سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم: پلانمان بۆ داناوه‌ تا هەشت ساڵی تر ڕێژەی گەشتیاری بۆ هەرێمی کوردستان بگاتە 20 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا

هەورامان

ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان لەم گفتوگۆیەدا باس لە دۆخی گەشتیاری و شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم دەکات و دەڵێت" له‌ ساڵی 2020 که‌مترین ڕێژه‌ی گه‌شتیار ڕوویکردۆته‌ هه‌رێمی کوردستان به‌هۆی ئه‌و داخستنه‌ نێوده‌وڵه‌تیەی سەردەمی کۆرۆنا،‌ به‌ڵام له‌ساڵی 2021 چوار ملیۆن گه‌شتیار زیادیکردووه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ین به‌ 2019 پێش کۆرۆنا ڕێژه‌که‌ زیادیکردووه‌، ئێمه‌ ئێستا مه‌زه‌نده‌ ده‌که‌ین له ‌کۆتایی ئەمساڵدا زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن گه‌شتیار ڕووبکاته‌ هه‌رێمی کوردستان، که‌واته‌ ساڵانه‌ دوو ملیۆن گه‌شتیار زیاد ده‌بێت به‌و پێیه‌ بێت بۆ ساڵی 2023 ده‌بێت هه‌شت ملیۆن گه‌شتیار، له‌کۆتایی 2030 به‌پێی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ی که‌ ئێمە پلانمان بۆ دانناوه‌ ڕێژەی گەشتیاری بۆ هەرێمی کوردستان بگاتە 20 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا، دەشڵێت" جگە لە چەندین شوێنەواری مێژوویی و کلتوری هەرێمی کوردستان گۆڕی ده‌یان پێغه‌مبه‌ری ئایینه‌ جیاوازه‌کان له‌ کوردستاندا هه‌ن بۆیه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ر نوح ئێستا نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه‌. "

"تێبینی ئه‌وه ‌ده‌که‌ین هێشتا که‌رتی گه‌شتوگوزاریی له‌هه‌رێمی کوردستان له‌ئاستی ئه‌و خواست و ئامانجه‌دا نییه‌ که‌ ئێمه‌ کاری بۆده‌که‌ین "

لەسەرەتای قسەکانیدا سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان وتی" ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار پلانی په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاریمان خستۆته‌ به‌رنامه‌ی کاری خۆمانه‌وه‌، یه‌کێک له‌و هه‌نگاوانه‌ به‌هێزکردنی ژێرخانی گه‌شتوگوزارییه‌، هەروەها پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کانی تایبه‌ت به‌ گه‌شتیار له‌ڕووی حه‌وانه‌وه‌، له ‌ڕووی خۆراکیه‌وه‌ له‌ڕووی ڕێگه‌وبان و له‌ڕووی توانا مرۆییه‌کان و له‌ڕووی هه‌مه‌جۆرکردنی فۆڕمه‌کانی گه‌شتوگوزاریی، له‌ڕووی ئه‌وه‌ی که‌ ببێت به ‌یه‌کێک له‌سه‌رچاوه‌کانی داهات واته‌ هه‌مه‌چه‌شنکردنی سه‌رچاوه‌کانی داهات له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌رتی گه‌شتوگوزاریی یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی که‌ له‌کابینه‌ی نۆیه‌مدا جه‌ختی لێکراوه‌ته‌وه‌ و به ‌یه‌کێک له‌ سێکته‌ره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کان هه‌ژمار کراوه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌و ڕاپرسیانه‌ی کردوومانه‌ و له‌ئه‌نجامی ئه‌و توێژنه‌وه‌ و دراساتانه‌ی له‌ڕێگه‌ی زانکۆ و مامۆستایانی زانکۆکانه‌وه‌ یان له‌ڕێگه‌ی خوێندکارانه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ مه‌یدانه‌یانه‌ی خۆمان ڕۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌کان له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی قه‌زاکانمانه‌وه‌، ‌خۆم به‌ مه‌یدانی سه‌ردانی شوێنه‌کان ده‌که‌م تێبینی ئه‌وه ‌ده‌که‌ین هێشتا که‌رتی گه‌شتوگوزاریی له‌هه‌رێمی کوردستان له‌ئاستی ئه‌و خواسته‌دا نییه‌ یان له‌ئاستی ئه‌و ئامانجه‌دا نییه‌ که‌ ئێمه‌ کاری بۆده‌که‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌ هێشتا له‌ڕووی خزمه‌تگوزاری ڕێگه‌وبان و له‌ڕێی وشیاری تاک و وشیاری گه‌شتیار و کۆمه‌ڵ و وشیاری که‌رتی گه‌شتوگوزاریی خۆی به‌ گشتی له‌وه‌ی که‌ به‌های گه‌شتوگوزاریی له‌کوێدا ده‌بینێته‌وه‌، ‌چۆن ده‌توانێت ببێت به‌ به‌شێک له‌ سه‌رمایه‌ی نیشتیمانی و سه‌رمایه‌ی ئابوری کوردستان. "

" ئه‌و وێنای تاڤگه‌ جوانه‌ی زه‌ڵم له‌ ئه‌حمه‌دئاوا بینیمان ده‌به‌ی پلاستیک و فڕێدانی عه‌لاگه‌ و زۆرێک خۆڵ و خاشاک له‌ناو سه‌یرانگاکان و شوێنه ‌گه‌شتیارییه‌کان "
ئەمەل جەلال ئەوەشی وت" له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی جه‌ژندا من سه‌ردانی ناوچه‌ی سۆرانم کرد و دوێنێش له ‌ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان بووم، تێبینی ئه‌وه‌م کرد به‌ داخه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و خۆراکانه‌ی که‌ به‌کارهێنراوه‌ یان خواردراوه‌ ئه‌و وێنای تاڤگه‌ جوانه‌ی زه‌ڵم له‌ ئه‌حمه‌دئاوا بینیمان ده‌به‌ی پلاستیک و فڕێدانی عه‌لاگه‌ و زۆرێک خۆڵ و خاشاک له‌ناو سه‌یرانگاکان و شوێنه ‌گه‌شتیارییه‌کان ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت که‌ ئێمه‌ هێشتا به‌داخه‌وه‌ که‌رتی گه‌شتیاریی ئه‌و هۆشیارییه‌ گشتیه‌ی نییه‌ له‌وه‌ی که‌ چۆن بتوانیین ناوچه‌ی گه‌شتوگوزاری خۆمان به‌جوانترین شێوه‌ نمایش بکه‌ین و وێنا بکه‌ینه‌وه‌ له‌هه‌مانکاتدا هۆشیاری گه‌شتیارانی ده‌ره‌وه‌ی خۆشمان له‌و ئاسته‌دا نییه‌ و وه‌کو پێوێست نییه‌، بابه‌تێکی تری ئه‌وه‌یه‌ زۆرترین گه‌شتیار که‌ ڕووده‌که‌نه‌ کوردستان ڕووده‌که‌نه‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کانی وه‌کو ئه‌حمه‌دئاوا و ته‌وێڵه‌ و بیاره‌، بێخاڵ و جوندیان، گه‌لی عه‌لی به‌گ، شه‌قلاوه‌، زاخۆ، ناوچه‌کانی ڕانیه‌ و قه‌ڵادزێ بۆ به‌نداوه‌کانی دوکان و ده‌ربه‌ندیخان بۆ گه‌رمیان هه‌ندێک ناوچه‌ی سیروان و ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ هه‌یه‌تی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تێبینیمان کردووه‌ گه‌شتیار له‌ئێستادا زیاتر سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌و شه‌پۆلی گه‌رمایه‌ ڕووده‌کاته‌ ناوچه‌ فێنکه‌کان و له‌و شوێنانه‌ی تاڤگه‌ی لێیه. "

"هەرێمی کوردستان لە ‌ڕووی گه‌شتوگوزاری ئایینیه‌وه‌ ده‌یان گۆڕی پێغه‌مبه‌ره‌کانی تێدایه‌"
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان زیاتر وتی" ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ هه‌رچوار وه‌رزی ساڵ وه‌رزی گه‌شتیاریی بێت چونکه‌ کوردستان ناوچه‌یه‌کی گه‌شتیاری گه‌وره‌یه‌، وه‌ ڕه‌گه‌ز و بنه‌ماکانی گه‌شتیاریی له‌هه‌رێمی کوردستاندا په‌ره‌پێبده‌ین، بۆنموونه‌ گه‌شتوگوزاری ئایینی، گه‌شتوگوزاری سه‌رکه‌شی، گه‌شتوگوزاری چاره‌سه‌ریی، له ‌ڕووی گه‌شتوگوزاری ئایینیه‌وه‌ ده‌یان گۆڕی پێغه‌مبه‌ره‌کانی تێدایه‌ ده‌یان ئایین و ئاینزای تێدایه‌ له‌پلاندا ئه‌وه‌یه‌ هه‌ریه‌کێک له‌و ئاینانه‌ له‌نزیک په‌رستگاکانه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک ڕیستۆرانت و موزه‌خانه‌ و هۆڵی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت، وه‌ چالاکی تێدابێت و خه‌ڵکی ئایینه‌که‌ خۆی تێدا ببێته‌ ڕێبه‌ری گه‌شتیاریی و ببێته‌ فه‌رمانبه‌ر و ده‌ستی کاری بۆ زیادبکه‌ین له‌ڕووی شوێنه‌واره‌ دێرینه‌کانی کوردستانیشه‌وه‌ کوردستان به‌ناوبانگه‌ به‌چه‌ندین شوێنه‌واری گرنگ که‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌ر ئاستی دنیا زۆر ده‌گمه‌نن به‌نموونه‌ ئه‌شکه‌وتی شانه‌ده‌ر به‌نموونه‌ قه‌ڵای هه‌ولێر زۆرێک له‌ قه‌ڵاکانی تر ده‌یان شوێنی مێژووی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌وه‌یه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانیان بۆ ببه‌ین، ئێمه‌ له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا له‌سه‌ر چالاکی چاره‌سه‌ریی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی گفتوگۆمان کردووه‌ که‌ ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک ئاوی گه‌ڕاوی گه‌وره‌مان هه‌یه‌ چەند ڕۆژ لەمەوبەر من سه‌ردانی ئاوی گه‌ڕاوی خوڕماڵم کردووه‌ له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنانی کوردستان له‌دوو هه‌فته‌ی پێشوودا گفتوگۆمان کردووه‌ چیبکه‌ین بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ ناوچه‌یه‌کی گه‌شتیاریی گرنگ زۆرێک له‌م فۆڕمه‌ گه‌شتیاریانه‌ له‌ڕووی چالاکی گشتی و چالاکیه‌کانی تری هونه‌ری و ته‌ندروستی و خوێندنه‌وه‌ ده‌توانین هه‌روه‌ک چۆن وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان ده‌بینین ڕێبه‌ری گه‌شتیارییان هه‌یه‌ و توانیویانه‌ له‌ڕێگه‌ی کۆمپانیاکانی گه‌شتیاریی گروپی زۆری گه‌شتیاریی بۆ وڵاته‌که‌یان ڕابکێشن هه‌م خزمه‌تگوزارییه‌کان و هه‌م ئه‌ته‌کێتی پێشوازیکردن و پێشکه‌شکردنی خۆراک و خزمه‌تگوزارییه‌کان هه‌م هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی هه‌مه‌لایه‌نانه‌ واته‌ شۆفێرێکی تاکسی له‌گه‌ڵ کارمه‌ندێکی ده‌زگا ئه‌منییه‌کان له‌گه‌ڵ هاوڵاتیه‌کی سه‌رشه‌قام خاوه‌نکارێک و دوکاندارێک و بازاڕێک هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌رپرسن له‌ دروستکردنی متمانه‌ و ڕاکێشانی گه‌شتیار بۆ کوردستان هه‌موو ئه‌مانه‌مان کردووه‌ به‌ پلان ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشی و ده‌ستخۆشییه‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش پلانه‌که‌ی ئێمه‌ی په‌سه‌ندکرد ئێستا وه‌زاره‌ته‌کان ڕاسپێردراون که‌ به‌بێ گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ته‌واوی ئه‌م پلانه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌. "

" بەو پلانەی ئێمە دامانناوە تا هەسث ساڵی تر ڕێژەی گەشتیاری بۆ هەرێمی کوردستان بگاتە 20 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا"

سەرۆکی دەستەی گەشوتوگوزاری هەرێم ئەوەشی وت" به‌و پلانه‌ی ئێمه‌ دامانناوه‌ له‌ماوه‌ی هه‌شت ساڵی داهاتوودا، له‌ ساڵی 2020 که‌مترین ڕێژه‌ی گه‌شتیار ڕوویکردۆته‌ هه‌رێمی کوردستان به‌هۆی ئه‌و داخستنه‌ نێوده‌وڵه‌تیەی سەردەمی کۆرۆنا،‌ به‌ڵام له‌ساڵی 2021 چوار ملیۆن گه‌شتیار زیادیکردووه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ین به‌ 2019 پێش کۆرۆنا ڕێژه‌که‌ زیادیکردووه‌، ئێمه‌ ئێستا مه‌زه‌نده‌ ده‌که‌ین له ‌کۆتایی ساڵدا زیاترله‌ شه‌ش ملیۆن گه‌شتیار ڕووبکاته‌ هه‌رێمی کوردستان که‌واته‌ ساڵانه‌ دوو ملیۆن گه‌شتیار زیاد ده‌بێت به‌و پێیه‌ بێت بۆ ساڵی 2023 ده‌بێت هه‌شت ملیۆن گه‌شتیار، له‌کۆتایی 2030 به‌پێی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ی که‌ دامانناوه‌ نزیک ده‌بینه‌وه‌ له‌ 20 ملیۆن گه‌شتیار، به‌ڵام به‌و به‌رنامه‌یه‌ی که‌ ئێمه‌ دامانناوه‌ بۆیه‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌کان و هه‌مه‌جۆرکردنی که‌رتی گه‌شتوگوزار و به‌هێزکردنی ژێرخانی گه‌شتوگوزاریی و توانا مرۆییه‌کان و زیاتر ده‌ستی کاری کوردستانی و که‌مکردنه‌وه‌ یاخود کێبڕکێی نرخ له‌نێوان ئێمه‌ و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر هه‌تا گه‌شتیار بتوانێت سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکات، زۆرجار ئێمه‌ گله‌یی ئه‌وه‌مان لێده‌کرێت یان تێبینی ئه‌وه‌ ده‌کرێت ئۆتێله‌کانی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان هه‌ولێر له‌ تورکیا گرانتره‌ ئه‌مه‌ش واده‌کات که‌ گه‌شتیار سڵ بکاته‌وه‌ له‌هاتن بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین ئه‌م هه‌موو ڕه‌گه‌ز و بنه‌ما گرنگانه‌ی که‌ له ‌که‌رتی گه‌شتوگوزاریی هه‌یه‌ بیخه‌ینه‌ سه‌ر ڕێی شاڕێیی نه‌خشه‌ی جیهانی ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزار و به‌هێزکردنی ژێرخانی گه‌شتوگوزار. "

" له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ژینگه‌ لیژنه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ندمان دروستکردووه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ژینگه‌ و به‌ پاراستنی پاکوخاوێنی شوێنه‌کان "

دەربارەی پاکو خاوێنی شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاکان، ئەمەل جەلال وتی" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ژینگه‌ لیژنه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ندمان دروستکردووه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ژینگه‌ و به‌ پاراستنی پاکوخاوێنی شوێنه‌کان، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له ‌ڕێگه‌ی کۆمپانیاکانی کۆکردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاک کارده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی جێگه‌ی گازنده‌یه‌ و جێگه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان ڕووی تێده‌کرێت خۆڵ و خاشاکێکی زۆر کۆبۆته‌وه‌ ئه‌مڕۆ من به‌ڕاستی زۆر دڵگرانبووم له‌وه‌ی هه‌م له‌گه‌ڵ گه‌شتیاران گفتوگۆم کرد هه‌م له‌گه‌ڵ خاوه‌نکاره‌کان که‌ ده‌بێت له‌مه‌ودوا ئه‌و په‌ڕۆیانه‌ نابێت به‌کاربهێنن له‌ که‌پره‌کاندا، نابێت ئاسن و هه‌ندێک که‌ره‌سته‌ی پێچه‌وانه‌ی ژینگه‌ و سروشتی ناوچه‌کان به‌کاربهێنرێت له‌هه‌مانکاتیشدا دڵنیامانکردنه‌وه‌ سزای ئه‌و خاوه‌نکارانه‌ ده‌ده‌ین ئه‌گه‌ر ده‌وروبه‌ری خۆی پاک نه‌کاته‌وه‌ و سه‌تڵی خۆڵ و عه‌لاگه‌ی خۆڵ بۆ گه‌شتیاران دانه‌نێت ئه‌مانه‌ تیمه‌کانی ئێمه‌ چاودێری ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌مه‌ به‌ته‌نها به‌ ئێمه‌ ناکرێت، وه‌کو ده‌زانرێت هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یه‌کی فراوانی گه‌وره‌یه‌ ئێمه‌ش توانای مرۆیی و ئه‌و توانا ئابورییه‌ی له‌به‌رده‌ستماندایه‌ ناتوانین ئه‌و جوڵه‌ ڕۆژانه‌یه‌ بکه‌ین به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام بۆیه‌ له‌ئێستادا پێویست ده‌کات ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته‌وه‌ هه‌مان هه‌ڵگری ئه‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌ بن که‌ ئێمه‌ خه‌می لێده‌خۆین ئه‌وکاته‌ به‌ده‌سته‌جه‌معی ده‌توانین چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه‌ بکه‌ین . "

" چەندە داهات دێتە هەرێمی کوردستان بە هۆی گەشتیارییەوە؟ "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا چەندە داهات بە هۆی ئەو گەشتیارانەوە دێتە هەرێمی کوردستان، لە وەڵامدا سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان وتی" ئێمه‌ له‌هه‌رێمی کوردستاندا ناتوانن ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک باس بکه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نها به‌نزیکه‌یی ئه‌گه‌ر گه‌شتیارێک که‌مترین ڕێژه‌ حساب بکه‌ین 250 دۆلاری بۆ دابنێین، وه‌ به‌رزترین ڕێژه‌ش 1000 دۆلار دابنێن ده‌توانین مه‌زه‌نده‌ی داهاتێک بکه‌ین که‌ دێته‌ کوردستانه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی سیسته‌می بانکیمان نییه‌ و داتابه‌یسێکمان نییه‌ ناتوانین وه‌کو وڵاتانی تورکیا و ئیمارات و وڵاتانی تر ده‌ستنیشانی ئه‌وه‌ بکه‌ین ڕێژه‌ی داهاتی تاک ڕێژه‌ی داهاتی کوردستان له‌سه‌ر گه‌شتیار چه‌ند بووه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی که‌ له‌پلانی هه‌شت ساڵیه‌که‌ دامانناوه‌ ئه‌و سیسته‌مانه‌ی که‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌ به‌داتاکردنێکی دروستی زانستی ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌ربکه‌ین ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار و وه‌زاره‌تی پلاندانان و وه‌زاره‌ته‌کانی تره‌وه‌. "

ڕاشیگەیاند" هێشتا به‌وردی ژماره‌مان لانیه‌ چه‌ند گه‌شتیار دێته‌ ناو هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌."

" به‌دڵنیاییه‌وه‌ گۆڕی ده‌یان پێغه‌مبه‌ری ئایینه‌ جیاوازه‌کان له‌ کوردستاندا هه‌ن بۆیه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ر نوح ئێستا نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه‌ "

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزا لە هەرێمی کوردستان زیاتر وتی" به‌دڵنیاییه‌وه‌ گۆڕی ده‌یان پێغه‌مبه‌ری ئایینه‌ جیاوازه‌کان له‌ کوردستاندا هه‌ن بۆیه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ر نوح ئێستا نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ ده‌یان په‌رستگامان هه‌یه‌ که‌ په‌رستگای گه‌وره‌ن بۆنموونه‌ گه‌وره‌ترین په‌رستگای له‌ناوچه‌ی شێخانه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ که‌مترین خزمه‌تگوزاری هه‌یه‌ واته‌ ئه‌گه‌ر گه‌شتیارێک بیه‌وێت سه‌ردانی په‌رستگای (لالش) بکات ئه‌گه‌ر له ‌تەنیشت په‌رستگاکه‌وه‌ هۆتێل و ڕیستۆرانت و هۆڵی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت و مۆزه‌خانه‌یه‌ک هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی که‌ جینۆسایدی ئه‌و ئایینه‌ و ئه‌و هاوڵاتیانه‌ بخاته‌ڕوو زۆرترین گه‌شتیار له‌ڕێگه‌ی حه‌جی ساڵانه‌یه‌نه‌وه‌ و زۆرترین مه‌راسیمی گه‌وره‌تر بگێڕن نه‌ک ته‌نها مه‌راسیمێکی ناوخۆیی بێت، ئێمه‌ ده‌توانین وه‌کو چۆن ئاینه‌کانی تر مه‌راسیمی خۆیان ده‌که‌ن به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ ئاینه‌کانی تری کوردستانیش هه‌مان شت بکرێت جگه‌ له‌ جووه‌کان و به‌هاییه‌کان و سائبه‌کان و ئێزیدیه‌کان و کاکه‌ییه‌کان و زه‌رده‌شتیه‌کان زۆرێک له‌ ئایینه‌کان له‌کوردستاندا هه‌ن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کانی کوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌بوونی نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و پێکهاته‌ی جیاواز له‌ کوردستاندا ئه‌مه‌ ئه‌و ناسنامه‌یه‌ که‌ کوردستان ناوبانگی پێ ده‌رکردووه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ستده‌گرین به‌وه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاریی پێویست وه‌کو دابه‌زاندنی هۆتێل و ڕیستۆرانت له‌وناوچانه‌ی که‌ نزیکن له‌و شوێنانه‌ کاتێک گه‌شتیار ده‌چێته‌ ئه‌و ئه‌شکه‌وتی (قه‌سقاپان) کاتێک گه‌شتیار ده‌چێته‌ ئه‌شکه‌وتی (شانه‌ده‌ر) پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر کۆشێکی بچوکی حه‌وانه‌وه‌ش بێت یان ڕیستۆرانتێکی بچوکیش بێت سارده‌مه‌نی و هه‌ندێک پێداویستی سه‌ره‌تایش بێت ده‌بێت له‌و شوێنانه‌ هه‌بێت، وه‌ ده‌بێت مۆزه‌خانه‌یه‌ک هه‌بێت که‌ وێنه‌کان بگوازێته‌وه‌ له‌زۆرێک له‌ وڵاتان به‌و پێیه‌ی کارم کردووه‌ زۆر سه‌ردانی وڵاتانم کردووه‌ کاتێک که‌ ده‌چیته‌ ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ هۆڵی هه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی
3D یه‌وه‌ فیلمه‌کان بۆ مناڵ و بۆ گه‌وره‌ نمایش ده‌کرێت ئێمه‌ هه‌تا ئێستا نه‌مانتوانیووه‌ ئه‌مه‌ ببێت به‌ به‌شێک له‌ چالاکی گه‌شتیاریی ئه‌م بابه‌تانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ گه‌لێک له‌ وه‌زاته‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌وانه‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌جیا، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ به‌جیا، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ هه‌ریه‌کێک له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و وه‌زاره‌ته‌کانی تر به‌رپرسیارن له‌گه‌ڵماندا هه‌تا بتوانین ئه‌مانه‌ی ئێمه‌ باسیده‌که‌ین بچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌. "

" زۆر ئاسانە ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌ستی نیشتیمانیمان به‌هێز بێت "
ئەمەل جەلال دەربارەی مارکێتینگ بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم دەڵێت" مارکێتینگ زۆر ئاسانە ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌ستی نیشتیمانیمان به‌هێز بێت، من له‌ماوه‌ی ساڵ و نیوێکدا چه‌ندین چالاکی گه‌وره‌مان ئه‌نجامداوه‌ ڕایه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگه‌مان دروستکردووه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی گرنگی گه‌شتوگوزار چیه‌ له‌هه‌مانکاتدا ئێستا کابینه‌ی نۆیه‌می حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌یه‌کێک له‌ سێکته‌ره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کان دایناوه‌، وه‌ وه‌زاته‌کانیش به‌رپرسیارن له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه‌، بابه‌تی مارکێتینگ، به‌داخه‌وه‌ بابه‌تێکی زۆر لاوازه‌ هه‌تا ئێستا بابه‌تی که‌سییه‌ بۆنموونه‌ کۆمپانیایه‌ک ڕیکلام بۆخۆی ده‌کات هۆتێلێک بۆخۆی ده‌کات، به‌ڵام به‌گشتی وه‌کو پاکێجێکی گه‌شتیاریی له‌ڕووی مارکێتینگه‌وه‌ پێویستی به‌ سپۆنسه‌ری گه‌وره‌ هه‌یه‌ ئێمه‌ ڕاوێژکارێکی نه‌مساویمان هێنابوو بۆئه‌وه‌ی ئه‌پده‌یتێک به‌ ماسته‌ر پلان و به‌ستراتیجیه‌تی ئێمه‌ بکاته‌وه‌ یه‌کێک له‌بابه‌ته‌کان مارکێتینگ بوو که‌ جه‌ختی له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ ناتوانرێت باس له‌ مارکێتینگ بکرێت، ئه‌گه‌ر سپۆنسه‌ری نه‌کرێت و پاڵپشتی ماددی نه‌کرێت بۆیه‌ ئێمه‌ له‌مکاتانه‌دا ئه‌مه‌مان نه‌کردووه‌ و ئه‌پلیکه‌یشنێکمان نییه‌ که‌ بتوانێت وه‌کو داتابه‌یس بێت، یه‌کێک له‌ پلانه‌کانه‌کانمان که‌ خستومانه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌وه‌یه‌ که‌ ناوه‌ندێکی زانیاری گه‌شتیاریی هه‌بێت له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ته‌واوی زانیارییه‌کانی په‌یوه‌ست به‌که‌رتی گه‌شتوگوزاریی له‌و ناوه‌نده‌دا هه‌بێت له‌ڕووی ماکێتینگه‌وه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ چالاکیه‌کانمان بۆنموونه‌ باسم له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریم کرد له ‌ڕێگه‌ی دراما و فیلمسازی و گۆرانی چالاکیه‌ شانۆییه‌کانه‌وه‌ چۆن بتوانین له‌و ناوچانه‌ بیکه‌ین له‌و ناوچانه‌ وێنه‌کان بگیرێت که‌ بتوانرێت ببێت به‌ به‌شێک له‌ مارکێتینگی کوردستان. "

وتیشی" ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک بڵاوکراوه‌و چاپه‌مه‌نیمان هه‌یه‌ ئه‌لبومێکی تایبه‌تیمان به‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کان هه‌یه‌ به‌ڵام که‌من یه‌کێک له‌ پلانه‌کانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاتێک گه‌شتیارێک دێته‌ کوردستان له‌ ئوتێله‌کان داده‌به‌زێت له‌هه‌ر ئوتێلێک کۆمه‌ڵێک کاغه‌ز هه‌یه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌خۆراکی ئه‌و وڵاته‌ و شوناسی ئه‌و وڵاته‌ کۆمه‌ڵێک زانیاریی له‌سه‌ر وڵاته‌که‌ هه‌یه‌ کاتێک گه‌شتیار چێک ئاوت ده‌کات هه‌موو ئه‌و شتانه‌ وه‌کو به‌ڵگه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌و شوێنه‌ هێشتا که‌رتی گه‌شتیاریی ئێمه‌ نه‌یتوانیووه‌ ببێت به‌ به‌شێک له‌ مارکێتینگ، له‌ ژووره‌کانی خۆی شوناس و مێژوو و شوێنه‌وار و نه‌خشه‌ی گه‌شتیاریی له‌ شوێنه‌کانی خۆیدا دابنێته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌و شتانه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ که‌رتی تایبه‌ت و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌پلانی ئه‌وه‌داین ئه‌مانه‌ به‌زوویی چاره‌سه‌ر بکرێت هه‌تا بتوانیین ئه‌و ئامانجه‌ی ده‌ستنیشانمان کردووه‌ به‌و ڕێژه‌یه‌ی که‌ پلانمان بۆی داناوه‌ ده‌بێت به‌و به‌رنامه‌یه‌ بگاته‌ ئه‌نجام. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم