دوای پەککەوتنی بۆ ماوەی سێ مانگ، جارێکی تر پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستی بە دانیشتنە ئاساییەکانی خۆی کردەوە، دانیشتنەکانیش وەک پەرلەمانتاران باسی لێوە دەکەن تایبەت کراون بە دۆخی ژیانی هاوڵاتیان و گرانی بازاڕ و بە تایبەتیش بەنزین.
دانیشتنەکانی پەرلەمان لە کاتێکدابوو، کە نرخی پێداویستییە خۆاکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە تایبەت ئارد و ڕۆن و پێداویستییەکانی دیکە، هەروەک نرخی بەنزینیش دۆلارێکی تێپەڕاندووە، ئەوەش جگە لە کێشەی دابینکردنی ئاو و کارەبای پێویست بۆ هاوڵاتیان.
ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە یەکگرتووی ئیسلامی پێی وایە "دانیشتنەکان ناتوانن گرفت و کێشە بنەڕەتیـیەکانی هاوڵاتیان چارەسەر بکەن و بڕیاری لێوە بدەن."
"ئەوەی گرفتی سەرەکی پەرلەمانە ئەو پێداویستی و گرفت و کێشانەی تایبەت بە هاوڵاتیانە، و کێشەی بنەڕەتی ژیانی خەڵکن وەک گرانبوونی نرخی کەلوپەل و گرانبوونی سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا، باس ناکرێن یان بڕیاری لێوە نادرێت لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا دوو وەزیر هاتنە پەرلەمان بۆ دوو بابەتی هەستیار وەزیری تەندروستی بۆ کەمی پێداویستی دەرمان و گرانی نرخەکەی، هەروەها وەزیری بازرگانی و ئابوری سەبارەت بە بەرزی نرخی بازاڕ و کەلوپەل بەڵام بە داخەوە تەنیا گفتوگۆبوو لە ئاست چاوەڕوانی خەڵک نەبوو کە دەبوو بڕیاری تەشریعی بدات."
ڕای ئەو پەرلەمانتارە وایە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان هیچ ئەنجامێکیان نابێت، دەڵێت "کۆبوونەوەکان هەر بۆ گفتوگۆن و لەسەر ئەمری واقع ژیانی خەڵک ناگۆڕن، دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لە هەماهەنگی تەواودا نین و بۆ ئەوەی گرفت و کێشەکانی خەڵک کەمبکەنەوە."
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە خولی بەهارەدا تائێستا شەش دانیشتنی ئەنجامداوە، لەکۆی ئەو دانیشتنانەش یەک دانیشتنیان تایبەت بووە بە گرانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەڵام دانیشتنەکە بە بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان بە داخراوی ئەنجامدرا و پەخشی ڕاستەوخۆی دانیشتنەکە ڕاگیرا.
بەهمەن کاکە عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، دۆخی هاوڵاتی بەدەست پەرلەمان نییە کە گۆڕانکاری بەسەردابێت، بەڵکو بە دەست حکومەتە.
" دۆخی هاوڵاتی بە دەست پەرلەمان نییە کە گۆڕانکاریی بەسەردابێت، بەڵکو بە دەست حکومەتە، ئیشی پەرلەمان ئەوە نییە بچێت لە گومرگ بووەستێت و داهات زیادبکات و نرخی بازاڕ داببەزێنێت، ئەمە کاری حکومەتە، بەرزبوونەوەی شت هەندێکی هەیە لەسەر ئاستی جیهان گران بووە، هەندێک شتیش لە دەسەڵاتی حکومەتدا هەیە، ئێمە بەدواداچوونمان کردووە و نرخی دابەزیوە، دوێنێ بازرگانێک پێی وتم جاران بازاڕ بووەستایە نرخ دادەبەزی، ئێستا بازاڕ وەستاوە و نرخ بەرزبووەتەوە."
هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە کە خاوەنی ١٢ کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە و لایەنی سێیەمی پێکهێنەری کابینەی پێنجی حکومەتی هەرێمیشە، پێیان وایە "ئەگەر ئیرادەیەکی جددیی هەبێت و هەماهەنگی لە نێوان حکومەت و پەرلەمان هەبێت، دەکرێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا بێت".
بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێم دەڵێت "ئێمە پێمان وایە ئەگەر ئیرادەیەکی جدی هەبێت وە هەماهەنگییەکی پتەو لە نێوان حکومەت و پەرلەمان هەبێت بەو یاداشت و ڕاسپاردانەی کە لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان پێشکەشی حکومەتی هەرێمی دەکەن، بێگومان کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک دەکات بەڵام ئەگەر کۆبونەوەکان تەنیا لە پێناو کۆبوونەوە بێت و کرداری لەگەڵ نەبێت بێگومان کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک نابێت و دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات."
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ژمارە ٩ی ئینستیتویتی پەی بۆ چاودێریی کاری پەرلەمان، کە مانگی ئایار بڵاوکرایەوە، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا کەمترین یاسا دەکراون و ئەو یاسانەشی دەرکراون کوالێتییان نزم بووە، هەروەک زۆرینەی یاساکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لایەنی جێبەجێکاریش گوێی لە بانگهێشت و داواکارییەکانی پەرلەمان نەگرتووە.
Your browser doesn’t support HTML5