چاودێرێکی مافەکانی مرۆڤ لە تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوو دا، لانیکەم گیان لەدەستدانی 116 هاوڵاتی و برینداربوونی 145 هاوڵاتی تر، لەناوچە سنوریەکانی هەرێم و بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە لەلایەن ڕێکخراوەکەیانەوە دیکۆمێنت کراوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کامەران عوسمان چاودێری مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، دەڵێت"لە ساڵی 2007 ەوە تا ئێستا، 148 گوند بەتەواوەتی چۆڵکراون، 600 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، واتە گوند هەبووە 50 ماڵی تێدابووە، ئێستا دوو ماڵی تێدا ماوە، بۆ نموونە گوندی زانکێ پێشتر 18 ماڵی تێدابوو، ئێستا یەک ماڵی تێداماوە."
گوتیشی"ئەو گوندانەی خەریکە چۆڵی دەکەن بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە، تێیاندایە 15 بۆ 20کم لە ناوچە سنوریەکانەوە دوورە."
بەپێی وتەی چاودێرەکەی مافی مرۆڤ لە تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، لە مانگی ئابی ساڵی 2015 ەوە تا ئێستا، لەوکاتەوەی کە تورکیا درۆنی بەکارهێناوە، لانیکەم گیان لەدەستدانی 116 هاوڵاتی و برینداربوونی 145 هاوڵاتی تر لەلایەن ڕێکخراوەکەیانەوە دیکۆمێنت کراوە.
کامەران عوسمان زیانە گیانیەکانی سێ ڕۆژی ڕابردووی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکراکرد، وتی"تەنها لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، هاوڵاتیەک گیانی لەدەستداوە و 13 هاوڵاتی تریش برینداربوون."
کامەران عوسمان چاودێری مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ئاشکراشیکرد، لە ساڵی 2007 ەوە تا ئێستا، یەک ملێۆن و هەشت سەد هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە سوتاوە، هەروەها دووهەزار و پێنج سەد ئاژەڵی کێویش کوژراون و سوتاون.
بیانووی تورکیا بۆ موشەک بارانکردن و لەشکرکێشیکردنە سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێم، بوونی چەکدارانی پەکەکەیە لەو ناوچانە، کە ماوەی چەندین ساڵە شەڕی نێوانیان بەردەوامی هەیە.
Your browser doesn’t support HTML5