بە ئامانجی کەمکردنەوەی بزوێنەرەکانی توندوتیژی و پشتیوانی لە ڕێکخراوە مەدەنیەکان بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەکانیاندا، بە پشتیوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (ئای ئۆ ئێم ) پڕۆژەیەک بۆ 24 ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و هەرێم بەڕێوەدەچێت، کە لە عێراقدا لە پارێزگاکانی بەغدا و موسڵ و لە هەرێم لە پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت، هاوکات پشتیوانی مادی ڕێکخراوەکان دەکرێت و پڕۆژەکانیشیان لەو بوارانەدا لێ وەردەگیرێت.
ڕێناس عەلی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە پڕۆژەکەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنیەکان دەکرێتەوە و ئەو ڕێکخراوانەی کە دەستنیشان کراون شەش ڕێکخراویان پشتیوانی دارایی دەکرێت، لە هەنگاوی یەکەمدا پڕۆپۆزەڵەکان وەرگیراون و کۆمان کردوونەتەوە بۆ بەرەو پێشبردنی تواناکانیان."
بەشێک لە ڕێکخراوەکان نایشارنەوە کە دژایەتی گەورەیان دەکرێت بە تایبەت ئەوانەی کە پەیامی گۆڕانکاریان بەرزکردۆتەوە، ئارام محەمەد بەڕێوەبەری پڕۆگرام لە ڕێکخراوی پی دی ئۆ لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ڕێکخراوەکان کار لەسەر هێشتنەوەی کەرامەتی مرۆڤ دەکەن، لە ئێستادا شەپۆلێکی گەورە لە دژایەتی ڕێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئارادایە، ئەم پشتیوانیانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان گرنگن."
هێرۆ وەکیل سەرپەرشتیاری بەشی ژنان لە ڕێکخراوی نوێ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " پڕۆژەکان پێشکەش کراون و شەش ڕێکخراو پڕۆژەکانیان پەسەند دەکرێت و مەرج ئەوەیە کە لە هەڵەبجە پڕۆژەکە جێ بەجێ بکرێت، ئێمە پڕۆژەکەمان لە بواری ژناندا و خزمەتکردنە بە ژنان."
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ تا ئێستا بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار پڕۆژە و پشتیوانی لە پڕۆژەکان بە بەشداری ڕێکخراو، دەستی کا،, خەڵکی خانەخوێ و ئاوارە لە هەڵەبجە ئەنجامداوە و یەکێک لە پشتیوانە گرنگەکانی پارێزگای هەڵەبجەیە.
Your browser doesn’t support HTML5