سینەماکاری ئێرانی جەعفەر پەناهی دەستگیردەکرێت

ئاژانسی هەواڵی مێهر ڕایگەیاند جەعفەر پەناهی سینەماكاری ڕەخنەگری ئێرانی كە خاوەنی چەندین خەڵاتە، ڕۆژی دووشەممە دەستبەسەر كراوە و ئەمەش سێهەم دەرهێنەرە کە لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا دەستبەسەر كراون.

پەناهی تەمەن 62 ساڵ لە ساڵی 2015 لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین خەڵاتی ورچی زێڕینی بەدەستهێناوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسە ئێرانییەکە، پەناهی لە کاتی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی سینەماکارێکی دیکە بە ناوی محەممەد ڕەسووڵۆف کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا دەستبەسەرکرابوو، چووەتە لای داواکاری گشتی و لەوێ دەستبەسەر کراوە.

پەناهی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە بۆ ئەو فیلمانەی کە ڕەخنەیان لە ئێرانی مۆدێرن گرتووە، لەوانە خەڵاتی سەرەکی لە بەرلین بۆ فیلمی "تاکسی" لە ساڵی 2015 و هەروەها خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە کان بۆ فیلمی "سێ ڕووخسار" لە ساڵی 2018دا.

دوابەدوای پشتگیریکردنی ناوبراو لە خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت لە ساڵی 2010دا، پەناهی دەستگیرکرا و دواتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستەم" تاوانبارکرا و سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. دواتر، بڕیاری قەدەغەکردنی دەرهێنان یان نووسینی فیلمی بەسەردا سەپێندرا.

لەو کاتەوە تاکو ئێستا، پەناهی گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەغەکراوە. بۆیە نەیتوانیوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی بەشداری بۆنە نێودەوڵەتییەکان بکات.

حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران ڕووبەڕووی ناڕەزایی گشتی بووەتەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە چەند مانگی ڕابردوودا ناڕەزایی لێکەوتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمەریکا و ئێران بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 و هەڵگرتنی گەمارۆکان وەستاوە.


سەرچاوە: فرانس پرێس