دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان جموجۆڵیان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێکردووە، دەیانەوێت عەرەبی سونە و پارتی دیموکراتیش لە حکومەت دا بەشداری پێبکەن، تا سەدر بە تەنها بهێڵنەوە.
هەرچەندە تا ئێستا موقتەدا سەدر بێدەنگە و لە جوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕکابەری دەڕوانێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت بێدەنگیەکەی زۆر درێژەی هەبێت، بۆیە بۆ قۆناغی داهاتوو، پێشبینی کێشمەکێشی سیاسی قورس دەکرێت.
جوڵە خێراکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئەگەری کاندیدکردنی نوری مالیکی نەیاری سەرسەختی موقتەدا سەدر، هێندەی تر سەدریەکان توڕەدەکات، هەرچەندە تا ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
ئەمین بەکر ڕاوێژکاری پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت بۆشایی سەدر بقۆزێتەوە و حکومەت پێکبهێنێت، لە پێکهێنانی حکومەتیش ناترسێت، سەدر ئەو گرەوەی کرد تا بزانێت لایەنەکان بێ ئەو دەتوانن حکومەت پێبکهێنن."
پێشتر ڕەوتی سەدر چەندین جار لە حکومەت کشاونەتەوە و دواتر گەڕاونەتەوە، بەڵام یەکەمجارە پەرلەمانی عێراق جێدەهێڵن، جوڵە سیاسی و فشارەکانیان دەبەنە دەرەوەی حکومەت و پەرلەمان، بۆیە چاوەڕوانی ململانێی قورس دەکرێت، بە تایبەت سەدر خاوەنی هێزێکی ئامادەی سەرشەقامە و هەرکات بیەوێت بە کاریان دەهێنێت.
بە بڕوای چاودێران، ئامانجی سەدر لە بەجێهێشتنی پەرلەمان، فشاردروستکردنە لە دەرە و ڕاکێشانی سەرنجی ڕای شەقامی عێراقیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ لای خۆی، بە تایبەت سەدر هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی تەمەنی حکومەتی داهاتوو کورت بێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە.
پێشبینیش دەکرێت، گەر کازمی لە پۆستەکەیدا بهێڵرێتەوە، لەو ڕێگەیەوە بتوانرێت تا ڕادەیەک سەدر هێوربکرێتەوە، چونکە کازمی تا ڕادەیەک خواستەکانی جێبەجێ دەکات، بەڵام کاندیدکردنی نوری مالیکی نەیاری، بە جۆرێک لە تەحەدا بۆ سەدر لێکدەدرێتەوە و هێندەی تر ناوبراو توڕە دەکات.
فازڵ مەواد ئەندامی دەوڵەتی یاسا جەختیکردووەتەوە"نوری مالیکی کاندیدی بەهێزی چوارچێوەی هەماهەنگی یە بۆ پێکهێنانی حکومەت."
کشانەوەی ڕەوتی سەدر و بەجێهێشتنی پەرلەمان بە تەواوەتی درزی خستنە نێو هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکەی لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە، بەو پێ یەی سەدر سەرباری بوونی لە نێو دەسەڵات، بەڵام هەمیشە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بوونی گێڕاوە، لە کاتێکدا عەرەبی سونە و پارتی دیموکرات نایانەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆن.
لە خێراترین کاردانەوەدا، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هاوپەیمانی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند"شوێنی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر پڕدەکەینەوە."
محەمەد حەلبوسی کە هاوپەیمانێتیەکەی لەگەڵ سەدر خستیە بەردەم توڕەیی هێزە شیعەکان، بۆیە بەڕای چاودێران دوای کشانەوەی سەدر لەو ڕێگەیەوە ویستی هەم پەیوەندیەکانی ئاسایی بکاتەوە، هەروەها خواستی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەستبەرداربوونیشی لەپۆستەکەی نیە، بەو پێ یەی جارێکی تر زەحمەتە بەدەستی بهێنێتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە دەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسەکانی کرد، هێشتا چاودێری دۆخەکە دەکەن و ئامادەنین ڕای خۆیان دەرببڕن، تا ئەوکاتەی پێش چاویان ڕوونتر دەبێتەوە.
بەڕای چاودێران، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پارتی و عەرەبی سونەش بەشداری لە حکومەت دا پێبکەن، تا سەدر بە تەنها بهێڵنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش نایەوێت لە پەرلەمان و حکومەتی داهاتووی عێراق بکشێتەوە و کورسی و نوێنەرایەتیەکان بۆ یەکێتی بەجێبهێڵێت، هەروەک خواستی ئەوەشی هەیە، دانوستانەکان بکاتە دەرفەتێک بۆ کەمکردنەوەی فشاری هێزە شیعەکان بۆ سەر هەولێر.
ئەمین بەکر ڕاوێژکاری پەرلەمان، گوتی"پارتی و عەرەبی سونە چاوەڕێن، ڕەنگە بچنە دانوستانەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت."
ئەمین بەکر پێشیوایە سەدر لەم قۆناغەدا بێ دەنگی هەڵدەبژێرێت، بەڵام بۆ قۆناغی داهاتوو بە دوای بیانوودادەگەڕێت، گوتی"بیانووی نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزاری و لەم ڕێگەیەوە خەڵک دەهێنێتە سەر شەقام."
موقتەدا سەدر پێشتر وەکو کەسایەتیەکی سیاسی و ئاینی دوودڵ و ڕاڕا ناوی دەرکردبوو، بەو پێیەی زۆرجار لە هەڵوێستەکانی پاشەکشەی دەکرد، بەڵام ئەمجارە تا ساتی کشانەوەی لە پەرلەمانی عێراق، حکومەتی تەوافقی ڕەتکردەوە و دەستبەرداری خواستی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە نەبوو.
Your browser doesn’t support HTML5