عێراق وڵاتی کاندیدە لاواز و بێ کوتلەکان

لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کوتلەی گەورە حکومەت پێکدەهێنێت و کاندید بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت، بەڵام دۆخەکە لە عێراق پێچەوانەیە، کاندیدی لاواز و بێ کوتلە، چانسی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی لە کاندیدە پێگەدار و خاوەن کوتلەکان زیاترە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تا ئێستا، هیچ کەسایەتیەکی سیاسی بەهێزی خاوەن پێگە و کوتلەی پەرلەمانی گەورە، پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرنەگرتووە، هەموو ئەوانەشی پۆستەکەیان وەرگرتووە، سەرەتا پێگەی سیاسی و جەماوەرییان بەهێز نەبووە، بەڵام دواتر و بەسود وەرگرتن لەو پۆستە پێگەی خۆیان بەهێزکردووە.

بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، هێزە عێراقییەکان متمانەیان بە یەکتری نیە و نایانەوێت کەسایەتی سیاسی بەهێز و خاوەن کوتلەی گەورەی پەرلەمانی پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێت، بەو پێیەی ترسییان لە تەسفییە کردنیان هەیە، بۆیە هەمیشە ئەو کەسایەتییە سیاسییانە چانسی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیرانیان هەیە، کە بەهێز نین و لایەنەکان لێی ناترسن.

نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، کاتێک پۆستی سەرۆک وەزیرانی لە ساڵی 2006 وەرگرت، خاوەنی پێگەیەکی سیاسی و جەماوەری بەهێزنەبوو، بەراورد بەو کەسایەتییە شیعانەی ئەوکات لەگۆڕەپانەکەدا بوون یاخود بەشداربوون لە ئەنجومەنی حوکم دا، بەڵام دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە، مالیکی بووە یاریکەرێکی سیاسی بەهێزی نێو گۆڕەپانەکە و لەوکاتەوە تا ئێستا، خاوەن ڕۆڵ و پێگەیە.

دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ژمارەیەکی زۆر هێزی سیاسی لە عێراق بوونیان هەیە، ئەم هێزانە لە کەسایەتی سیاسی بەهێز دەترسن پۆستی سەرۆک وەزیران بگرێتە دەست، چونکە لە عێراق دا عەقڵیەتی کودەتا زاڵە و هێزەکان لە تەسفیەکردنی یەکتری بە گومانن."

گوتیشی"ئەوانەشی پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرن، نایانەوێت پۆستەکە لە دەست بدەن و بەدوای لاوازکردنی ڕکابەرەکانیان دا دەگەڕێن."

دکتۆر سەردار عەزیز ڕوونیشیکردەوە، کەسایەتی خاوەن پێگە و سەنگ لای هێزە عێراقیەکان قەبوڵکراو نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، وتی"دەبێت پۆستەکە بدرێتە سیاسییەک، هیچ هێزێک لێی نەترسێت، هەروەها ئەمەریکا و ئێران و هێزە ناوخۆییەکانی عێراقیش لێی ڕازی بن."

وەک زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق لە کتێبەکەیدا ( نێردە) دەیگڕێتەوە، ساڵی 2006 کاتێک نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندیدکراوە، سیاسییەکی ناسراو نەبووە، بۆیە داوای دیدار و گفتووگۆیان لێکردووە، تا بیناسن.

مالیکی ماڵەکەی خۆی و باڵیۆزخانەشی ڕەتکردووەتەوە بۆ شوێنی گفتووگۆ و یەکتربینینەکە، دواجار لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە پەرلەمانی عێراق یەکتریان بینیووە، مالیکی هەوڵیداوە وەکو کەسایەتی دیموکراسی خۆی وێنا بکات، بەباڵیۆزی ئەمەریکای وتووە"باوەڕم بە سستمی حوکمڕانی ئێرانی نییە، تا ساتی گەڕانەوەی محەمەدی مەهدیش، دەبێت خەڵک خۆی حوکمی خۆی بکات."

هەرچەندە کاتێک وەکو سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی گرتە دەست، مالیکی خاوەنی کەسایەتییەکی سیاسی بەهێزنەبوو، بەڵام دواتر هێزی لە دژی سوپای مەهدی سەربە ڕەوتی سەدر بەکارهێنا و بووە کەسایەتییەکی بەهێز، ئامادەنەبوو دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت، تا ئەوکاتەی لةساڵی 2014 داعش بەشێک لە عێراقی کۆنترۆڵکرد و بەناچاری وازی هێنا، بۆیە ئەمە بووە سەرەتایەک تا لایەنەکان ترسیان لەکاندیدی بەهێز و قۆستنەوەی پۆستەکە بۆ لاوازکردنیان هەبێت.

دوای دەستبەرداربوونی نوری مالیکی لە پۆستەکەی، هەریەک لە حەیدەر عەبادی، عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقییان گرتە دەست، کە هیچکامیان خاوەنی کوتلەی گەورەی پەرلەمانی نەبوون، لە ئێستاشدا شیعەکان محەمەد شەیاع سودانییان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندیدکردووە، کە تەنها خاوەنی چەند کورسییەکی پەرلەمانە.

دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت"دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن مستەفا کازمییەوە، ئێران حەزەکات کاندیدی سەرۆک وەزیران لای وڵاتانی ڕۆژاواش قەبوڵکراو بێت، تا لە پشتەوە ئیشی خۆی بکات."

محەمەد شەیاع سودانی تەمەن (53 ساڵ)ی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێشتر و لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دا، چەندین پۆستی وەزاری وەرگرتووە، دۆستەکانی دەڵێن لەگەندەڵییەوە نەگلاوە، نەیارەکانیشی بەلاواز وەسفیدەکەن.

هەرچەندە تا ئێستا موقتەدا سەدری رێبەری ڕەوتی سەدر، لە بارەی کاندیدکردنی شەیاع سودانییەوە بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام بەبڕوای چاودێرە عێراقییەکان، سودانی لەلایەن سەدر و شەقامی عێراقیشەوە قەبوڵکراو نیە، بەو پێیەی لەزۆربەی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دا خاوەن پۆست بووە و بەتاقیکراوە ناوی دەبەن.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر