ئۆکرانیا دەڵێت کەشتییەکی سوری کە دانەوێڵەی دزراوی ئۆکرانیای هەڵگرتووە لە لوبنان لەنگەری گرتوو

بەرپرسی کاروباری ئەرکی دیپلۆماسی ئۆکرانیا لە وڵاتی لوبنان گوتی کەشتیەکی بارهەڵگر کە گەمارۆی ئەمەریکای لەسەرە و باری جۆی دزراوی وڵاتی ئۆکرانیا وێرانبووی بە جەنگی هەڵگرتووە، ئێستا لە بەندەرێکی لوبنانی لەنگەری گرتووە .

بە گوتەی باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە بەیروت کەشتیەکە بە ناوی لۆدەسییا لە بەندەری تەرابلوس گیرساوەتەوە کە دووەم گەورەترین بەرندەری لوبنانە، گوتیشی کەشتیەکە 5 هەزار تۆن ئارد و هەروەها 5 هەزار تۆن جۆی بارکردووە .

بەڵام باڵیۆزخانەکە نەیگوت کە ئایا چۆن ئەو بارە جۆیە کە گوایە لە ئۆکرانیا دزراوە گەیشتووەتە لوبنان.

جێی ئاماژەیە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ساڵی 2015 ەوە قەدەغەی خستۆتە سەر کەشتی بارهەڵگری لۆدەسییا بەهۆی ئەوەی سەر بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریایە.

ئۆکرانیا ڕووسیای تۆمەتبارکردووە بە بەتاڵانبردنی دانەوێڵە و ئاسن لە ناوچەکانی ئۆکرانیا لەو دەمەوەی مۆسکۆ لە کۆتایی مانگی دووی ئەمساڵدا هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووە.

سەرچاوە: AP