بڕیاروابوو كاتژمێر پێنجی ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە كاتی هەرێمی كوردستان بەشێک لە خەڵکی و لایەنگران و کاربەدەستانی نەوەی نوێ لەناو سەنتەری شاری هەولێر خوپێشاندانێك ئەنجام بدەن بەڵام ڕێگەنەدرا ئەو خوپێشاندانە ئەنجام بدرێت، وەک خۆیان دەڵێن خوپێشاندانەکە لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و کەمی خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەدەچوو بەڵام وەک دەڵێن لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگریان لێکراوە و ڕێگە نەدرا خۆپێشاندانەکە بكرێت.
سەبارەت بە ڕێگەنەدان لە بەڕێوەچوونی خوپێشاندان و دەستگیرکیرکردنی ئەو کەسانەی کە دەیانویست خوپێشاندان بکەن، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكیدا تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەوانەی کە دەستگیرکراون لە چوارچێوەی یاسا دەستگیرکراون کە خوپێشاندانێک مۆڵەتی نەبێت ئەوان هانی خوپێشاندان و خەڵکی بدەن بۆ ئـەوەی ئەمنیەتی شار تێک بچێت ئـەوا بە دڵنیایی لە چوارچێوەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، خوپێشاندانەکە مۆڵەتی نەبووە مۆڵەتیان داواکردووە بەپێی دەسەڵاتی خۆمان داواکاریەکەیان موقنیع نەبووە و وەڵامیان دراوەتەوە لەوەی کە ڕەزامەندیتان نادرێتێ لەشاری هەولێر ئەنجام بدرێت، ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێ بابەتێکی دیکەیە و هیچ پەیوەندیەکی بەهەرێمی کوردستانەوە نییە".
بەشێك لە خۆبەخش و ئەندامان و پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ دەستگیركراون، لەوبارەیەوە سیپان ئامێدی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ بە دەنگی ئەمەریکا گووت" ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخشان و سەرکردایەتی نەوەی نوێ لە هەولێر لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون و چارەنووسیان نازانین و هیچ ئەنجامێک نییە".
ئەو پەرلەمانتارەی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ دەشڵێت" چەندین پەرلەمانتار و سەرکردایەتی نەوەی نوێ دەستگیر کراون و زیاد لە ٣٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکدار چواردەوری ئۆفیسی سەرۆکی جولڵنەوەی نەوەی نوێیان داوە، نەوەی نوێ پاراستنی گیانی سەرۆک و سەرکردایەتی و پەرلەمانتارانی جوڵانەوەکە دەخاتە ئوستۆی دەسەڵات و تەواوی کۆنسوڵیەت و باڵیۆزی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادار کراونەتەوە، چونکە ئەمە پرسێکە بۆ داواکردنی مافی هاووڵاتیانە".
بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا هەریەکە لە ڕۆژنامەنووسان هێرش قادر و ئومێد چۆمانی و ڕزگار کۆچەر کە هەرسێکیان پەیامنێرن لە کەناڵی NRT لە هەولێر دەستگیرکراون هەروەها ئەیوب وەرتی پەیامنێری KNN لە هەولێر دەستگیرکراوە، ڕێگەش نەدراوە فەرمان سادق پەیامنێری پەرەگراف بەردەوام بێت لە پەخشی ڕاستەوخۆ كە وەك خۆی دەڵێت سەبارەت بە پرسی بازاڕ و خوپێشاندانەکانەوە ڕاستەوخۆی دەكرد.
سەبارەت بە هەڵوێستی لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان لە کاتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و هەوڵەکانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە، دکتۆر نەزاکەت حەمە سەعید سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای گوت" دەستگیرکردن یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە بەپێی یاسای ژمارە 35 نابێت هەبێت واتا هەر ڕەتی کردووەتەوە، دەستگیرکردن جگە لەوەی کە وەکو پێشێلکاری تۆمار دەکرێت ئێمە بەیاننامەمان دەبێت وە لە ڕێگەی لقەکانمانەوە بەدواداچوون دەکەین و هەوڵی ئازادکردن دەدەین و لەهەمانکاتیشدا ئەگەر پێویستی بە پارێزەریش بوو بۆ ڕۆژی دادگاییکردن ئەوا پارێزەریشی بۆ دەگرین، بۆیە لەکاتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووساندا یان حاڵەتی توندی وەکو لێدان یان هەر پێشێلکاریەکی توند ئێمە هەڵویستی خۆمان دەبێت لە ڕێگەی بەیاننامە و ئەو ڕێکارانەی کە باسمکرد".
جیهاد وەیسی پەیامنێری کەناڵی NRT لە هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هێزێکی زۆری ئەمنی لەناو شاری هەولێر بڵاوەیان پێکرابوو جگە لەوەی کە ڕێگری لە خوپێشاندان کرا تیمێکی کەناڵی ئێن ئاڕتیش دەستگیرکران، چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی خوپێشاندان لە بەردەم قەڵا بەڕێوەبچێت چەند هێزێکی ئەمنی لە دەوروبەری قەڵا بڵاوەیان پێکراو پێش ئەوەی بگەیتە شوێنی خوپێشاندانەکە چەند مەفرەزەیان دانابوو تەنانەت نەیاندەهێشت مۆبایلیش دەربهێنرێت ئەمەش وایکرد کە خوپێشاندانەکە بەڕێوەنەچێت".
جێی باسكردنە ڕۆژی شەممە لە بەشێك لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەشێكی هاوڵاتیان خوپێشاندانیان ئەنجامدا و تێیدا داوای خزمەتگوزاری زیاتر و دامەزراندن و دەرفەتی كاریان دەكرد.
Your browser doesn’t support HTML5