وێنەی تەلەسکۆپێک گەردوون 4.6 ملیار ساڵ پێش ئێستا نیشاندەدات

واشنتن، لە وێنەکەدا ئاسمانێکی تاریک دەردەکەوێت کە پڕە لە خاڵی ڕووناک کە لە ئەستێرە دەچن. ئەو خاڵانە هەموویان گالەکسی یاخود گەلەئەستێرەن و وێنەکەش بەشێکی بچووکی گەردوون نیشاندەدات کە 4.6 ملیار ساڵ پێش ئێستا چۆن بووە. واتا ئەوەی لە وێنەکەدا هەیە ئەمڕۆ هیچی وەکو خۆی نەماوە. وێنەکە لەلایەن تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانی جەیمس وێبەوە گیراوە کە مەزنترین داهێنانی مرۆڤایەتی بۆ سەیریکردنی بۆشایی ئاسمان.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وێنەکەی لە کۆشکی سپییەوە بڵاوکردەوە و ڕۆژی سێشەممە چوار وێنەی دیکەی بڵاوکرایەوە کە گەردوون لە سەردەمی جیاوازدا دەردەخات و نیشانی دەدات ئەم گالەکسیانە چۆن بەپێی کات گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە. یەکێک لەوێنەکان هەسارەیەکی نیشاندا کە تەنیا هەزار ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە.
جۆناسان مەکدۆوێل، مێژوونووسی بۆشایی ئاسمان لە سەنتەری هارڤارد-سمیتۆن بۆ فیزیای ئەستێرەیی بە CNN گوت، "هەریەک لەو خاڵە ڕووناکانە لە نێو وێنەکەدا گالەکسییەکی تەواوە کە ملیارێک ئەستێرەی تێدایە."

بایدن وێنەکەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "یەکەم وێنە لە تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانی وێبەوە نوێنەرایەتی ساتێکی مێژوویی دەکات بۆ زانست و تەکنەلۆژیا. بۆ فەلەکناسی و گەڕان بەدوای بۆشایی ئاسمان. وە بۆ ئەمەریکا و هەموو مرۆڤایەتی."

ئەم تەلەسکۆپە بە ناوی جەیمس وێبەوە ناونراوە، ئەو کەسەی کە لە ساڵانی شەستەکان سەرۆکی ڕێکخراوی ناسا بوو و سەرپەرشتی پرۆگرامی ئەپۆلۆی کرد کە بە سەرکەوتوویی یەکەم مرۆڤی ناردە سەر مانگ.

ئەم تەلەسکۆپە پرۆژەیەکی نێودەوڵەتییە و لەلایەن ناسا لەگەڵ هاوبەشەکانی دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا و دەزگای بۆشایی ئاسمانی کەنەداوە سەرپەرشتی دەکرێت.

دروستکراوە تا یارمەتیدەربێت بۆ وەڵام دانەوەی نهێنییەکانی ناو کۆمەڵەی خۆرمان، سەیرکردنی دونیاکانی چواردەوری ئەستێرەکانی دیکە و لێکۆڵینەوە لە نهێنییەکانی پێکهاتە و سەرچاوەی گەردوونمان و شوێنی ئێمە تێیدا.

ماکدۆوێڵ گوتی، " پێمان وایە گەردوون بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە. بە گەنجی دەستی پێکرد و وەک ئێمە، ئەویش پیر بوو. بە بەراوردکردنی داتا لەسەر ئەو گالەکسییانەی کە مێژوویان نزیکە لەگەڵ داتاکانی ئەم تەلەسکۆپە لەسەر گالەکسییەکان کە ماوەیەکی زۆر کۆنتر پێش ئێستا چۆن بوون، دەتوانین تێبگەین کە گەردوون چۆن پەرەی سەندووە، چۆن گۆڕاوە و چۆن بۆتە ئەم گەردوونە مۆدێرنە و ئێمەی دروستکردووە."

وێنەی گالەکسییەکە بە کامێرای ئینفرارێد Infrared (سەروو سوور) گیراوە. کامێرایئینفرارێد بە شێوەیەکی جیاواز کاردەکات لە جۆری ئاسایی کامێرا کە زۆربەی خەڵک بەکاری دەهێنن. بۆ دروستکردنی وێنەیەک پشت بە گەرمی دەبەستێت لە بری ڕووناکی. بۆ نموونە ئەگەر کامێرایەکی ئاساییت بۆ گرتنی وێنەی کەسێک لە ژوورێکی تاریکدا بەکاربهێنیت، ئەوا تەنیا کەسێکی ڕەش دەبینیت. بەڵام ئەگەر کامێرای ئینفرارێد بەکاربهێنیت ئەوا دەتوانیت ڕووخساری کەسەکە ببینیت چونکە گەرمی دەردەدا.

کامێرای ئینفرارێد ڕۆژانە لەسەر زەوی بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە لە چاویلکەی بینینی شەودا (دووربین لەیلی) بەکاردەهێنرێن، کە یارمەتی خەڵک دەدات لە تاریکیدا ببینن. هەروەها لە وێنە پزیشکییەکاندا بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی یارمەتی پزیشکەکان بدەن ناو جەستەی مرۆڤ ببینن.

گالەکسی چییە؟

گالەکسی، کە هەندێکجار بە کوردی پێیدەگەوترێت گەلەئەستێرە، سیستەمێکی بەستراوی کێشکردنە لە ئەستێرەکان و پاشماوەی ئەستێرەکان و گازی نێوان ئەستێرەکان و تۆز و ماددەی تاریک (dark matter). گالەکسی خۆمان، کە بە کوردی پێی دەڵێین کاکێشان (the Milky Way)، نزیکەی 100 ملیار ئەستێرەی تێدایە کە یەکێکیان ئەو خۆرەیە کە ڕۆژانە دەبیبینن و گەرمی و ڕووناکی پێویستمان بۆ دابین دەکات. گالەکسییەکان لە شێوە و قەبارەدا جیاوازن. لە گالەکسی قەزەمەوە، کە کەمتر لە ١٠ ملیۆن ئەستێرەیان هەیە، بۆ گالەکسییە زەبەلاحەکان کە زیاتر لە تریلیۆنێک ئەستێرەیان تێدایە.

مەبەستت چییە کاتێک دەڵێین 4.6 ساڵی ڕووناکی پێش ئێستا؟

ساڵی ڕووناکی بریتییە لە مەودایەک کە ڕووناکی دەتوانێت لە ساڵێکدا بیبڕێت. کەواتە 4.6ساڵی ڕووناکی لەمەوبەر بەو مانایە دێت کە ئێمە ڕووناکی ئەم گالەکسیانە دەبینین کاتێک 4.6 ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتوون. بۆ نموونە خۆر نزیکەی 8 خولەکی ڕووناکی لێمانەوە دوورەوە. واتە کاتێک سەیری خۆر دەکەین، خۆری هەشت خوولەک پێش ئێستا دەبینین.

تەلەسکۆپی وێب کە پڕۆژەیەکە نزیکەی 10 ملیار دۆلاری تێچووە، دەتوانێت ئەو تەنانە ببینێت کە زۆر لە خۆر دوورترن. لە مانگی یەکی ساڵی 2021بۆ بۆشایی ئاسمان نێردرا و نزیکەی ساڵێکی خایاند تا گەیشتە شوێنی ئێستای کە نزیکەی 930 هەزار میل (1.5 ملیۆن کیلۆمەتر) لە زەویەوە دوورە.