حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاکسازیدا بڕیاری داوە بە بڕین و لێوەرگرتنەوەی مووچە لەو بریندارانەی چەکی کیمیایی کە موچەیەکی دیکەیان هەیە، ئەم بڕیارەش نیگەرانی توندی بریندارانی چەکی کیمیایی لێکەوتەوە و وەک خۆیان دەڵێن خۆیان چارەسەرەکان دەکڕن و ئەو نەخۆشخانەیەی بۆیان دروست کراوە چارەسەری ئەوانی تێدا نیە، ئەگەر حکومەت بڕیارەکە ڕانەگرێت ئەوا گردبوونەوەکانیان دەبەنە ناو بینای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان .
لوقمان عەبدالقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووین کە حکومەت بە خەمساردیەوە سەیری قوربانیەکان بکات، بە هەڵە کێشەوگرفتەکانی ئێمە گەیەنراوە بە حکومەت، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی شەهیدان نەیانتوانیوە کێشەکانمان بگەیەنن، ئێستاش کە بریندارەکان دەنێرن بۆ دەرەوە لە کۆڵکردنەوەی خۆیانە، بەم هەنگاوە بریندارەکان لەبەردەم کەسوکارەکانیان ڕەزیل دەکرێن."
خەدیجە حەسەن بریندارێکی چەکی کیمیاییە و لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" مانگانەکەم لە حکومەتی هەرێم چوارسەد هەزار دینارە لەو ڕێژەیە 200 هەزار دیناری دەدەم بە چارەسەری پزیشکی و چارەسەری دەروونی و چەندان نەخۆشی دیکە کە بە هۆی چەکی کیمیاییەوە گیرۆدەیان بووم ئێستا لەکوێ ڕەوایە موچەکەم ببڕێت."
حەکیم حەمەساڵح بریندارێکی دیکەی چەکی کیمیاییە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" با حکومەتی هەرێم هەستێت بە بڕینی مووچەی بندیوارەکان نەک موچەی ئەم توێژە کە ئێستا گیرۆدەی دەیان نەخۆشی بوون، سەردانی هەریەک لە یەکێتی و پارتی دەکەین گەر ڕانەگیرێت ئەوە ئەچینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران."
لە پرۆسەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وتەی بریندارانی چەکی کیمیایی ، ئەوانەی کە موچەیەکی دیکەیان هەیە، دەبێت موچەی برینداریەکەیان ببڕێت و ئەوەشی کە وەریان گرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا بریندارانی چەکی کیمیایی بە مەبەستی چارەسەکردن ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکەن و پشت بەو هاوکارییە دەبەستن بۆ دابینکردنی دەرمان و کەرەستە پزیشکیەکانیان.
Your browser doesn’t support HTML5