بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاشکرا دەکات فڕۆکەیەکی ئێرانی بەرەو هەولێر دەهات بەڵام لەبەر تەواونەکردنی ڕێکارە یاساییەکانی لە ئاسمانی عێراق گەڕاوەتەوە.
ئەحمەد وشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " فڕۆکەکە چەند ڕۆژ پێش ئێستا داواکاریەکیان پێشکەش بە ئێمە کرد کە لە (ئورمێ) وە بێتە هەولێر و سەرنشینی تێدابووە ئێمەش ئاگادارمان کردنەوە کە دەبێت بەشێوەیەکی فەرمی ئەو داواکاریە پێشکەش بکەن و ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکەن، نوێنەری خۆشیان دەست نیشان بکەن بەڵام ئەوان نەهاتن نە ڕێکارە یاساییەکانیان تەواوکرد و نە نوێنەری خۆشیان دەستنیشانکرد.
گوتیشی"ئەوان داوا دەکەن گەشتی نێوان هەولێر و ئورمێ دەست پێ بکەن ئێمەش ئاگادارمان کردنەوە کە دەبێت ڕێکاری یاسایی تەواو بکەن، بچنە هەر فڕۆکەخانەیەکی عێراقی دەبێت ئـەو رڕکارە یاساییانە تەواو بکەن."
سەبارەت بەوەی کەوا چین ئەو ڕێکارە یاساییانەی کە وەک بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی هەولێر ئاماژەی بۆ دەکات دەبێت بگیرێنە بەر، ئەحمەد وشیار بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی "دوێنێ ئاگادارمان کردنەوە کە دەبێت ئـەو ڕێکارانە بگرنەبەر، خزمەتگوزاری زەوی و خزمەتگوزاری ئوپەرەیشن هەیە کە دەبێت بێن لەگەڵ کۆمپانیاکان ڕێککەوتن بکەن سەبارەت بە کاتەکەی کە چ کاتێکە چونکە ئێمە کاتەکە لەگەڵ گەشتەکان ڕێکدەخەین، شەش ستاندەرمان هەیە بۆ ڕاگرتنی فڕۆکە ناتوانین حەوتەم فڕۆکە وەربگرین تا یەک نەڕوات، ڕێ و شوێنە یاساییەکان دەبێت یەکەم شت داواکاری خۆیان پێشکەش بکەن و دەبێت لەگەڵ ئەوان ڕێک بخرێن کە چ جۆرە فڕۆکەیەک دێنن و قەبارەکەی چەندە و پێویستی بە چ سیستەمێکە، دوایی نوێنەری خۆیی دەستنیشان دەکات هەموو ئیرلاینێک نوێنەری خۆی هەیە و ئێمە باجی بۆ دەکەین."
دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا ڕای یەکێک لە نوێنەرانی ئەو فرۆکەیەش وەربگرێت کە وەک دەگوترێت ڕێگە نەدراوە لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بنیشێت بەڵام بەردەست نەبوون.
Your browser doesn’t support HTML5