میدیای فەرمی ئێران: ژمارەیەک ئاژاوەگێڕ لە شارەکانی نەغەدە و ورمێ دەستگیردەکرێن

دەریاچەی ورمێ لە ئێران

بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، پۆلیس ژمارەیەک پێشێلکاری ئاسایشیان دەستگیرکردووە لە کاتی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی سەبارەت بە کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەیەک لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران کە بە گەورەترین دەریاچە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرا.

ئاژانسی فەرمی ئێرنا ڕۆژی یەکشمە لە زاری ڕەحیم جیهانبەخش فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە کاردانەوەدا بەرامبەر بەم خۆپیشاندانە گوتوێتی " ژمارەیەک کەسی ئاژاوەگێڕ و دووڕوو دەستنیشانکراون و دەستگیرکراون هیچ مەبەستێکیان نەبوە تەنها تێکدانی موڵکی گشتی و ئاسایشی دانیشتوان نەبێت ".

ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ شەممە ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە "دەیان کەس لە شارەکانی نەغدە و ورمێ ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پشتگوێ خستنی دەسەڵات بۆ وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ".

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوان دروشمێکیان وتوەتەوە لەوانە "دەریاچەی ورمێ لە مردندایە، و (پەرلەمان) فەرمانی كوشتنی دەدات" و "دەریاچەی ورمێ تینووە".

ئاستی دەریاچەی ورمێ کە دەکەوێتە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان شارەکانی تەورێز و ورمێ، لە ساڵی 1995ـەوە کەمیکردوە، دوای ئەوەی بە یەکێک لە گەورەترین دەریاچەی سوێرەکان لە جیهاندا هەژمار دەکرا.

وشکبوونەوەی دەریاچەکە یەکێک بوو لە گەورەترین کارەساتە ژینگەییەکانی ناوچەکە لە ماوەی کۆتایی چارەکە سەدەدا بەهۆی پشتگوێخستنی مرۆڤ و گۆڕانکاریی کەشوهەوا.

جێی باسە ئاوی 13 ڕووبار دەڕژێتە ناو دەریاچەکە، کە ناوچەیەکی شێدارە و گرنگی نێودەوڵەتی هەیە بەپێی ڕێککەوتننامەی ڕامسار سەبارەت بە ناوچە شێدارەکان کە لە ساڵی 1971 دا بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.

له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئێران به تایبه‌ت له ناوەڕاست و باشووری رۆژئاوا له به‌رامبه‌ر كه‌مبوونی ئاو و وشكه‌ساڵیدا خۆپیشاندانی ناڕه‌زایەتی ئەنجامدراوە.