تا ئێستا 12 کەشتی بارهەڵگری دانەوێڵە ئۆکرانیایان جێهێشتووە

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند؛ ڕۆژی سێشەممە دوو کەشتی دیکەی دانەوێڵە بەندەری چۆرنۆمۆرسکی ئۆکرانیایان بەجێهێشت، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی دەریایی ئۆکرانیا، بەمەش کۆی گشتی ئەو کەشتییانەی کە وڵاتەکەیان بەجێهێشتوو لەژێر ڕێککەوتنێکی پاراستنی سەلامەتیان گەیشتە 12 کەشتی.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە کەشتی شێری ئۆقیانووسی بەرەو کۆریای باشوور بەڕێکەوتووە و 64 هەزار و 720 تەن گەنمەشامی هەڵگرتووە، لە کاتێکدا کەشتی ڕەحمی یاگچی پێنج هەزار و 300 تەن گوڵەبەڕۆژەی بۆ ئیستەنبوڵ بردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا مانگی ڕابردوو نێوەندگیری ڕێککەوتنەکەیان کرد دوای ئەوەی هۆشداری درا لەوەی ڕاگرتنی بارکردنی دانەوێڵە بەهۆی شەڕەکەوە دەبێتە هۆی کەمی خۆراک بە ڕادەیەکی زۆر و تەنانەت سەرهەڵدانی برسێتی لە بەشێک لە جیهاندا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریدا هاتووە، چوار کەشتی کە ڕۆژی یەکشەممە ئۆکرانیایان بەجێهێشتووە، لە نزیک ئیستەنبوڵ لەنگەریان گرتووە و ڕۆژی سێشەممە پشکنینیان بۆ دەکرێت.

پێش ئەوەی ڕووسیا لە 24ی مانگی دوودا هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێبکات کە ڕووسیا بە "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت" ناوی دەبات بۆ داماڵینی سەربازی دراوسێکەی، ئەو دوو وڵاتە پێکەوە نزیکەی یەک لەسەر سێی هەناردەی گەنمی جیهانیان دابین دەکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز