پوتن و ئەردۆغان تاوتوێی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکەن

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڕۆژی سێشەممە گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و بڕیارە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کۆببێتەوە و ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە بەندەرێکی دەریای ڕەشەوە لە ئۆکرانیا.

فەرحان حەق، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە پێشکەوتنی زیاتر لە دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا، ئۆکرانیا، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان هاتۆتە ئاراوە و گوتیشی "بەڵام هیچ شتێک لەم قۆناغەدا ڕاناگەیەنرێت." ڕاشیگەیاند کە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە گەشت بۆ ئیستەنبوڵ بکات ئەگەر پێویست بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گۆتێرێش ڕۆژی دووشەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا قسەی کردووە بۆ تاوتوێکردنی بەردەوامی دانوستانەکان.

جانێت یێڵن، وەزیری دارایی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە داوای سنوردارکردنی نرخەکانی هەناردەی نەوتی ڕووسیا کرد هاوکات داوای لە وڵاتان کرد یەکگرتوو بن بۆ بەڕەنگاربوونەوەی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

یێڵن گوتیشی "یەکانگیری ئابوری لەلایەن ڕووسیاوە وەک چەک بەکاردەهێنرێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووسیا هەڕەشەی کردووە بە داخستنی لەنگەرەکانی ئۆکرانیا بۆ وروژاندنی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا."

یێڵن گوتیشی "پێویستە هەموو وڵاتان بەرپرسیاربن لە دژایەتی ئەم شەڕەدا و پێکەوە کار بکەن تا بە خێرایی کۆتایی پێبهێنرێت. هەر بۆیە ئەمەریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشە بەرپرسیارەکانی دیکە هەوڵدەدەن داهاتی ڕووسیا کەمبکەنەوە و فشارەکانی ئەو جەنگەشی کە بەرپایکردووە کەمبکەنەوە بەبێ ئەوەی ببنە هۆی ناجێگیرییەکی پێویست لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا."

سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێرشەکانی ڕووسیا لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە بەردەوامن، لەوانە تۆپبارانکردن لە سومی، هەروەها تەقینەوەکان لە میکۆلایڤ و هێرشێکی مووشەکی لە ئۆدێسا.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا گوتی ڕووسیا "ڕەنگە هێشتا دەستکەوتی زیاتری خاکی بەدەستبهێنێت" لەکاتێکدا ئەو ئامانجەی خۆی نەپێکاوە بۆ کۆنتڕۆڵی هەموو پارێزگای دۆنێتسک لە ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

بەڵام وەزارەتەکە لە هەڵسەنگاندنی ڕۆژانەی خۆیدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "پێدەچێت ڕێژەی پێشکەوتنی ڕووسیا زۆر خاو بێت بەبێ ئەوەی وەستانێکی بەرچاو لە ئۆپەراسیۆنەکاندا هەبێت بۆ ڕێکخستنەوە و دووبارە چاکسازیکردنەوەی هێزەکانی."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن "دووپاتیکردەوە کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئابووری و مرۆییە بەرچاوانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لەنێویاندا پشتگیریکردنی پڕۆژەی دەستپێشخەری تەندروستی دەروونی خانمی یەکەم بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە."

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی بلینکن دڵنیایی داوە بە زێلێنسکی لە پشتگیری ئەمەریکا لە ئۆکرانیا و دەستخۆشی لە خانمی یەکەم کرد بۆ کارەکانی بۆ یارمەتیدانی ئەو هاوڵاتیانەی کە بەهۆی جەنگەوە تووشی زەبر و زەنگ بوون.