ئێران داوای وەڵامێکی واقیعی لە ئەمەریکا دەکات بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویانکردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە داوای "وەڵامێکی واقیعی" لە ئەمەریکا کرد، سەبارەت بە پێشنیارەکانی ئێران لەسەر دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە ڤیەننا بە ئامانجی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی تاران لەگەڵ زلهێزانی جیهان.

میدیاکانی دەوڵەت بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان لەسەر پێشنیارەکان بخەنەڕوو، ڕایانگەیاند "حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، جەختی لەسەر پێویستی وەڵامدانەوەی واقیعی ئەمەریکا کردەوە بۆ پێشنیارە بنیاتنەرەکانی ئێران لەسەر پرسە جیاوازەکان بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە کارا بکرێتەوە."

ڕێکەوتنەکە لە مانگی سێدا نزیک ببۆوە لە زیندووکردنەوە دوای یازدە مانگ لە دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن لە ڤیەننا.

بەڵام پرسە جۆراوجۆرەکانی وەک پێداگری تاران لەسەر لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستە بیانییەکانی ئەمەریکا پێشکەوتنەکانی وەستاند.

شیانی باسە ساڵی 2018 سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزا توندەکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، ئەمەش واهای لە تاران کرد دەست بکات بە پێشێلکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە و پەرە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز