سەدر دۆخی چەقبەستویی عێراقی شڵەقاندەوە

دەست لە کارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانین و خاوەنی 73 کورسین، دۆخی چەقبەستوویی عێراقی شڵەقاندەوە و داهاتووی عێراقی خستووەتە بەردەم چەندین سیناریۆی جیاواز.

هەرچەندە لایەنە ڕکابەرەکانی ڕەوتی سەدر چاویان لەسەر دابەشکردنی میراتی ڕەوتی سەدر و بەش بەشکردنی کورسیەکانیەتی، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت سەدر تەماشاکەر بێت، بەڵکو چاوەڕوانی هەنگاوی تری بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یاخود وروژاندنی شەقامی عێراقی و ئاڵۆزکردنی دۆخەکەی لێدەکرێت.

بەپێی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئامانجی دەست لە کارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر، شڵەقاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بووە، لە کاتێکدا ڕکابەرەکانی باس لە پڕکردنەوەی کورسیەکانی دەکەن لە نێو پەرلەمان دا، پێناچێت ئەمەش لەلایەن سەدرەوە قەبوڵکراو بێت.

ئيسماعيل حەدیدی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق و کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر دەستیان لە کارکێشایەوە، چونکە ئەوان دژی تەوافق بوون، ڕەنگە بیانەوێ لە دەرەوەی پەرلەمان ببنە ئۆپۆزسیۆن."

گوتیشی"سەدر بە لەناو حکومەت و پەرلەمان غایب بێت، بەڵام لەناو شەقامی عێراق قورساییەکی گەورەی هەیە."

دوای دەست لە کارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر، عێراق کەوتووەتە بەردەم چەند سیناریۆیەکی جیاواز، کشانەوەی هاوپەیمانەکانی سەدر لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، یاخود وروژاندنی شەقام و تێکدانی هاوکێشە سیاسیەکان لە ڕکابەرەکانی.

سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕەوتی سەدر بە دەنگی ئەمەریکای گوت"ئێمە لە پەرلەمان کشاینەوە، با لایەنەکانی تر حکومەت پێکبهێنن، گەر توانیان ئەو کارە بکەن، ئەوکات دۆخەکە دەبینرێت."

دەست لە کارکێشانەوەی ڕەوتی سەدر لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراو بەشێک لە چاودێران پێیانوایە حەلبوسی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دا نیە، بەڵام هەندێک سەرچاوە پێیانوایە سەدر چاوی لەسەر کشانەوەی هاوپەیمانەکەیەتی و بۆ ئەو مەبەستەش گفتووگۆی لەگەڵ کردوون، گەرچی حەلبوسی بە ڕوونی باسی لە پڕکردنەوەی کورسیەکانی ڕەوتی سەدر کرد.

محەمەد حەلبوسی لە ئوردنەوە و دوای دەست لە کارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر، ڕایگەیاند"بەمزوانە دۆخی چەقبەستویی سیاسی لە عێراق کۆتایی دێت."

سەرجەم هەوڵەکان بۆ ڕازیکردنی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی تەوافقی شکستیان هێنا و سەدر پێداگیربوو لەسەر پێکهێنانی حکومەت بەبێ لایەنە شیعە ڕکابەرەکانی، بۆیە بە دوور دەزانرێت سەدر دەستەوەستان بێت بەرامبەر پڕکردنەوەی کورسی پەرلەمانتارەکانی و پێکهێنانی حکومەت لەلایەن ڕکابەرەکانیەوە.

ئیسماعیل حەدیدی پێیوایە، دەست لە کارکێشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان، کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانین دۆخی عێراق ئاڵۆزدەکات، گوتی"ڕەوتی سەدر بێدەنگ دانانیشن، بێگومان شت دەکەن و دۆخی عێراقیش ئاڵۆزتر دەبێت."

کشانەوەی ڕەوتی سەدر خواستی لایەنە شیعە ڕکابەرەکانی نیە و ترسیان لە هەنگاوەکانی داهاتووی سەدرهەیە، بەو پێ یەی سەدر گەر ڕازیش بێت بەوەی ئەوان حکومەت پێکبهێنن، ئەوا لە دەرەوەی حکومەت و پەرلەمانەوە سەرێشەی گەورەیان بۆ دروست دەکات.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر