توێژینەوەیەکی نوێ دەردەخات لەدەستدانی ئێسک لە واڵاییدا لەوانەیە هەمیشەیی بێت

بنکەی ئاسمانی نێونەتەوەیی

توێژینەوەیەکی نوێ سەبارەت بە لەدەستدانی ئێسک لە ئاسمانگەڕاندا زانیاری گرنگ لەبارەی کاریگەرییەکانی گەشتی واڵایی لەسەر جەستەی مرۆڤ دەخاتە ڕوو.

توێژینەوەکە دەتوانێت یارمەتی دەزگاکانی واڵایی بدات لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە زیانبەخشەکان لەسەر ئاسمانگەڕان لە گەشتەکانی داهاتووی واڵاییدا.

توێژینەوەکانی ئەم دواییە داتا و ئاماری نوێیان لەسەر لەدەستدانی ئێسک لە ١٧ فڕۆکەوان کۆکردۆتەوە کە لە وێستگەی ئاسمانی نێونەتەویی کاریان کردووە.

14 ئاسمانگەڕی پیاو و سێ ئافرەتی تێدابوو. مامناوەندی تەمەنیان ٤٧ ساڵ بووە.

توێژینەوەکە تەماشی لەدەستدانی ئێسک کردووە بەهۆی بارودۆخی کێشی بچووکەوە، یان هێزی کێشکردنی زۆر لاواز، لە واڵاییدا دروست دەبێت. هەروەها لێکۆڵینەوەی لەوە کردووە چۆن دەتوانرێت چڕی کانزاکانی ئێسک بگەڕێتەوە لەسەر زەوی. ئەرکەکانی ئەو ئاسمانگەڕانە بە تێکڕا نزیکەی پێنج مانگ و نیو بوە.

دوای ساڵێک لە گەڕانەوەیان بۆ سەر زەوی، ئاسمانگەڕان چڕی کانزاکان لە ئێسکی قوولدا کە ئێسکێکە لە قاچدا بە ڕێژەی ٢.١% کەمبۆتەوە. هەروەها بە تێکڕا لەسەدا ١.٣ کەمبوونەوەی هێزیان هەبووە. ٩ کەس تووشی لەدەستدانی هەمیشەیی بوون، دوای فڕین لە واڵاییدا چڕی کانزای ئێسکیان بە تەواوی نەگەڕاوەتەوە.

لی گابێڵ لە زانکۆی کالگاری نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە لەم دواییانەدا لە ڕۆژنامەی Scientific Reports بڵاوکرایەوە.

گابێڵ وتی ئەوەی نوێیە لەم توێژینەوەیەدا "ئەوەیە ئێمە بۆ ماوەی ساڵێک بەدواداچوونمان بۆ ئاسمانگەڕان کردووە دوای گەشتەکەیان بۆ واڵایی بۆ ئەوەی تێبگەین ئایا ئێسک چاک دەبێتەوە و چۆن چاک دەبێتەوە؟".

گابێڵ ئاماژەی بەوەدا ئاسمانگەڕان لە ماوەی شەش مانگی گەشتەکەیان بۆ واڵایی تووشی لەدەستدانی ئێسک بوون کە مرۆڤ چاوەڕێی ئەوە دەکات لە کەسانی بەتەمەندا لە ماوەی ٢٠ ساڵدا لەسەر زەوی لایان رووبدات.

باسی لەوەش کردووە، ئەم ئاسمانگەڕانە " لە دوای ساڵێک گەڕانەوەیان بۆ سەر زەوی تەنها لەنزیکەی نیوەی ئەو لەدەستدانی ئێسکە چاکبوونەتەوە ".

لەدەستدانی ئێسک هۆکاری ئەوەیە کە ئەو ئێسکانەی بەزۆری کێش لەسەر زەوی هەڵدەگرن لە واڵاییدا کێش هەڵناگرن. گابێل ڕوونیکردەوە، دەزگاکانی واڵایی پێویستیان بە دانانی پلانی باشتری وەرزشکردن و خواردن دەبێت بۆ یارمەتیدانی ڕێگریکردن لە لەدەستدانی ئێسک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کاتی گەشتەکانی واڵایی، پێکهاتەی ئێسکی وردی تەنک لە کۆتاییدا هەندێک لە ئێسکەکان لە یەکتر جیادەبنەوە".

گابێڵ دەڵێت ئەنجامەکەی ئەوەیە "کاتێک ئاسمانگەڕەکە دەگەڕێتەوە سەر زەوی، ئەو پەیوەندییە ئێسکانەی کە ماونەتەوە دەتوانن ئەستوور و بەهێزتر بن، بەڵام ئەوانەی لە بۆشایی ئاسماندا پچڕاون ناتوانرێت دووبارە دروست بکرێنەوە، بۆیە پێکهاتەی گشتیی ئێسکی ئاسمانگەڕان بۆ هەمیشە دەگۆڕێت".

لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا ئسمانگەڕانی ئەم توێژینەوەیە لە وێستگەی خولگەی زەویدا گەشتیان کردووە. ئاسمانگەڕان لە ئاژانسی واڵایی ئەمریکی ناسا، ئاژانسی واڵایی کەنەدا، ئاژانسی واڵایی ئەوروپا و ئاژانسی گەڕانی فڕۆکەوانی ژاپۆن بوون.

کاریگەرییەکانی گەشتکردن بۆ واڵایی لەسەر جەستەی مرۆڤ گرنگە بۆ دەزگاکانی واڵایی لەکاتێکدا پلانی گەڕانی نوێ دادەنێن.

ناسا ئامانجی ناردنی ئاسمانگەرانە بۆ سەر مانگ، ئەمەش ئەرکێکە لە ئێستادا پلانی بۆ دانراوە بەلانی‌کەمەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٥. هەروەها ئەرکەکانی داهاتووی ئاسمانگەڕان بۆ هەسارەی بارام یان بوونی درێژخایەن لەسەر ڕووی مانگ ئەگەریان هەیە.

گابێڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدەستدانی ماسولکەکان، لەدەستدانی ئێسکەکان، کاریگەری لەسەر سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکان هەیە، تەنانەت تیشکدانەوە، مەترسی گەورەن بۆ ئاسمانگەڕان.

گابێڵ ڕوونی كردەوە: "بەبێ هێزی كێشكردن ئەوەی خوێن بەرەو پێمان ڕادەكێشێت، ئاسمانگەڕان تووشی گۆڕانکاری لە شلەدا دەبن كە دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی خوێنی زیاتر لە بەشی سەرەوەی لەشدا. ئەمەش دەتوانێت كاریگەری لەسەر سیستەمی دڵ و خوێنبەرەكان و بینین هەبێت".

باسی لەوەش کردووە، " تیشکدانەوە نیگەرانییەکی تەندروستی گەورەیە بۆ ئاسمانگەڕان چونکە تا زیاتر لە زەویەوە دووربکەونەوە بەرکەوتنی زیاتر تیشکی خۆریان دەبێت و مەترسی شێرپەنجە زیاد دەکات".

توێژینەوەکە دەریخستووە ئەرکە درێژخایەنەکانی واڵایی دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئێسک زیاتر و ئەگەری چاکبوونەوەی ئێسک دواتر کەمتر دەبێتەوە. وەرزشکردن لە کاتی فڕیندا، وەک ڕاهێنانی بەرگری، گرنگ بووە بۆ ڕێگریکردن لە لەدەستدانی ماسولکە و ئێسکەکان. ئەو ئاسمانگەڕانەی زیاتر قوسرسایی‌یان هەڵگرتوە بە بەراورد بەو کارەی بەزۆری لەسەر زەوی کردویانە، ئەگەری گەڕانەوەی ئێسکیان زیاترە دوای ئەرکەکە.

گابێڵ وتی هێشتا زۆر ماوە فێربین دەربارەی کاریگەرییەکانی گەشتکردن بۆ واڵایی لەسەر تەندروستی مرۆڤ – بەتایبەتی لەسەر ئەرکەکانی واڵایی کە لە شەش مانگە زیاتر دەبێت.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ڕوبارە بەستەلەکەکانی ئەلپ دەتوێنێتەوە

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە بەستەڵەکەکانی چیای ئەلپ لە ئەوروپا زیاتر ناجێگیر و مەترسیدار دەبن.

ڕوبارە بەستەڵەکەکان بریتییە لە جەستەیەکی گەورەی سەهۆڵ کە بەهێمنی لە شاخێکدا یان بەسەر ڕووبەرێکی فراوانی زەویدا دەڕوات.

گەرمبوونی بەرگەهەوای زەوی خەریکە ئەو بەستەڵەکانە دەتوێنێتەوە کە بە بارستەی سەهۆڵی ناچالاك دادەنرێن.

ئیتالیا گەرمایەکی زوو و توندی هاوینی بەخۆیەوە بینیوە. زۆر کەس نیگەرانن لە کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی توندی باران لەسەر بەرهەمەکانی دۆڵی پۆ.

لە چیای دۆلەمایت، بەم دواییە سەهۆڵبەندانێک لەسەر لوتکەی مارمۆلادا ڕووخا. بەلایەنی کەمەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا. زۆر کەسی تریش بێسەروشوێنن.

جیۆڤانی باکۆلۆ دەڵێت: "ئەم هاوینەی ساڵی 2022 مەترسیە شەپۆلێکی توانەوەی تەواو بێت بۆ سەهۆڵبەندانەکان". زانای ژینگە و شارەزای سەهۆڵبەندان لە زانکۆی میلان-بیکۆکا. باکۆلۆ ئاماژەی بە کەمی بەفری زستان و دەستپێکردنی گەرمی هاوین کرد کە کاریگەری لەسەر سەهۆڵبەندانەکان هەیە.

بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، کەس چاوەڕێی ئەوە نەبوە سەهۆڵبەندانێکی وەک مارمۆلادا بەم شێوەیە کاردانەوەی هەبێت. "جۆرێکە لە بەردبووی کەشوهەوا، سەهۆڵبەندانەکانی وەک مارمۆلادا بە پڵاسید دادەنرێت." ووشەی پڵاسیدی بەکارهیناوە کە زاراوەیەکە بە واتای ئارام و ئاشتی دێت.

لوکا زایا، پارێزگاری ناوچەی ڤێنیتۆ رایگەیاند، ڕۆژی شەممە پلەکانی گەرما لەسەر مارمۆلادا کە بە شێوەیەکی ئاسایی بەستەڵەکە، گەیشتووەتە ١٠ پلەی سەدی.

پۆڵ کریستۆفێرسن مامۆستایە لە زانکۆی کامبریج و لە سەهۆڵبەندان دەکۆڵێتەوە دەڵێت: "سەهۆڵبەندانەکانی بەرزایی وەک مارمۆلادا زۆرجار بەرزن و بەرەو لێژاییە پشت بە پلەی گەرمی سارد دەبەستن لە خوار پلەی سفری سەدی بۆ ئەوەی جێگیر بن".

کریستۆفێرسن وتی گۆڕانی کەشوهەوا ئاوی زیاتر دەتوێنێتەوە، "ئەمەش گەرمی دەردەدات کە سەهۆڵەکە گەرم دەکاتەوە ئەگەر ئاوەکە دووبارە بیبەستێتەوە." ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەرییەکی خراپتر بەرزبوونەوەی سەهۆڵبەندانەکە دەبێت لە بەردی خوارەوە، "دەبێتە هۆی داڕمانی ناجێگیری لەناکاو".

باکۆلۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو شاخەوانانەی کە بەرەو شاخەکان دەڕۆن بۆ ئەوەی لە گەرمای هاوین ڕزگاریان بێت، پێویستە ئاگاداری ئەوە بن کە بەرەو کوێ دەڕۆن.

وتیشی "ئەو داوایەی دەمەوێت بیکەم لەو كەسانەی لە هاوینی ئەمساڵدا دەچنە چیا بەرزەكان ئەوەیە كە وریایی زۆر زیاتر بەكاربهێنن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "کێشەکە ئەوەیە ڕەنگە بۆ خوێندنەوەی ئەو نوسراوانەی لە ناوچەکانی سەهۆڵبەندانەکاندا دانراوە چیتر بەس نەبێت ".

زانایان ماسی ڕۆبۆت پەرەپێدەدەن بۆ ‘خواردنی’ مایکرۆپلاستیک

زانایانی چین دەڵێن ماسییەکی ڕۆبۆتییان پەرەپێداوە دەتوانێت تەنۆلکەی مایکرۆپلاستیک لە ژینگە ئاوییەکان لاببات.

ئەو توێژەرانەی کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەن دەڵێن، ئەو ڕۆبۆتانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ پاککردنەوەی پیسبوونی پلاستیک لە زەریاکان لە سەرانسەری جیهاندا.

درێژی ئەو ڕۆبۆتانە نزیکەی ١.٣ سانتیمەترە. لە پێکهاتەیەکی کیمیایی نەرم دروست دەکرێن. ڕۆبۆتەکان بە شێوەیەک دروستکراون کە مایکرۆپلاستیکەکان هەڵبمژن لەکاتێکدا بەناو ئاودا دەجووڵێن.

پرۆژەکە لەلایەن تیمێک لە زانکۆی سیچوان لە باشووری رۆژئاوای چین دەستیپێکردووە. توێژەران رایانگەیاندووە، ئەو رۆبۆتانە پێشتر لە ئاوی قووڵدا ئاستێكی باشیان ئەنجامداوە و پلانیان هەیە لە ئاوە قووڵەكاندا تاقیكردنەوەی زیاتر ئەنجام بدەن.

ئەو زانایانە لە توێژینەوەیەکی نوێدا لە گۆڤاری "نانۆ لێتەرز"دا باسیان لە دۆزینەوەکانیان کردووە. بڵاوکراوەکە لە کۆمەڵەی کیمیایی ئەمریکییەوە هاتووە، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت.

ئەو ماسییە ڕۆبۆتانە دروستکراون بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی تەنۆلکەی مایکرۆپلاستیکەکان ، ئەوەی لە پێنج ملیمەتر بچووکترن. توێژینەوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە پیسبوونی مایکرۆپلاستیک لە زۆرێک لە ژینگە سروشتییەکان دۆزراوەتەوە. مادەکە لە تێکچوونی بەرهەمە پلاستیکییە بەرهەم هێنراوەکان و پاشماوەی پیشەسازییەوە سەرچاوە دەگرێت.

تیمەکە راشیگەیاندووە، دەتوانرێت ئەو رۆبۆتانە لە رێگەی رووناکیەوە کۆنترۆڵ بکرێن. کۆمەڵەی کیمیایی ئەمریکی دەڵێت، داگیرساندن و کوژاندنەوەی "لەیزەرێکی نزیک لە ڕووناکی ژێر سوور" دەبێتە هۆی ئەوەی کلکی ماسیەکە بەرەو پێشەوە و دواوە بجوڵێت.

ماسییە ڕۆبۆتەکە دەتوانێت لە چرکەیەکدا تا ٢.٧٦ درێژی جەستەی مەلە بکات. توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمە خێراترە لە زۆربەی ڕۆبۆتە نەرمە هاوشێوەکان.

وانگ یوان ئەندامی تیمی توێژینەوەی زانکۆی سیچوانە. ئەو بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە ئێستادا ئەو ڕۆبۆتە بچووکە سووکە بۆ کۆکردنەوەی مایکرۆپلاستیک بەکاردەهێنرێت بۆ مەبەستی توێژینەوە. بەڵام وانگ ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکە پلانی هەیە ئەو بەکارهێنانە فراوانتر بکات بۆ ئەوەی ماسییە ڕۆبۆتەکان بتوانن بڕێکی زیاتر لە پاشماوەی مایکرۆپلاستیکی لە ناوچە قووڵەکانی زەریاکان لاببەن.

توێژەران دەڵێن ئەو ماسیە دەتوانێت جۆرە جیاوازەکانی مایکرۆپلاستیک وەربگرێت و تەنانەت لەکاتی تێکچوونی ماسیدا خۆی چاک بکاتەوە. زیاتر ووتیان ئەگەر ماسییەکی ڕۆبۆت بە هەڵە لەلایەن ماسییەکی ڕاستەقینەوە بخورێت، ئەوا دەتوانێت بە سەلامەتی مادەکە هەرس بکات.

وانگ ئاماژەی بەوەشکردووە، دەکرێت ڕۆبۆتی هاوشێوە پەرەپێبدرێت بۆ ئەوەی لەناو جەستەی مرۆڤدا دابنرێت بۆ لابردنی ماددە نەخوازراوەکان یان نەخۆشی.

Your browser doesn’t support HTML5

بەرنامەی زانست و تەکنەلۆجیا 07-18-2022.mp3