خەسرۆ گۆران: هەموو لایەک دەزانن سەرەتای مانگی دە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ناکرێت

Khasraw Goran

خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت"هه‌موولایه‌ک ده‌زانین که‌ 1-10 هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ناکرێت، تەنانەت ئەمساڵ زەحمەتە هەڵبژاردن بکرێت، دەشڵێت" هۆکاری سه‌ره‌کی دواخستنی هه‌ڵبژاردن یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌ چونکه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان ئاماده‌ نییه‌ هیچ دانیشتنێک به‌ڕێوه‌ببات که‌ باسی مه‌سه‌له‌ی کۆمیسیۆن و درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی کۆمیسیۆن بکرێت. "

" ئەوەی ڕوونە لای هەموو لایەنە سیاسییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەوەیە کە ئەم هەڵبژاردنە دوادەخرێت"

لە سەرەتای قسەکانیدا، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان (خەسرۆ گۆران) دەربارەی کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە چاودێری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، وتی "ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو که‌ ڕا و بۆچوونی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان لێک نزیک بکرێنه‌وه‌، هەروەها به‌زووترین کات هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان بکرێت ، ڕاسته‌ له‌هه‌ندێک خاڵ زۆر له‌یه‌کتر نزیکبووینه‌وه‌، به‌ڵام له‌یه‌ک دوو خاڵیشدا هێشتا بیروبۆچوونی جیاواز هه‌یه،‌ ئه‌وه‌ هۆکاری ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵبژارده‌کان له‌ واده‌ی دیاریکراوی خۆیدا له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه‌ که‌ 1-10 یه‌ ئه‌نجام نه‌درێت. "

خەسرۆ گۆران زیاتر وتی" بڕیاردرا که‌ ده‌رفه‌تی زیاتر بدرێته‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان به‌تایبه‌تیش پارتی و یه‌کێتی بۆئه‌وه‌ی زیاتر کۆببینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ خاڵه‌ ناکۆکه‌کانی نێوانمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ له‌لای هه‌موو لایه‌نه‌سیاسیه‌کان، وه‌ لای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش که‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ دواده‌خرێت، چونکه‌ هه‌تائێستا هیچ ئاماده‌کاری یاسایی نه‌کراوه‌ له‌په‌رله‌مان،‌ هه‌روه‌کو ئاشکرایه‌ کۆمیسیۆنیش پێویستی به‌کاته‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ ئه‌نجام بدات, کۆمیسیۆن ده‌ڵێت لانی که‌م شه‌ش مانگمان پێویسته‌ واته‌ هه‌تا 1-10 نزیکه‌ی دوو مانگ و شتێک ماوه‌ که‌ فریا ناکه‌وین. "

دەربارەی ئەوەی ئایا ڕێککه‌وتن هه‌یه‌ له‌نێوان پارتی+ یەکێتی هەروەها لایەنەکانی تر بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم؟

لە وەڵامدا خەسرۆ گۆران وتی" نه‌خێر هیچ ڕێککه‌وتن نییه‌ له‌نێوانماندا. "

"هه‌موولایه‌ک ده‌زانین که‌ 1-10 هه‌ڵبژاردنه‌کان ناکرێت "

سەبارەت بەوەی ئایا پارتی و یه‌کێتی له‌م هه‌ڵوێسته‌دا کۆکن له‌سه‌رئه‌وه‌ی که‌ کۆمیسیۆن فریا ناکه‌وێت و هه‌ڵبژاردن دواده‌که‌وێت؟
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت" ئه‌ی ئه‌گه‌ر کۆمیسیۆن شه‌ش مانگی له‌به‌رده‌ست نه‌بێت له‌ 9 مانگ لەمەوبەر کە ئه‌و واده‌یه‌ دیاریکراوه‌ بۆ 1-10 ، ئه‌وکاته‌ کۆمیسیۆن وتی ده‌توانین له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ئاماده‌کاری بکه‌ین، به‌ مه‌رجێک واده‌ی یاسایی کۆمیسۆن له‌ په‌رله‌مان نوێ بکه‌نه‌وه‌ که‌چی هه‌تائێستاش نه‌کراوه‌، هه‌موولایه‌ک ده‌زانین که‌ 1-10 هه‌ڵبژاردنه‌کان ناکرێت، هیچ ڕێککه‌وتنێکیش نییه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌سیاسیه‌کاندا، به‌ڵام وادیاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان دواده‌خرێت جا چه‌ند دواده‌خرێت؟ ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌سیاسیه‌کانی ناوپه‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی ناوپه‌رله‌مان که‌ به‌زووترین کات بتوانن ئه‌و ئه‌رکانه‌ی له‌سه‌ر شانیانه‌ جێبه‌جێی بکه‌ن بۆئه‌وه‌ی واده‌یه‌کی تر دیاریبکرێت بۆ هه‌ڵبژاردن. "

" ئەمساڵ زەحمەتە هەڵبژاردن بکرێت"

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان( خەسرۆ گۆران) وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە، ئایا ماوه‌ی چه‌ندێک هەڵبژاردنەکان دواده‌خرێت؟

لە وەڵامدا خەسرۆ گۆران وتی" خۆنابێت زۆر دوابخرێت ده‌کرێت چه‌ند مانگێک، به‌ڵام هه‌تا هه‌تایه‌ خۆناکرێت، ئه‌مساڵ زه‌حمه‌ته‌ هه‌ڵبژاردن بکرێت، هه‌رچه‌نده‌ وه‌کو ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌واده‌ی خۆیدا بکرێت. "

"نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ڵێت چی؟"

لە وەڵامدا خەسرۆ گۆران وتی" نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیش زۆر داکۆکیان له‌سه‌رئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌واده‌ی خۆیدا بکرێت، به‌ڵام که‌ هه‌ندێک کێشه‌ی یاسایی و لۆجیستی دێنه‌پێش ئه‌وانیش ناچارن بڵێن باشه‌ بادوابخرێت، به‌ڵام ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن که‌ زۆر دوانه‌خرێت. "

ئاماژه‌ت به‌وه‌ کرد که‌ کێشه‌ی یاسایی دێته‌پێش، دیاره‌ به‌رپرسانی کۆمیسیۆن ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ که‌ کێشه‌ی گه‌وره‌ کاراکردنه‌وه‌ی کۆمیسیۆنه‌ یان بڕیاردانه‌ له‌چاره‌نووسی کۆمیسیۆن بۆچی ئه‌مه‌ ناکرێت له‌کاتێکدا یه‌کێک بوو له‌ خاڵه‌ ناکۆکه‌کانی نێوان پارتی و یه‌کێتی؟

وەڵامەکەی خەسرۆ گۆران بۆ ئەم پرسیارە بەوجۆرە بوو" ئه‌گه‌ر کۆمیسیۆن نه‌بێت چۆن هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت! کۆمیسیۆن ده‌بێت ماوه‌ی زیندوو بکرێته‌وه‌ هه‌تا بتوانرێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت. "

" ئه‌ی بۆچی پێش دووساڵ و سێ ساڵ ئه‌مه‌یان نه‌ده‌کرد؟! "

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت" هه‌ڤاڵانی یه‌کێتی سوورن له‌سه‌رئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان ناهێڵن ماوه‌ی کۆمیسیۆن زیندوو بکرێته‌وه‌ هه‌تا یاساکه‌ نه‌گۆڕدرێت، یاسا گۆڕینیش کاتی ده‌وێت، مادام هه‌ندێک له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان ئه‌و بیرۆکه‌یان هه‌بوو که‌ یاسا بگۆڕن ئه‌ی بۆچی پێش دووساڵ و سێ ساڵ ئه‌مه‌یان نه‌ده‌کرد؟! هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ساڵی 2018 بوو بۆچی له‌ساڵانی 2018 و 2019 و 2020و 2021 ئه‌و داوایان نه‌ده‌کرد ئه‌و یاسایه‌ بگۆڕدرێت؟! که‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریکرا ئێستا ده‌یانه‌وێت یاساکه‌ بگۆڕدرێت ئه‌مه‌ پرۆسه‌که‌ دواده‌خات!. "

خەسرۆ گۆران جەختیکردەوە" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆیدا بکرێت، به‌ڵام ناکرێت چونکه‌ هه‌ندێک لایه‌نی سیاسی له‌ په‌رله‌مان ئاماده‌نین ته‌مه‌نی کۆمیسیۆن درێژبکه‌نه‌وه‌. "

" ئێمە لەگەڵ ئەوەنین ئێستا دەسکاری یاساکە بکرێت"

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت" ئێمه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نین ده‌ستکاری یاساکه‌ بکرێت، چونکه‌ نه‌ کات له‌به‌رده‌ستدایه‌ و نه ‌دۆخه‌که‌ش هاوکاره‌ بۆیه‌ ده‌کرێت له ‌دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ زۆر ئاساییه‌ له‌په‌رله‌مان یاساکه‌ هه‌موواربکرێته‌وه‌ وه‌کو هه‌مووجارێک که‌ چۆن هه‌مووار کراوه‌ته‌وه‌. "

گۆران جەختیکردەوە" ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌و یاسایه‌ هه‌ڵبژاردن بکرێت. "

خەسرۆ گۆران وتیشی" ده‌بێت بگه‌ینه‌ ڕێگه‌ چاره‌یه‌ک هه‌روه‌کو UNداوایانکرد ده‌رفه‌ت بدرێته‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان بۆئه‌وه‌ی گفتوگۆی زیاتر بکه‌ن، گفتوگۆی زیاتر ده‌که‌ین و ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بکه‌ین، چونکه‌ هه‌ڵبژاردنی هی هه‌موومانه‌ و هی یه‌ک لایه‌ن نییه‌ بۆ ناوی هه‌رێم و پرۆسه‌ی دیموکراسی له‌م وڵاته‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بکرێت له‌واده‌ی خۆی. "

" هۆکاری سه‌ره‌کی دواخستنی هه‌ڵبژاردن یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌"
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی بە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنەکان ناوبرد و لەو ڕووەوە وتی" هۆکاری سه‌ره‌کی دواخستنی هه‌ڵبژاردن یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه،‌ چونکه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان ئاماده‌ نییه‌ هیچ دانیشتنێک به‌ڕێوه‌ببات که‌ باسی مه‌سه‌له‌ی کۆمیسیۆن و درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی کۆمیسیۆن بکرێت. "

هەرچەندە لە پێشتردا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم ڕایانگەیاند" کە ئەگەر یەکێتی و لایەنەکان ئامادە نەبن، ئەوا ‌ زۆرینه‌ تێیده‌په‌ڕێنین؟

بەڵام خەسرۆ گۆران دەڵێت" مه‌سه‌له‌ زۆرینه‌ نییه‌، خۆ ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان کۆک بن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، سه‌رۆکی په‌رله‌مان که‌ ئاماده‌ نه‌بێت دانیشتنی په‌رله‌مان نابێت. "

" لەگەڵ یەکێتی پەیوەندیمان هەیە لەسەر پرسی هەڵبژاردن"

لە دواین پرسیاری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بۆ بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەربارەی ئەوەی ئایا له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا هیچ دانوستانتان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر بابه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کان؟

لە وەڵامدا بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان( خەسرۆ گۆران) وتی" به‌ڵێ چه‌ندین دانیشتنمان کردووه‌ له‌ سلێمانی له‌مانگی 12 و له‌مانگی یه‌ک، هەروەها له‌مانگی شه‌ش و حه‌وتیش دوو کۆبوونه‌وه‌مان کردووه،‌ یه‌کێکیان له‌سلێمانی و یه‌کێکیان له‌هه‌ولێر له‌سه‌ر خاڵه‌ناکۆکه‌کان گفتوگۆمان کردووه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتینه‌ ڕێککه‌وتن، ئینشائه‌ڵا له‌ئاینده‌دا به‌رده‌وام ده‌بین، به‌ڵێ په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردن. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ خەسرۆ گۆران