ژمارەی کوژراوانی دواین شەڕی ناوخۆی سودان دەگاتە سەرو 100کەس

وەزیری تەندروستی ویلایەتی نیلی شین لە سودان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە شەڕ و پێکدادانی نەتەوەیی لە ویلایەتەکەی بەهۆی کێشەی زەوی و زارەوە بۆتە هۆی کوژرانی 105 کەس و برینداربوونی 291 کەس.

لە 11ی تەمموزدا لەو ویلایەتەی باشوور کە هاوسنووری ئیتیوپیا و باشووری سودانە، شەڕ لەنێوان ئەندامانی بێرتی و هاوسا، کە دوو گروپی ئیتنی یاخود نەتەوەیین، ڕوویدا.

جەمال ناسر، وەزیری تەندروستی ویلایەتەکە، لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە ئەلدەمەزینی پایتەختی ویلایەتەکەوە کە نزیکەی ٤٦٠ کیلۆمەتر لە خەرتوم دوورە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "ئێستا دۆخەکە ئارامە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بڵاوەپێکردنی سوپا لە ڕۆژی شەممەوە شەڕەکەی سووک کردووە.

ناسر وتی، "تەحەدای ئێستا دۆزینەوەی شێڵتەرە بۆ ئەوانەی ئاوەرەبوون."

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە رایگەیاند، زیاتر لە 17 هەزار کەس لە ترسی دواین شەڕ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و 14 هەزار کەسیش "لە سێ قوتابخانەی ئەلدەمازیدا دەژین".

لە نێوان مانگەکانی یەک تا مانگی سێی ئەمساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هاوکاری پێشکەش بە 563 هەزار کەس لە نیلی شین کردووە.

سودان، کە یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان و لە قەیرانێکی ئابووریدا نوقم بووە، کە لە دوای کودەتایەکی ئۆکتۆبەرەوە بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان سەرۆکی سوپا قووڵتر بووەتەوە و زۆربەی کات هێزی سەربازی حوکمڕانی وڵاتی کردووە.

لە سودان، پێکدادانی کوشندە لەسەر زەوی و ئاژەڵ و دەستڕاگەیشتن بە ئاو و لەوەڕاندن زۆرجار سەرهەڵدەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە هێشتا پڕن لە چەکی بەجێماوەی دەیان ساڵەی شەڕی ناوخۆ.

ئەندامێکی دیاری گروپی هاوسا دەڵێت، بەپێی زانیارییەکان شەڕ لە نیل شین ڕوویداوە، دوای ئەوەی بێرتیس داواکارییەکی هاوسا ڕەتکردووەتەوە بۆ دروستکردنی "دەسەڵاتێکی مەدەنی بۆ سەرپەرشتیکردنی دەستڕاگەیشتن بە زەوی".

بەڵام سەرکردەیەکی باڵای بێرتی وتی گروپەکە وەڵامی "پێشێلکردنی" زەویەکانیان دەدەنەوە لەلایەن هاوساکانەوە.

لە کاتێکدا دەوترێت شەڕەکان وەستاون و ئارامییەکی ڕێژەیی بۆ نیل شین گەڕاوەتەوە، گرژییەکان لە ویلایەتەکانی دیکەدا پەرەی سەندووە، کە خەڵکی هاوسا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای "دادپەروەری بۆ شەهیدان" دەکەن.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس