لە کۆنگرێسی ئەمەریکا هەوڵێک هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ڕووسیا وەک دەوڵەتی پشتیوان لە تیرۆر

لە کاتێکدا شەڕ لە ئۆکرانیا وا پێدەنێتە 5 مانگ و هێرشەکانی ڕووسیا ڕۆژانە بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان بەردەوامە، فشارەکان لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکەی بایدن زیاتر دەبن بۆ ئەوەی ڕووسیا بە فەرمی وەک دەوڵەتی پشتیوانی لە تیرۆر دەستنیشان بکات.

لەم هەفتەیەدا بەپێی هەواڵێکی پۆلیتیکۆ، نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای گوتووە ئەگەر ئەو دەسەڵاتەی کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پێی سپێردراوە بۆ ئەنجامدانی دەستنیشانکردنەکە بەکارنەهێنێت، ئەوا خودی یاسادانەران ئەو کارە دەکەن.

ڕووسیا لە ئێستاوە لە ژێر سزای پەكخستندایە، کە لەلایەن ئەمەریکا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەوە سەپێنراوە بەسەریدا، بەڵام دەستنیشانکردنی فەرمی وەک دەوڵەتی پشتیوان لە تیرۆر بە شێوەی بەرچاو سزاکان توندتر دەکات. لەو شوێنانەی کە پێکهاتە نێودەوڵەتییەکانی سزاکانی ئێستا بە وردی هەماهەنگ کراون، پۆلێنکردنی ڕووسیا وەک دەوڵەتێکی پشتیوانی تیرۆر دەتوانێت گورزێکی توندتر لە سزاکان دەستپێبکات کە دەکرێت ئەو لایەنانەی وڵاتانی سێیەمیش بگرێتەوە کە بازرگانی لەگەڵ کەسایەتی و کۆمپانیا ڕووسیەکاندا دەکەن.

جگە لەوەش، ئەم دەستنیشانکردنە دەستبەرداری پارێزبەندی سەروەری ڕووسیا دەبێت لە ئەمەریکا، ئەمەش دەرگایەک دەکاتەوە لەو ئەمەریکییانەی کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە زیانیان بەرکەوتووە سکاڵای مەدەنی دژی حکومەتی ڕووسیا لە دادگاکانی ئەمەریکا تۆمار بکەن.

نانسی پلۆسی باڵاترین یاسادانەری ئەمەریکایە کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات بەڕێوەبەرایەتییەکە هەنگاو بنێت، بەڵام ئەو یەکەم یاسادانەر نییە. سەرەتای ئەم مانگە، سیناتۆرەکان کە پێکهاتبوون لە لیندسی گراهامی کۆماریخواز و ڕیچارد بلومێنتاڵی دیموکرات، گەشتیان کرد بۆ کیێڤ بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر ئەو یاسایانەی کە لە مانگی 5 دا پێشکەشیان کردبوو کە ئەو دەستنیشانکردنە دەکات بە شتێکی فەرمی.

پڕۆژە یاسایەک بە هەمان ئامانج لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەش کرا لەلایەن نوێنەران جۆ ویلسۆن کە کۆماریخوازە و تێد لیۆ کە دیموکراتە.

بەڵام وا دیارە بەڕێوەبەرایەتیەکەی بایدن ئامادە نییە ئەو هەنگاوە بنێت. لە ڕابردوودا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندووە کە گورزی سزاکانی ئێستا بەسن بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە.

هەروەها دەستنیشانکردنی ڕووسیا وەک دەوڵەتی پشتیوان لە تیرۆر دەبێتە هۆی دەستپێکردنی سزای "لاوەکی" کە ئەمەریکا دەبێت جێبەجێی بکات بۆ ئەو کەس و وڵاتانەی دەرەوەی ئەمەریکا کە بازرگانی لەگەڵ ڕووسیا دەکەن. وەها دەستنیشانکردنێک دەتوانێت هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هاوپەیمانییەکی فراوانی ئەو وڵاتانە ئاڵۆز بکات کە فشار دەخەنە سەر ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی و هێرشە داگیرکارییەکانی لە ئۆکرانیا.

جان هێربست کە لە ساڵانی 2003 بۆ 2006 وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا کاری کردووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، بە ڕای ئەو گومان لەوەدا نییە کە ڕووسیا ئەو مەرجانەی هێناوەتەدی بۆ ئەوەی وەک پشتیوانی تیرۆر دەستنیشان بکرێت.

هێربست، کە ئێستا بەڕێوەبەری باڵای سەنتەری ئۆراسیای ئەنجومەنی ئەتڵەسییە دەڵێت "من پێموایە توندوتیژی کە ئاڕاستەی خەڵکی مەدەنی دەکرێت بۆ ئامانجی سیاسی یەکێکە لە پێناسەکانی تیرۆر. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، ئەوا بە ڕوونی حکومەتی ڕووسیا سیاسەتی تیرۆر پەیڕەو دەکات.

بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە ڕابردوودا گەلانی ژێردەستە بەو پۆلێنکارییە دەستنیشان کراون بەڵا زۆربەیان بێجگە لە هێزێکی ناوچەیی هیچی دیکە نەبوون.

لە ئێستادا ئەمەریکا چوار وڵات بە دەوڵەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر دەزانێت کوبا، ئێران، کۆریای باکوور و سوریا. لە ماوەی ڕابردووشدا ئەو لیستە عێراق و لیبیا و باشووری یەمەن و سودانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام لەو کاتەوە ئەو وڵاتانە لە لیستەکەدا لابراون.

زیادکردنی ڕووسیا بۆ لیستەکە دەبێتە جیابوونەوەیەکی بەرچاو لە مامەڵەکردنەکانی ڕابردوو لەگەڵ ئەو وڵاتەدا و هاوکات دەبێتە پێشینەیەکی نوێ.