو نەبوون.
زانا پاوڵ سیسێسا لە تیمی زانکۆی یوتا کاردەکات، شیلانێکی نەرمی لەناو زەریاکەدا دۆزیەوە لە کەنارەکانی فلۆریدا کە ئێلیوتیرۆبینی تێدابوو.
تیمەکە هەوڵیاندا بزانن ئایا شیلانەکان خۆیان ئەو ماددە کیمیاییەیان دروستکردووە یان لەلایەن زیندەوەرە مشەخۆرەکانەوە بەرهەم هێنراوە کە لەناو شیلاندا دەژین. سیسێسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە "هیچ واتایەک بەو نابەخشێت" ئەگەر ئەو ئاوێتە تەنها لەلایەن زیندەوەرانی دیکەوە بەرهەم بهێنرێت.
بۆ نموونە تیمەکەی دەیانزانی کە هەندێک لە شیلانە نەرمەکان زیندەوەری مشەخۆریان نییە و لەگەڵ ئەوەشدا جەستەیان هەمان کۆمەڵە پێکهاتەی کیمیایی تێدایە.
بۆ تاقیکردنەوەی تیۆریەکەیان، توێژەران هەوڵیاندا بزانن چۆن شیلانەکان ئەو ئاوێتە بەرهەم دەهێنن. بۆ ئەم مەبەستە پێویستیان بە لێکۆڵینەوە لە کۆدی بۆماوەیی شیلان بوو بۆ ئەوەی بزانن ئایا ڕێنماییەکانی چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئەو پێکهاتە کیمیاییە لەخۆدەگرێت یان نا.
بەڵام ڕاپۆرتیان دا کە توانیویانە ئەو بەشانەی DNA لە شیلاندا دەستنیشان بکەن کە زۆر نزیک بوون لە ڕێنماییە بۆماوەییەکان بۆ پێکهاتە هاوشێوەکان لە جۆرەکانی تردا. پاشان توانیان ئەو ڕێنماییانە پێشکەش بە بەکتریاکان بکەن کە لەناو تاقیگەیەکدا گەشەیان کردووە. تیمەکە ڕایانگەیاندووە کە بەکتریاکان توانیویانە یەکەم هەنگاوەکانی دروستکردنی ئێلیوتیرۆبین کۆپی بکەن.
توێژەران دەڵێن تاقیکردنەوەکانیان دەریخستووە کە دەبێ بتوانرێت ئەو ماددە کیمیاییە لە تاقیگەدا دروست بکرێت. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی بەربڵاوی دەرمانی نوێی دژە شێرپەنجە.
Your browser doesn’t support HTML5