نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر کوژرانی فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بۆردوومانەکەی 17ی ئەم مانگەدا لە کەلار، بە فەرمی داوای ڕوونکردنەوەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
لەم وتووێژەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەڤین سوێد نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت فەرهاد شبلی بە فەرمی هاتووەتە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری تەندروستی.
دەڵێت "شەهید فەرهاد شبلی هەرێمی کوردستانی وەک وڵاتی خۆی تەماشاکردووە بۆیە هاتووەتە ئێرە، ماوەیەک لێرە بووە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، لەگەڵ ئەوەشدا سەردانی کەسوکار و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە لێرە، بە تایبەت لە کەلار، ئێمە ئەوە وەک مافێکی خۆمان دەبینین کە لێرە پەیوەندی دروست بکەین بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمە لە هیچ شوێنێکی جیهان قەدەغە نییە."
نوێنەرەکەی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا باس لەوەش دەکات، کە بە ئامانجکرتنی فەرهاد شبلی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان "کارێکی چاوەڕوان نەکراو بووە."
"لە شوێنێکی وەک کەلار، کە قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی هەرێمی فیدراڵ دروست بکەن، بێگومان بۆ ئێمە چاوەڕوان نەکراو بوو کە هێرشێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت، تەنانەت خەڵکی کەلاریش چاوەڕوانی هێرشێکی لەو شێوەیە نەبوون."
هەروەها داواش لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بۆردوومانەکانی حکومەتی تورکیا لە خاکی عێراق.
"پێویستە لە بەغدا و لە هەرێمی کوردستانیش هەڵوێست هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانە، چونکە ئەمە پێشێلکردنی سیادەی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە، وە کەلاریش شوێنێکی زۆر دوورە لە سنوری تورکیا، ئەمە جێی پرسیار و گومانە کە چۆن ئەو هێرشە لەوێ ئەنجامدراوە."
لە بارەی ئەوەی کە ئایا تا ئێستا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر کوژرانی فەرهاد شبلی ڕاگەیاندووە، ئەڤین سوێد ئەوەی خستەڕوو، کە بە فەرمی داوای ڕوونکردنەوەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
"ئێمە بە فەرمی داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکرێت و هۆکار و دەستەکانی پشتی ئاشکرابکرێن، بەڵام بەداخەوە لە ڕێگەی پەیوەندی شەخسییەوە هەندێک هەڵوێست هەبووە بۆ شەهیدبوونی فەرهاد شبلی، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هەتا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەم وەک پرسەنامە و هەمیشە وەک بەڵێندان بە لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی تاوانباران، هیچمان بۆ نەوتراوە."
سەرباری تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر بۆردوومانەکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە سنووری قەزای کەلار، کە تێیدا فەرهاد شبلی و 3 کەسی دیکە کوژران، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر ئەو هێرشە نەبووە.
Your browser doesn’t support HTML5