دەنگۆی جوڵاندنی هێز لەلایەن سوپای عێراق بۆ سنورەکانی هەرێم و هەوڵی دەست بەسەردا گرتنی کێڵگە نەوتیەکانی ناوچەی گوێر لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕەتدەکرێتەوە، بەرپرسانی پێشمەرگەش ڕەتیدەکەنەوە، لەو ناوچەیە خرابنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
شەوی ڕابردوو، حەمید موسەوی پەرلەمانتاری پێشووی هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، دوای هێرشکردنە سەر پارتی دیموکرات و هاوپەیمانێتی سەروەری عەرەبی سونە، جەختیشی لە ناردنی 6 لیوا لە سوپای عێراق بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێم کردەوە.
بەپێی قسەی چەند سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ دەنگی ئەمەریکا، هیچ هێزێکی تازە لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕەوانەی ناوچەی گوێر و مەخمور نەکراوە، ڕەتیشیانکردەوە هێزەکانی پێشمەرگە خرابێتنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
لای خۆیەوە عەمید ناسر ئەحمەد بڕیاردەری لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"دەنگۆی ناردنی 6 لیوا سەربازی عێراقی بۆ سنورەکانی هەرێم و جوڵە پێکردنی هێزی پێشمەرگە ڕاست نیە."
هەواڵی ناردنی هێز لەلایەن عێراقەوە بۆ سنورەکانی هەرێم و نزیک لە کێڵگە نەوتیەکان ناوبەناو لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە، ئەمەش دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە پرۆسەی نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستوری ناوبرد، بەڵام سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە دەنگی ئەمەریکای گوت"بەغدا هەر نیازێکیشی هەبێت، ئێستا بەغدا پڕکێشەیە وئەو کارە بەرامبەر هەرێم لەم کاتەدا ناکات."
هەردوای قسەکانی پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، عەرەفات کەرەم بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی وەڵامی هەڕەشەکانی دایەوە و ڕایگەیاند"چۆن دەتوانین هاوپەیمانی ئەو جۆرە عەقڵیەتە بین."
گوتوشیەتی"سەرۆک بارزانی بە هەڕەشە، هێز و خۆڕاگری زیاتر دەکات."
دەنگۆی جوڵاندنی هێزی عێراق بۆ ناوچە سنوریەکانی هەرێم، دوای وەڵام و وەڵامکاریەکانی نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لەلایەک، هەروەها وەڵام و وەڵامکاری هەرێم و کۆمپانیای نەوتی باکور لەلایەکی تر دێت.
عەمید ناسر ئەحمەد ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا گوت"وەزعی عێراق لە ڕووی سیاسیەوە ئاڵۆزە، پڕوپاگەندەی ناردنی هێز، زیاتر بۆ ئاڵۆزتر کردنی دۆخەکەیە."
دەنگۆی ناردنی سوپای عێراق بۆ ناوچە سنوریەکانی هەرێم و کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە باس لە هەماهەنگی و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوانیان دەکەن.
Your browser doesn’t support HTML5