سەرکۆ ئازاد: خەڵکی شارەزامان بانگکردووە بۆ زانینی کواڵتی بەنزینە 800 دینارییەکە

سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" پاڵپشتی دارایی دەکات تا نرخی یەک لیتر بەنزین داببەزێت بۆ(800) دینار، بەڵام باس لە خراپی و نزمی ئۆکتانی بەنزینەکە دەکرێت، سەرۆکۆ ئازاد بریاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشە، دەڵێت" ئێمه له‌ لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌کان به‌دواداچوونمان کردووه‌ بۆ کواڵتی ئەو بەنزینە (800) دینارییە، خه‌ڵکی پسپۆڕمان بانگ کردووه‌ بۆ تێست کردن و به‌دواداچوون، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایی بده‌ینه‌ هاوڵاتیان که‌ ئه‌م به‌نزینه‌ به‌ته‌واوه‌تی ده‌توانرێت به‌کاربهێنرێت و هیچ کێشه‌و گیروگرفتێکی نییه‌ بۆ هاوڵاتیان یاخود نا، ئه‌و پسپۆڕ و شارەزایانەی که‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کانن ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ یان ئه‌و تاقیگه‌یانه‌ی سه‌ر به‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانن دڵنیاییانداوه سەبارەت بە باشی کواڵتی ئەو بەنزینە،‌ به‌ڵام هه‌تا ئێستا له‌ تاقیگه‌کانی تری ناحکومیدا ئه‌نجامه‌که‌مان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌ چونکه‌ به‌ڕاستی لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتری ده‌وێت له‌سه‌ری، بە بڕوای سەرۆکۆ ئازاد نرخی بەنزین بەو شێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە، لەو ڕووەوە سەرۆکۆ ئازاد دەڵێت" به‌بڕوای ئێمه‌ نرخی به‌نزین له‌ 800 دیناردا جێگیر ده‌بێت و زیاتر دانابه‌زێت بۆ خوارتر که‌ پێویست بوو به‌ 690 دینار بێت. "

"سه‌ره‌تا گومان هه‌بوو "

لە سەرەتای قسەکانیدا سەرکۆ ئازاد، بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند" له‌ڕاستیدا ئێمه‌ سه‌ره‌تا گومان هه‌بوو له‌وه‌ی که‌ ئایا ئه‌م به‌نزینه‌ به‌ چ شێوازێک ده‌هێنرێت و به‌ چ شێوازێک به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، دواتر ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان کۆبوینەوە که‌ لایه‌نی فه‌رمی ئه‌م پرۆسه‌یه‌یه‌ باسیان له‌وه‌ کرد به‌شێوازێکی زانستی ئه‌م کاره‌ ده‌که‌ن، چونکه‌ له ‌پێشوتردا بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌نزینی موحه‌سه‌ن به‌نزینی نۆرماڵ له ‌گه‌ڵ مادده‌ی نه‌فتاو و به‌شێک له‌ مادده‌ی کیمیایی وه‌کو ئیسانۆڵ و میسانۆڵ تێکه‌ڵ ده‌کراو پێیان ده‌وت موحه‌سه‌ن ئه‌مه‌ له‌هیچ شوێنێکی دنیادا نییه‌ ته‌نها به‌نزینی نۆرمال و سۆپه‌ر هه‌یه،‌ به‌ڵام له ‌دوای به‌دواداچوونه‌کانمان که‌ خه‌ڵکانی پسپۆڕ له‌و بواره‌دا به‌دواداچوونیان کردووه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌کانی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌کانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هه‌ولێر و دهۆک باسیان له‌وه‌ کرد له ‌دوای تێست کردنی ئه‌م به‌نزینه‌ 800 دینارییه‌ گونجاوه‌ بۆ به‌کارهێنان، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ کواڵیتیه‌که‌ی زۆر زۆر جیاوازی هه‌یه‌ له ‌گه‌ڵ ئه‌و به‌نزینه‌ی که‌ به‌ بازرگانی ده‌هێنرێته ‌ناوه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌وه‌یان به‌ ستانده‌ردی جیهانییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌یان له‌خوارتره‌ له‌و ستانده‌ره‌. "

سەرکۆ ئازاد


"به‌بڕوای ئێمه‌ به‌وشێوازه‌ خراپ نییه‌ که‌ نه‌توانرێت به‌کاربهێنرێت "

ڕۆژی سێ شەممە (کەمال محەمەد) وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت لە وتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاند" بە مەبەستی دابەزینی نرخی بەنزین حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بۆ هەر لیترێک بەنزین بڕی 400 دیناری عێراقی پالپشتی دارایی تەرخان بکات، نرخی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت بە 800 دینار بفرۆشرێت، بۆ ئۆتۆمبێلی گشتی وەک (تاکسی و پاس و بارهەڵگر) بە 690 دینار بفرۆشرێت. "

بەڵام لە ئێستادا شۆفێران گللەیی خراپی کواڵتی بەنزینە (800) دینارییەکە دەکەن.

لای خۆشییەوە بڕیاردەرەکەی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی هەرێم دەڵێت" به ‌بڕوای ئێمه‌ به‌وشێوازه‌ خراپ نییه‌ که‌ نه‌توانرێت به‌کاربهێنرێت به‌پێی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌دواداچوونمان کردووه‌ و قسه‌مان کردووه،‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌کانی پارێزگاکاندا تێستیان کردووه‌ و ئه‌نجامی تێسته‌کانیشیان بۆ لیژنه‌ی ئێمه‌ ناردووه‌ و بڵاویشیان کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ گونجاوه‌ بۆ به‌کارهێنان، هەرچەندە له ‌دوای به‌کارهێنان هاوڵاتیان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ به‌شێکی زۆری ئه‌م به‌نزینه‌ ده‌بێت به‌ غاز و به‌شێکی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌مه‌ کاریگه‌ری کردۆته ‌سه‌ر ئوتۆمبێله‌کانیان و توشی کێشه‌ بوون، به‌ڵام ئێمه‌ له ‌چاودێریکردنی به‌رده‌وامداین بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌نجام به‌ڵام له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ گونجاوه‌. "

تۆ خۆت ئه‌و به‌نزینه‌ 800 دینارییه‌ به‌کارده‌هێنن بۆ ئوتۆمبێلی تایبه‌تی خۆتان؟

لە وەڵامدا سەرکۆ ئازاد وتی" من ئۆتۆمبێله‌که‌م گازه‌ من به‌نزین به‌کارناهێنم. "

بەڵام ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێله‌که‌ت به‌ به‌نزین کاربکات بۆخۆت به‌کاریده‌هێنن؟

وەڵامەکەی ئەو پەرلەمانتارە (سەرکۆ ئازاد) بەمجۆرەبوو" من باس له‌وه‌ ده‌که‌م ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیانه‌ دڵنیایی بده‌ن له‌لام ئاسایی ده‌بوو به‌کاریبهێنم، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بزانم هه‌ر خراپه‌ نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ک که‌ ئه‌وه‌نده‌ خراپ بێت ئۆتۆمبێله‌که‌م و ژیانم بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ به‌کاریناهێنم. "

"هۆکاری جیاوازی نرخی بەنزین "

دەربارەی هۆکاری جیاوازی نرخی بەنزین، (بەنزینی حکومی و بەنزینی بازرگانی)، بڕیاردەرەکەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان(سەرکۆ ئازاد) دەڵێت" دوو هۆکار هه‌یه،‌ یه‌که‌میان نه‌مانی ئه‌و متمانه‌یه‌ی که‌ هاوڵاتیان به‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌بووه‌، متمانه‌ی ته‌واویان نییه،‌ چونکه‌ به‌ڕاستی زۆرترین کێشه‌ی هه‌بووه‌ بۆ هاوڵاتیان و بۆ ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی ئۆتۆمبێلن، ئۆتۆمبێله‌کانیان توشی زیانێکی زۆر بووه،‌ ئه‌مه‌ نه‌بوونی متمانه‌یه‌ به‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی که‌ گونجاوه‌ بۆ به‌کارهێنان، دووه‌م له‌ڕووی بازرگانییه‌وه‌ ئه‌و به‌نزینخانانه‌ی که‌ پێش بڕیاره‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هاورده‌ کردووه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان و له‌ خه‌زانه‌کاندا دایانناوه‌ ئه‌مانه‌ چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن که‌ ئه‌م به‌نزینه‌یان به‌و نرخه‌ بفرۆشنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی زیان نه‌که‌ن هه‌تاوه‌کو ئه‌و به‌نزینه‌ بازرگانیه‌ له‌ به‌نزینخانه‌کاندا بمێنێته‌وه‌ به‌نزینخانه‌کان ئاماده‌ نیین به‌ 800 دینار بیفرۆشنه‌وه‌ ئه‌مه‌ ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌ هه‌م زۆر به‌ شه‌فافی کواڵتیه‌که‌ی ئاشکرا بکات، هەروەها ئه‌و به‌نزینخانانه‌ ناچار بکات که‌ به‌نزینه‌که‌ به‌نرخێکی که‌متر بدرێت به‌ هاوڵاتیان. "

" 800 دینار هەرزان نیە، ئه‌گه‌ر هه‌رزان بووایه‌، ده‌بووایه‌ به‌ 690 دینار بێت نه‌ک 800 دینار بێت "
سەرۆکۆ ئازاد نرخی بەنزینی بە(800) دینار بە گران ناوبرد و لەو ڕووەوە سەرۆکۆ وتی" له ‌ڕاستیدا ئه‌و نرخه (800) دینار ‌ نرخی هه‌رزان نییه‌ وه‌کو ده‌بینین حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دوو جۆر نرخی داناوه‌، سێهه‌م جۆریش بازرگانه‌کان ته‌حه‌کومی پێوه‌ ده‌که‌ن ئه‌وانه‌ی له‌بواری هێنانی به‌نزیندا کارده‌که‌ن یه‌که‌م، ئه‌وه‌یه‌ یه‌ک ملیۆن لیتر به‌نزین له‌ پاڵاوگه‌ی کاره‌وه‌ ده‌پاڵورێت که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕۆژانه‌ 22 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی بۆ دابین ده‌کات ئه‌مه‌ به‌ 690 دینار ده‌فرۆشرێت ئه‌گه‌ر هه‌رزان بووایه‌، ده‌بووایه‌ به‌ 690 دینار بێت نه‌ک 800 دینار بێت، دووه‌میان ئه‌وه‌ی نرخی 800 دیناره‌ به‌بڕوای ئێمه‌ کە هه‌رزان نییه‌ ئه‌مه‌ یه‌کێکی تره‌ له‌هۆکاره‌کان که‌ خه‌ڵک ده‌چێت سه‌ره‌ بۆ به‌نزینی 690 دیناره‌که‌ ده‌گرێت، کواڵتی و ئۆکتانیشی به‌رزتره‌ له‌و 800 دینارییه‌، سێهه‌م جۆر که‌ به‌نزین له‌ به‌نزینخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌فرۆشرێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ بازرگانه‌کان هێناویان له‌ڕێگه‌ی بازرگانیه‌وه‌ ده‌فرۆشرێن ئه‌مه‌ش دیسان نرخێکی به‌رزتری هه‌یه‌ به‌پێی بۆرسه‌ی جیهانی ده‌فرۆشرێت ئه‌مه‌ هۆکاره‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ناساقامگیریه‌ هه‌بێت و هه‌م نادڵنیایی هه‌بێت له‌بازاڕی به‌نزیندا. "

" به‌دواداچوونمان کردووه‌ له‌ لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌کان و خه‌ڵکی پسپۆڕمان بانگ کردووه‌ بۆ تێست کردن و به‌دواداچوون بۆ کواڵتی ئه‌م به‌نزینه‌ 800 دینارییە "
هه‌تا که‌ی ئه‌مه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ئایا به‌نیازن هه‌رزانتری بکه‌ن یاخود نا؟
سەرۆکۆ ئازادی بڕیاردەری لیژنەی سامانەسروشتییەکانی پەرلەمانی هەرێم ئەوەشی وت" به‌بڕوای ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌وه‌ وه‌رمانگرتوون ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ ڕۆژانه‌ پێداویستی هه‌رێمی کوردستان دابین بکه‌ن که‌ پێویستی به‌ 5 ملیۆن لیتر به‌نزینی نۆرماڵ هه‌یه‌ و یه‌ک ملیۆن لیتر سۆپه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی ئۆتۆمبێله‌کانیان مۆدێلیان به‌رزتره‌ ئه‌و به‌نزینه‌ به‌کارده‌هێنن پێشبینی ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌و 3 ملیۆن لیتره‌ی 800 دیناره‌که‌ی به‌رده‌وام بێت نه‌ک هه‌فتانه‌ بێت، به‌ڵکو ڕۆژانه‌ بیخاته‌ بازاڕه‌وه‌ له ‌گه‌ڵ ئه‌و ملیۆن لیتره‌ی که‌ 690 دیناره‌که‌ی پاڵاوگه‌ی کار ده‌یخاته‌ بازاڕه‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا خه‌ڵک به‌کاریده‌هێنێت و پێداویستیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان دابین ده‌کات بۆیه‌ نرخی به‌نزینه‌که‌ دێته‌ 800 دیناره‌که‌ و به‌کارهێنانیشی ده‌بێت، چونکه‌ ئێمه‌ به ‌دواداچوونمان کردووه‌ له‌ لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌کان و خه‌ڵکی پسپۆڕمان بانگ کردووه‌ بۆ تێست کردن و به‌دواداچوون بۆ کواڵتی ئه‌م به‌نزینه‌ 800 دینارییە، بۆئه‌وه‌ی دڵنیایی بده‌ینه‌ هاوڵاتیان که‌ ئه‌م به‌نزینه‌ به ‌ته‌واوه‌تی ده‌توانرێت به‌کاربهێنرێت و هیچ کێشه‌و گیروگرفتێکی نییه‌ بۆ هاوڵاتیان یاخود نا. "

سەبارەت بەوەی وەڵامی ئەو پسپۆڕانە چی بوون؟ لە وەڵامدا سەرکۆ ئازاد وتی" ئه‌وانه‌ی که‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کانن ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ یان ئه‌و تاقیگه‌یانه‌ی سه‌ر به‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانن دڵنیاییانداوه،‌ به‌ڵام هه‌تا ئێستا له‌ تاقیگه‌کانی تری ناحکومیدا ئه‌نجامه‌که‌مان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌ چونکه‌ به‌ڕاستی لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتری ده‌وێت له‌سه‌ری. "

بە بڕوای سەرۆکۆ ئازاد نرخی بەنزین بەو شێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە، لەو ڕووەوە سەرۆکۆ ئازاد دەڵێت" به‌بڕوای ئێمه‌ نرخی به‌نزین له‌ 800 دیناردا جێگیر ده‌بێت و زیاتر دانابه‌زێت بۆ خوارتر که‌ پێویست بوو به‌ 690 دینار بێت. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی قسەکانی سەرکۆ ئازاد لەم ڕاپۆرتەدا