ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور سەرزەنشتی هێرشە ئاسمانیـیەکەی ڕۆژی چوارشەممەی سەر سنونێ دەکات

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ڕاگەیاندنێکی سەرۆکی شاندەکەی لە عێراق بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا سەرزەنشتی هێرشە ئاسمانیـیەکەی تورکیا دەکات ئەوەی بەیانی چوارشەممە کرایە سەر شوێنێک لە شارۆچکەی سنونێ و بووە هۆی کوژرانی منداڵێک و برینداربوونی 6 کەسی دیکەی سیڤیل.

ئیستەر ڤان دێر ڤۆردت ڕۆژی پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی"تیمی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور بریندارانی هێرشەکەی دوێنێی وەرگرت کە وەک باسدەکرێت بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی بووە بۆ سەر شارۆچکەی سنونێ لە شەنگال، عێراق."

سەرۆکی شاندی پزیشکانی بێ سنوور دەشڵێت"تیمی پزیشکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە نەخۆشخانەی گشتی سنونێ 7 برینداری وەرگرت کە برینەکانیان قورسبوون، لە نێویاندا منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ هەبوو، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی تیمە پزیشکیـیەکەمان، نەمانتوانی ژیانی منداڵەکە ڕزگاربکەین. بەڵام دۆخی 6 بریندارەکەی دیکە جێگیرە. 3 لە بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی گەورەتر. ئێمە سەرزەنشتی بەکارهێنانی توندوتیژی لە شوێنی دانیشتوان دەکەین وە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین هەموو کاتێک ڕێز بگرن لە ژیانی خەڵکی سیڤیل."


جێی ئاماژەیە سەرچاوەیەکی ئاسایشی کوردی بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی وت هێرشە ئاسمانیـیەکە باڵەخانەی ئەنجومەنی شارۆچکەکەی کردووەتە ئامانج، بەڵام سەرچاوەیەکی دیکە لە شارۆچکەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە فڕانس پرێسی وتووە بارەگای یەکینەکانی ئێزدی خان کراوەتە ئامانج.

تورکیا لای خۆیەوە دەڵێت تەنیا ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکاتە ئامانج.