ڕووسیا 144 سەربازی ئۆکرانی ئازاد دەکات

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند 144 سەربازی وڵاتەکەی لە ڕێگەی "میکانیزمێکی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانەوە" لەلایەن ڕووسیاوە ئازادکراون. نزیکەی 100 سەرباز لەوانەی ئازادکراون بەشداریان کردووە لە بەرگریکردن لە شاری ماریوپۆڵ، شارە کەناراوییەکەی ئۆکرانیا.

پێشتر پەرلەمانتارێکی ناوداری ئۆکرانیا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو کە کیێڤ و مۆسکۆ لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندان و ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ کە بازرگانێکی ڕووسییە و پەیوەندی بە پوتنەوە هەیە، "ڕۆڵێکی چالاک" لە گفتوگۆکاندا دەگێڕێت.

دوای چەند کاتژمێرێک لە وتاری شەوانەدا بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەو پەرەسەندنەی بە "گەشبینانە و زۆر گرنگ" ناوبرد.

زێلێنسکی گوتی 59 لەو سەربازانەی گەڕاونەتەوە ئۆکرانیا ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی بوون، 30 سەرباز لەگەڵ هێزی دەریایی، 28 سەرباز کە لە سوپادا خزمەتیان کردووە، 17 سەرباز لەگەڵ پاسەوانی سنوور و 9 سەربازیش وەک سەربازی بەرگری میللی هەرێمەکە شەڕیان کردووە و یەکێکیان پۆلیسە.

لە پەخشی ئەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەڵێت، "بە تەمەنترین ئازادکراو 65 ساڵە، بچووکترینیان 19 ساڵە". زێلێنسکی وتیشی "بە تایبەتی 95 سەرباز کە بەرگریان کردبوو لە کارگەی ئازۆڤستاڵ دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان."

بەرگریکردن لە کارگەی پۆڵا ئازۆڤستاڵ لە ماریوپۆڵ وەک ململانێیەکی توندی تایبەت لە نێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە مانگی 3 تا مانگی 5 ی خایاندوو بووبە سومبولێکی بەرگری دیار. بەپێی ئامارێک کە لایەنی ڕووسیا بڵاوکراوەتەوە، بە ژمارەیەکی نادیار لە قوربانیانی لایەنی ئۆکرانیا و بە دیلگرتنی نزیکەی 2500 سەربازی ئۆکرانی لەلایەن ڕووسیاوە کۆتایی هات.

ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ خاوەنی یانەی تۆپی پێی ناوداری بەریتانی چێڵسی بوو. ناوبراو لە دوایین لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و دواتر ئەو سزایانەی کە بەریتانیا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا خستیانە سەر بازرگانانی ڕووسی کە پێیان وایە سوودیان لە پەیوەندییە نزیکەکانیان وەرگرتووە لەگەڵ حکومەتی ڕووسیا و پوتین.

ڕۆژی چوارشەممە زێلێنسکی لە کۆتایی وتاری شەوانەدا بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە فەراهەمکردنی گەڕانەوەی 144 چەکداری ئۆکرانی کە ڕووسیا بە دیل گرتبوونی.

هاوکات گوتیشی "سوپاسی هەواڵگری بەرگری ئۆکرانیا دەکەم و سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کاریان بۆ ئەم ئەنجامە کردووە. بەڵام با دواتر باسی ئەم بابەتە بکەین. ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی هەموو ژن و پیاوێکی ئۆکرانی بگەڕێنینەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان."

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ پێدەنێتە پێنجەمین مانگەوە، تا ئێستاکە ژماره‌ی وردی ئه‌و دیلانه‌ی کە له‌ لایه‌ن لایەنە بەشەڕهاتووەکانەوە‌ ده‌ستگیركراون بۆ رای گشتی ئاشكرا نه‌كراون‌. زانیارییەکی کەم هەیە لەسەر زۆر شت، بەتایبەتی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا یان وردەکاری شوێن و کاتی دەستگیرکردنەکانیان.