شێروان میرزا: بانکی ناوه‌ندی عێراق نیازی گۆڕینی نرخی دیناری بەرامبەر بە دۆلار نییه‌

شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی عێڕاق

نرخی یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیشدا ڕەوتی سەدر یەکێک لە بەڵێنەکانی ئەوەبوو بەرزکردنەوەی نرخی دینار بوو بەرامبەر بە دۆلار(گەڕانەوەی نرخی100 دۆلار بوو بۆ 120 هەزار دیناری عێراقی) تا ئێستاش ناوبەناو باس لەو گۆڕانکارییانە دەگرن، شێروان میرزا ئەندامی پێشوو لە لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" دابەزینی نرخی یۆرۆ کاریگه‌ریه‌کی ئیجابی ده‌بێت به‌سه‌ر بازاڕی عێراق و به‌سه‌ر هاورده‌ش بۆ بازرگانان ئه‌گه‌ر چاودێری بازاڕ به‌دروستی بکرێت ئه‌مه‌ دەبێته‌ دابه‌زاندنی هه‌ندێک له‌نرخی ئه‌و کاڵایانه‌ی که‌ له‌ ئه‌وروپاوه‌ هاورده‌ ده‌کرێت، هەروەها دەربارەی گەڕانەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بۆ 120 هەزار دیناری عێراقی، ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی کاروباری دارایی عێراق دەڵێت" به‌ڕای من ئه‌م به‌ڵێنانه‌ زیاتر شتی ڕاگه‌یاندنن بۆ هه‌ڵبژاردنن و بۆ ڕاکێشانی ڕای خه‌ڵکن ئه‌گه‌رنا گۆڕینی نرخی دینار به‌دۆلار دوای دیراسه‌یه‌کی زۆر وردی بانکی ناوه‌ندی عێراقی که‌ لێپرسراوه‌ له‌سیاسه‌تی نه‌قدی واته‌ ئیشی ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بانکی نێوده‌وڵه‌تی و له‌گه‌ڵ سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕیاره‌، بانکی ناوه‌ندی نیازی گۆڕینی نرخی دینار و دۆلاری نییه. "

" کاریگه‌ریه‌کی ئیجابی ده‌بێت به‌سه‌ر بازاڕی عێراق و به‌سه‌ر هاورده‌ش بۆ بازرگانان"
لە سەرەتای قسەکانیدا شێروان میرزا ڕایگەیاند" له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شی زۆری کاروباری بازرگانی له‌عێراقدا چ هاورده‌ هه‌نارده‌ش به‌شێکی، به‌ڵام هاورده‌ هه‌مووی به‌ دۆلاره‌ ته‌نانه‌ت له‌ئه‌وروپاش ئه‌گه‌ر به‌ یۆرۆش بێت دواجار لێره‌ به‌ دۆلار یۆرۆکه‌ ده‌کڕن واته‌ بازرگانان یۆرۆ لێره‌ به‌دۆلار ده‌کڕن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌نموونه‌ 100 دۆلار به‌رامبه‌ر 100 یۆرۆ بێت جاران 100 یۆرۆ 118-120 دۆلار به‌وشێوه‌یه‌ بوو بۆیه‌ ئه‌مه‌ کاریگه‌ریه‌کی ئیجابی ده‌بێت به‌سه‌ر بازاڕی عێراق و به‌سه‌ر هاورده‌ش بۆ بازرگانان، چونکه‌ به‌و دۆلاره‌ی که‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه‌ ده‌توانن یۆرۆیه‌کی زیاتر بکڕن له‌ ئه‌وروپاوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی به‌ یۆرۆ ده‌کرێت ده‌توانن شتی زیاتری پێبهێنن، وه‌ له‌وانه‌شه‌ ئه‌گه‌ر چاودێری بازاڕ به‌دروستی بکرێت ئه‌مه‌ ببێته‌ دابه‌زاندنی هه‌ندێک له‌نرخی ئه‌و کاڵایانه‌ی که‌ له‌ ئه‌وروپاوه‌ هاورده‌ ده‌کرێت."
شێروان میرزا زیاتر ڕونیکردەوە کە چۆن دابەزینی نرخی یۆرۆ بەرامبەر دۆلار کاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر عێراق و هەرێم لەو ڕووەوە شێروان وتی" له‌به‌رئه‌وه‌ی بازرگانان لێره‌ دۆلار ده‌کڕن ئه‌گه‌ر له‌به‌رامبه‌ر 100 دۆلار 100 یۆرۆیان ده‌ستبکه‌وێت باشتره‌ له‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر 100 یۆرۆ 118 دۆلار بده‌ن که‌واته‌ ئه‌مه‌ باشتره‌ بۆ بازرگانه‌کان به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و کاڵایانه‌ی که‌ له‌ئه‌وروپاوه‌ هاورده‌ی ده‌که‌ن و به‌ یۆرۆ ده‌یکڕن . "

" بانکی ناوه‌ندی نیازی گۆڕینی نرخی دینار و دۆلاری نییه‌ "

له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنە پێش وەختییەکەی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ڕابردوو، یه‌کێک له‌به‌ڵێنه‌کانی ڕه‌وتی سه‌در ئه‌وه‌ بوو که‌ نرخی دۆلار ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ نرخی ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر که‌ 120 هه‌زار دینار بوو له‌ئێستادا که‌ 148 هه‌زار دینار زیاتره،‌ به‌ڵام سه‌در له‌په‌رله‌مان کشایه‌وه‌ وه‌کو فشاری مه‌ده‌نی په‌رله‌مانی نه‌ماوه‌ به‌ڕای تۆ چاره‌نوسی نرخی دۆلار و دینار به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتر چی لێدێت ئایا سه‌در ده‌توانێت ئه‌و به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ بکات؟

دەربارەی ئەو بەڵێنە، ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی کاروباری دارایی پەرلەمانی عێراق وتی" جگه‌ له‌سه‌دریه‌کان هه‌ندێک له‌ کوتله‌کانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ڵێنی ئه‌وه‌یانداوه‌ که‌ دۆلار ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ دۆخی جارانی که‌ نزیکه‌ 118-120 هه‌زار دینار بوو بۆ 100 دۆلار، به‌ڵام به‌ڕای من ئه‌م به‌ڵێنانه‌ زیاتر شتی ڕاگه‌یاندنن بۆ هه‌ڵبژاردنن و بۆ ڕاکێشانی ڕای خه‌ڵکن ئه‌گه‌رنا گۆڕینی نرخی دینار به‌دۆلار دوای دیراسه‌یه‌کی زۆر وردی بانکی ناوه‌ندی عێراقی که‌ لێپرسراوه‌ له‌سیاسه‌تی نه‌قدی واته‌ ئیشی ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بانکی نێوده‌وڵه‌تی و له‌گه‌ڵ سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕیاره‌، ‌ئه‌مه‌ وایکرد که‌ له‌ڕاستیدا هه‌م دیناری عێراقی له‌ دابه‌زینێکی زۆر ڕزگار کرد هه‌م حکومه‌تی عێراقیشی له‌ قه‌یرانێکی دارایی زۆر گه‌وره‌ ڕزگار کرد به‌وه‌ی که‌ حکومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر فرۆشتنی نه‌وتدا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ده‌ستی ده‌که‌وت له‌جیاتی ئه‌وه‌ی 100دۆلار به‌ 118 هه‌زار بگۆڕێته‌وه‌ ئێستا به‌ 146 هه‌زار ده‌یگۆڕێته‌وه‌ ئه‌مه‌ واده‌کات عێراق داهاتی نه‌وتی 20% زیاتر بکات من وای بۆدەچم هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌م نزیکانه‌ له‌ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووشدا مه‌گه‌ر گۆڕانکارییه‌کی سیاسی گه‌وره‌ له‌ناوعێراقدا ڕووبدات ئه‌گه‌رنا بانکی ناوه‌ندی نیازی گۆڕینی نرخی دینار و دۆلاری نییه‌. "

" ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌ربگرێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ یۆرۆ به‌رزده‌بێته‌وه‌ "

شێروان میرزا دەشڵێت" بۆخۆی له‌هه‌موو دنیادا له‌به‌رده‌م گۆڕانکاری گه‌وره‌دایه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی ئابوری به‌دڵنیاییه‌وه‌ گۆڕانکاری له‌ئابوریدا ڕووبدات له‌ دنیادا کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابوری عێراقیش ده‌بێت، به‌ڵام به‌ پله‌ی یه‌که‌م ئابوری عێراق په‌یوه‌سته‌ به‌نرخی نه‌وته‌وه‌ هه‌تا نرخی نه‌وت به‌رز بێت دۆخی عێراق باش ده‌بێت و خراپ نابێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نرخی نه‌وت دابه‌زێت دۆخی دارایی عێراق خراپ ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی پشتبه‌ستنی ئابوری عێراق به‌ڕێژه‌ی 93% زیاتری له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وت و داهاتی نه‌وته‌. "

دەربارەی ئەوەی هه‌ندێک خه‌ڵک ده‌ستیانکردووه‌ به‌کڕینی یۆرۆ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن نرخی یۆرۆ جارێکی تر به‌رزبێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار ئایا ئه‌مه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان گونجاوه‌ به‌ڕای تۆ ؟

لە وەڵامدا شێروان میرزا وتی" دۆخه‌که‌ بازاڕێکی ناجێگیره‌ ناتوانین به‌دڵنیاییه‌وه‌ بڵێین پاش ماوه‌یه‌کی تر یۆرۆ به‌رزده‌بێته‌وه‌ یان به‌رز نابێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئابورییه‌که‌ ناجێگیره‌ و په‌یوه‌ندی به‌و قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ قوڵه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا له‌لایه‌ک و ڕووسیا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌لایه‌کی تره‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ شه‌ڕه‌که (شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا)‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی دراو و مه‌سه‌له‌ی بازرگانی جیهانی و ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ی خۆراک و هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ هه‌یه،‌ به‌ڵام پێشبینی وایه‌ پێموایه‌ ڕووسیاش ڕایگه‌یاندووه‌، که‌ به‌منزیکانه‌ شه‌ڕی ئۆکرانیا کۆتایی دێت له‌گه‌ڵ کۆتایهاتنی شه‌ڕی ئۆکرانیا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌ربگرێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ یۆرۆ به‌رزده‌بێته‌وه‌ چونکه‌ دۆخی ئه‌وروپا له‌و قه‌له‌قی-دوودڵیه‌ ده‌رده‌چێت و جۆرێک له‌ سه‌قامگیری وه‌رده‌گرێت و ئه‌وکات به‌دڵنیاییه‌وه‌ پاره‌که‌یان به‌رزده‌بێته‌وه‌. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی قسەکانی شێروان میرزا لەم وتووێژەدا