خانمە چالاکوان بێریڤان بەرگارەیی: لە مانگرتن بەردەوام دەبم تا ئەو کاتەی زیندانیانی بادینان ئازاد دەکرێن

خانمە چالاکوانێکی بادینان کە لە ئێستادا لە شاری سلێمانییە، ماوەی چوار ڕۆژە مانگرتنی ڕاگەیاندووە بە مەبەستی فشارخستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی بە زیندانیانی بادینان ناسراون.

بێریڤان بەرگارەیی کە خۆشی یەکێک بوو لەو زیندانیکراوانە و دوای ساڵێک و حەوت مانگ ئازادکرا، دەڵێت ئەویش وەک زیندانیانی بادینان مانگرتنی ڕاگەیاندووە و تا ئازاد نەکرێن ئەو لە مانگرتنەکەی بەردەوام دەبێت.

بێریڤان دەڵێت "مانگرتنم وەک پشتیوانیەکە بۆ زیندانیانی بادینان، وەک هەموومان دەزانین ئێستا بارودۆخی زیندانیانی بادینان زۆر خراپە و مانیان گرتووە، تەندروستیان زۆر باش نییە، وەکو فشار لەسەر دەسەڵات ئێمە بتوانین لە دەرەوە، چالاکوان، ڕۆژنامەنووس، ئازادیخواز، وەک پشتیوانیەکی سەرتاسەری بۆ گیراوانی بادینان، من خۆم کە چوار ڕۆژە مانم لە خواردن گرتووە تا دوا هەناسەش، لەگەڵ گیراوانی بادینان دەبم، تا ئازاد دەکرێن."

دەشڵێت ویژدانی قبوڵی ناکات خۆی و هاوڕێکانی بە هەمان ماددە حوکمدراون، ئەم ئازادکراوە و هاوڕێکانی هێشتا لە زینداندان.

هەروەها بێریڤان ئاماژە بەوە دەکات کە " دەسەڵات دەستی لە کەیسی زیندانیانی بادیناندایە، بە کەیفی خۆیان بیانەوێت ئازادیان دەکەن، یان بیانەوێت لە زیندان دەیانهێڵنەوە، وڵاتێک قانون و یاسای لێ نەبێت وایە، ئێمە مادەمان وەک یەکە لە چ یاسایەکی دنیا هەیە، سێ کەس بە هەمان مادە دەستگیربکرێن، من و چەند کەسێکی ترمان ئازاد کراین، دوو ساڵ حوکم درابوین ساڵێک و حەوت مانگ لە زیندادابووین، ئێستا گیراوانی تر کە هەمان مادەن بۆچی ئازاد نەبوون، یەکێک لە گیراوەکان بە ناوی ئەمجەد ڕێکانی لە ناو زیندان تووشی ڤایرۆسێک بووە، بارودۆخی تەندروستی زۆر خراپە و پێویستی بە دەرەوەیە، بە گشتی گیراوان لە دۆخێکی خراپدان."

سەبارەت بە شێوازی مانگرتنەکەی، بێریڤان دەڵێت هەوڵ دەدات مانگرتنەکەی تەنیا لە ماڵەوە نەبێت بەڵکو بچێتە شوێنێکی گشتی بەو هیوایە خەڵکی تریش بەشداربن.

بێریڤان داوا دەکات ڕێخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە تەندروستیەکان سەردانی زیندانەکان بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی زیندانیان بن، وە داوا دەکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زوویی زیندانیان ئازاد بکات.

سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی خۆی، بێریڤان دەڵێت لە ئێستادا لە ڕەوشێکی خراپی تەندروستیدایە، ئەو دەڵێت دووچاری چەندین نەخۆشی هاتووە لەو کاتەی لە زینداندا بووە، بەڵام بەردەوام دەبێت لە مانگرتن تا چارەنووسی زیندانیان یەکلادەبێتەوە.

بێریڤان بەرگارەیی کە لە 13ی مانگی 10ی ساڵی2020 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا دوای بەشداریکردنی لە چەند چالاکی و گردبوونەوەیەک و لە دوای ساڵێک و حەوت مانگ لە بەرواری 10ی مانگی 5ی 2022 ئازاد کرا، دەڵێت دەبوایە پاداشت بکرێن نەک بخرێنە زیندانەوە.

دەستگیرکراوانی بادینان بە پێی مادەی ژمارە (یەک) کە تایبەتە بە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی نیشتیمانی حوکمدران، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم دەڵێن ئەم کەسانە تاوانبارن بە تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی و تاوانی سیخوڕیشیان بۆ چەند وڵاتێک درایە پاڵ.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی سنور کەریم