بلینکن: کردەوەکانی چین لە دەوروبەری تایوان ناڕەوا و ناڕێژەیین

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، مەشقە سەربازییەکانی چین لە دەوروبەری تایوان لە وەڵامی سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ دوورگەی خۆبەڕێوەبەری، پەرەسەندنێکی ناڕێژەیی و ناڕەوایە.

بلینکن ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەریکا چەندین جار بۆ چین ڕوونی کردووەتەوە کە بەدوای قەیراندا ناگەڕێت، گوتیشی، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی نیگەرانی جددییان هەیە لەسەر دوایین کارەکانی چین.

چین گەورەترین مانۆڕی سەربازی لە گەرووی تایوان ئەنجام دەدات، لەوانە هەڵدانی مووشەکی لە دەوروبەری ئەو دوورگەیەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات بەشێکە لە خاکی سەروەری خۆی.

بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسیان گوتی "هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەم وەڵامە سەربازییە توندئاژۆ و ناڕێژەیی و پەرەسەندووە"، ئاماژەی بەوەشکرد " لە ئێستادا کردەوە مەترسیدارەکانیان بردۆتە ئاستێکی نوێ".

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا ڕێوشوێنی پەرەسەندنی قەیران ناگرێتەبەر. بەڵام بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی هاوپەیمانە ناوچەییەکان و گواستنەوەی ستانداردی ئاسمانی و دەریایی لە ڕێگەی گەرووی تایوانەوە .

گوتیشی "لە هەر شوێنێک یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگەیان پێبدات، بە ڕێگەی ئاسمانیدا فڕین ئەنجام دەدەین، بە ڕێگەی ئاوی بە کەشتی دەڕۆین و کار دەکەین."