بڕیارە پەرلەمانی كوردستانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ گرانی بازاڕ و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخی پێداویستی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیان كۆببێتەوە

بەرزبوونەوەی نرخی بەشێك لە پێداویستیەكانی ڕۆژانە نیگەرانیەكی زۆری لای هاووڵاتیان دروستكردووە، داوا دەكەن نرخی خواردن، كەلوپەل، پێداویستیەكانی ڕۆژانەی خەڵك و بەنزین كەم بكرێتەوە.

دكتۆر ڕێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی عێراق بانگهێشتی گشت ئەندامەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە بۆ دانیشتنی ڕۆژی یەكشەممەی پەرلەمان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانيش بڕیاریدا كە به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەی پەرلەمان بڕگەیەكی بۆ خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی وزه‌، سامانه ‌سرووشتییه‌كان، پیشه‌سازی و بازرگانی بێت سه‌باره‌ت به‌ گرانی بازاڕ و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخی پێداویستیەکان به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیرى بازرگانی و پیشه‌سازی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە گرانی نرخی بەنزین و خواردنەوە، بەهمەن كاكە عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " داوامان كردووە وەزیری بازرگانی بێتە پەرلەمان بەهۆی ئەوەی كە نرخی سوتەمەنی و خواردن گران بووە، هەرچەندە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەوشە نێودەوڵەتیەی كە هەیە بەڵام ئێمە وەكو پەرلەمانی كوردستان دەمانەوێ گوێمان لە لایەنی پەیوەندیدار بێت كە حكومەتە هەروەها وەزیری بازرگانی بێت و بزانین هۆكاری بەرزبوونەوەی ئەو نرخە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئەگەر ناوخۆییە بۆ ئەوەی فشار لە حكومەت بكەین چارەسەری بكات و ئەگەر دەرەكیشە ڕێكارەكان چین بۆ ئەوەی كە ئەو نرخانە دابەزن یان جێگیربكرێن و نەبێتە بارگرانی بەسەر خەڵكی كوردستانەوە".

بەپێی بە دواداچوونەكانی ئەو ئەندام پەرلەمانە لە بارەی بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل و پێداویستی ڕۆژانە و بەنزین بەشێكی كەمی بۆ قورخكاری بازرگانەكان گەڕاندەوە واتا پێی وابوو كە هۆكاری ناوخۆیی هەیە بەڵام بەشە گەورەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە هۆكاری نێودەوڵەتی هەیە بەهۆی شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیاوە كۆمەڵێك شت بە گشتی لە جیهاندا بەرزبووەتەوە.

بەهمەن كاكە عەبدوڵا ڕاشیدەگەیەنێت كە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهاندا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین كێشەكەی ئێمە لە كوردستان شتێكی تریشە تەنها بەرزبوونەوەی نرخ نییە خراپی كوالیتیەكەیشیەتی كە بەداخەوە كوالیتی بەنزین زۆر خراپە و ئەمە وایكردووە كە زیان بە خەڵكیش بگەیەنێت، گوتیشی" ئێمە بە دواداچوون بۆ هەردووكی دەكەین."

بەشێك لە دانیشتوانی هەولێر ناڕەزایەتیان بەهۆی كەمی ئاوەوە دەردەبڕی و داوایان دەكرد كە كێشەی ئاویان بۆ چارەسەر بكرێت لەوبارەیەوە بەهمەن كاكە عەبدوڵا گوتی" یاداشتێك پێشكەشكراوە بۆ ئەوەی وەزیری شارەوانی و كشتۆكاڵیش بانگهێشتی پەرلەمان بكەین بۆ ئەوەی بە دواداچوون بۆ هەموو ئەو گرفتانە بكەین، بەداخەوە بەهۆی فراوانبوونی زۆری هەولێر و ئاوی بیرەكانیش كە بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە حكومەت بۆ ئەوە بانگ دەكەین تا گوێمان لێ بێت كە ئەم گرفتانە هۆكار و چارەسەریەكەیشی چییە، بە هەموو لایەنەكانەوە هاوكاربین بۆ ئەوەی ئەو بارە لەسەر خەڵك سوك بكەین نەك لە ئەنجامدا ئێمە موزایەدە لە نێوان یەكتری بكەین و بارەكەی خەڵك ئەوەندەی تر قورس بكەین، بەڵکو دەبێت بە هەردوولا هاوڕا و هاوكاربین بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بكەین.

دەشڵێت "لە دانیشتنی پێشوو وەزیری تەندروستیمان بانگ كرد هەرچی كەموكورتیەكان هەبوو پێمان گوت و داوامان كرد بە زووترین كات چارەسەر بۆ ئەو گرفتانە بدۆزرێتەوە بە تایبەتی ئێستا گرفتی ئێمە ئاو و نرخی سوتەمەنیە دەبێت چارەسەر بكرێت."


هاوڵاتیان داوای ئەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە چاودێریەكی چڕیشی بەسەر بازاڕەوە هەبێت بۆ ئەوەی هیچ بازرگان و كەسێك قورخكاری لە پێداویستیەكانی ڕۆژانەی خەڵكیدا نەكات.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی ئەحمەد زێباری