گەورەترین مانگرتنی کارمەندانی شەمەندەفەر لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت

کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەرەکانی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە دەستیانکرد بە گەورەترین مانگرتن لە سێ دەیەی ڕابردوودا، ئەمەش خەڵکی ئەو وڵاتە و گەشتیارانی ناچارکرد بە پێ یان بە پاسکیل و پاس بڕۆنە سەر کارەکانیان.

سەندیکای نیشتیمانی کرێکارانی بەشەکانی شەمەندەفەر و دەریایی و گواستنەوە
(RMT) دەڵێت مانگرتنەکان پێویستن لەبەرئەوەی مووچەی کارمەندان نەیتوانیوە لەگەڵ هەڵاوسانی بەریتانیادا کە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، بگونجێت.

گفتوگۆکان بۆ ڕێگریکردن لە وەستانی کارەکان ڕۆژی دووشەممە بێ ئەنجام بوون، ئەمەش واتە زیاتر لە 50 هەزار ئەندامی ئەو سەندیکایە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەم هەفتەیەدا ناڕۆنە سەر کار و کارەکەیان ئەنجام نادەن.
وێستگەکانی شەمەندەفەر و مێترۆی لەندەن کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە بەیانیاندا زۆر قەرەباڵغ دەبێت، ڕۆژی سێشەممە چۆڵ بوون یان تەنانەت قفڵیان لێدرابوو.

خەڵکی بەریتانیا ئاگادارکرانەوە کە بە درێژایی هەفتە گەشت نەکەن و بڕیارە دوو ڕۆژی دیکە مانگرتنەکان لە ڕۆژانی پێنجشەممە و شەممەدا بەردەوام بن.

لە لەندەن کۆمپانیاکانی تاکسی ڕایانگەیاند خواستەکان بۆ بەکارهێنانی تاکسی زیادی کردوە و هاوکاتیش ڕێگا سەرەکییەکانی ئەو شارە پڕ بوون لە پاس و ئۆتۆمبێل و پاسکیلسوارەکان.

سەرۆکوەزیران بۆریس جۆنسۆن لە وتارێکدا داوای لە "سەرۆکی سەندیکاکان کرد لەگەڵ تۆڕی شەمەندەفەر و کۆمپانیاکاندا دابنیشن بۆ ئەوەی گرێبەستێک ئەنجام بدەن و بگەنە ڕێککەوتنێک.

میک لینچ، سکرتێری گشتی سەندیکای نیشتیمانی کرێکارانی شەمەندەفەر و دەریایی و گواستنەوە، پێشنیارەکانی بەرزکردنەوەی مووچەی لە خوار هەڵاوسانەوە لەلایەن هەردوو بەڕێوەبەری بەشەکانی شەمەندەفەری سەرزەوی و ژێرزەمینی لەندەنەوە بە "قبوڵنەکراو" وەسف کردووە.

قوتابخانەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە هەزاران نەوجەوان کە دەبێت تاقیکردنەوەی نیشتیمانی ئەنجام بدەن، بەم هۆیەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت و ناتوانن ئامادە بن.

بەپێی ڕاپۆرتی RMT، ئەم مانگرتنانە گەورەترین مانگرتنی بەشەکانی گواستنەوەی بەریتانیایە لەوەتای ساڵی 1989ەوە.