لە بەرامبەر مەترسیەکانی پیسبوونی ژینگە و ڕێگریکردن لە کارگەکانی کەرتی تایبەت بۆ پیسکردنی ژینگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەن کارگەکان ناچار دەکات کە چاودێری ژینگەیی دابمەزرێنن کە لەلایەن فەرمانگەکانی ژینگە و لە دەرچوانی ژینگە و پەیمانگای تەکنکییەکان دیاریدەکرێن تا خاوەن کارگەکان ناچاربکرێن لە ڕێگەی پرۆژەکانیانەوە ژینگە پیس نەکەن و چاودێری وردبکرێن .
بە ئامانجی زیاتر پاراستنی ژینگە لەو مەترسیانەی کە ڕووبەبەڕووی بووەتەوە ، لە پرۆژەیەکی هاوبەشی دەستەی ژینگەی هەرێم و پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە چاودێری ژینگەیی لە پرۆژەکانی کەرتی تایبەت دادەمەزرێنرێن، کە ئامانجی یەکەم لە پرۆژەکە پاراستنی ژینگەیە لەو پرۆژانەی کە لە کەرتی تایبەت هەن، لەو چوار چێوەیەشدا کۆرسێکی ژینگەیی دەکەنەوە.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان لێپسراوی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دامەزراندنی چاودێرە ژینگەیەکان ڕێگری دەکات لە پیسبوون و خاوەن پرۆژەکانیش ئاشنا دەکرێت بە ڕێنماییە ژینگەیەکان، لە ئێستادا پڕۆژەکان بوونەتە هۆکاری پیس کردنی ژینگە ، لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەیەکی تایبەت بە ئامارکردنی پڕۆژەکان و جۆرەکانیان دروست کراوە".
دکتۆر کارزان عەبدڵڵا ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند" دەبێت هەنگاوەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە ، هەنگاوی پیسکردنی ژینگە نەبن، دەبێت، چاوێری ژینگە لە هەموو کارگەکاندا هەبن، لەداهاتوودا ڕۆڵێکی کارا لە کەم کردنەوەی پیس بوون دەبینن لەو ڕووە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی هاوکاری ئەم پرۆژەیە دەبێت".
پیسبوونی ژینگە لەگەڵ ئەوەی مەترسیەکی بەردەوامە لە هەموو ئەو کۆمەڵگانەی کە مرۆڤی تێدا دەژین و پیشەسازی تێدایە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ، کارگەکان هۆکارێکی گەورەن بۆ پیسکردن و فڕێدانی پاشماوەکانیان بۆ ژینگە، دامەزراندنی چاودێرانی ژینگە هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی هۆکارەکان بۆ پیسکردنی ژینگە.
Your browser doesn’t support HTML5