هەرێم کەمال ئاغا باس لە کێشەکانی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراق دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت دەستوری عێراق ئەو مافە بە هەرێمەکانیش دەدات کە هەماهەنگیان هەبێت و بەشداربن لە پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت و بە بازاڕکردنی، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە دوای ساڵی 2003 وە، دەتوانن یاسای نەوت و گاز بەکاربهێنن بۆ ئـەو بابەتەی کە نە مەسەلەی ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بێت و نە قەبوڵکردن بێت، واتا لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازدا بێت.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە مەسەلەی نەوت، گاز و ئـەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" پێویستە لە ڕووی یاساییەوە لیژنەی پسپۆر و شارەزای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونێکی تەواو بکات، ئەوەی تریش کە فشار و هەڕەشەیە خەڵکی کوردستان بەشی ئـەوە ڕاهاتوون و ڕابڕدووش شاهیدی ئـەوە دەدات کە بە هەڕەشە و فشارخستن نابێت، یان ئەو گرووپانەی کە لە دەرەوەی یاسان و ئەوانەی کە هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ بیانوێک بە ئامانج دەگرن ئەمە بابەتێکە خەڵکی کوردستان زۆر لەوە گەورەترە بەڵام ئەوەی کە ئێمە مەبەستمانە خەڵکی کوردستان نەبێتە قوربانی ململانێی هەندێک بابەتی نادروست مەلەفی نەوت پێویستە چارەسەر بکرێت نابێت خەڵکی کوردستان چیتر قوربانی لە پێناویدا بدات وە ئەوەی کە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوو بەرامبەر نەوت هەڵەی تێدا بووە نا تەندروست و نا شەفاف بووە پێویستە چارەسەر بکرێت".

گوتیشی" بەیاننامەی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری ئەوە بووە کە چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان بە دیالوگ و بەتایبەتی مەسەلەی نەوت لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گاز بکرێت ئەمە هەواڵێکی باشبوو."

چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بکرێت و چ هەوڵێک دراوە کە چارەسەری پرسی نەوت وگاز بکرێت ؟

لەوبارەیەوە هەرێم کەمال دەڵێت " باشترین چارەسەر ئەوەیە کە شاندی پسپۆر و شارەزای حکومەتی هەرێم لە بواری مەلەفی نەوت و مەسەلەی دارایی و مەسەلەی هەماهەنگی کردن لەگەڵ بڕیارەکانی چوارچێوەی یاسای نەوت و گاز لە داهاتوودا دەتوانین چارەسەری گونجاو بدوزینەوە."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕاشیدەگەیەنێت کە بەیاننامەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری بوو بۆ چارەسەرێکی تەندروست لە ڕێگەی حکومەتێکی بەهێزی داهاتوو مەلەفی نەوت چارەسەر بکرێت و هەموو ئـەو مەلەفانەیشی کە هەن بەتایبەتی مەسەلەی داواکاریەکانی خەڵک و مەسەلەی بەسڕەیە هەر مەسەلەی هەرێمی کوردستان نییە، حکومەتێکی بەهێز دەتوانێت وەڵامدەرێکی تەندروست بێت بۆ مەسەلەی داگیرکردنی خاکی کوردستا و بە ئامانجگرتنی هاوپەیمانان، هێرشی ڕۆژانەی سەر کۆرمۆر، هەولێر و شوێنەکانی تر.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەبارەت بەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەکان بە گشتی پێی وابوو کە دەستێکی تێکدەر بۆ لەباربردنی ئاشتی و ڕێککەوتنەکان و تێکدانی نێوان کورد و بەغدایە، لە دەستی تێکدەر بترازێ هیچ لایەنێک نییە و بەیاننامەی حکومەت ولایەنەکان دژی ئەو کارانەن کە دەکرێن بۆیە ئەمە لایەنێکی تێکدەرە لە دەرەوەی یاسا پێویستە چارەسەر بکرێت ئـەمەش بە حکومەتێکی بەهێز چارەسەر دەکرێت بەو حکومەتەی ئێستا ناکرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی ئەحمەد زێباری