سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا دڵنیایە لەوەی حکومەتی سوریا ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی ئۆستین تایسی دەستبەسەرکردووە کە دە ساڵ لەمەوبەر لەو وڵاتەدا بەهۆی شەڕەکانەوە بێسەروشوێن بووە. داواشی لە دیمەشق کرد یارمەتی بدات لە هێنانەوەی تایس بۆ وڵاتەکەی خۆی.
ئەم قسانەی بایدن لە بەیاننامەیەكدا هات كە كۆشكی سپی بۆ یادی 10 ساڵەی ڕفاندنی تایس پێشکەشیان کرد، ئەوكاتەی کە تایس لە سوریا بوو و ڕووماڵی شەڕەکانی ئەو وڵاتەی دەكرد كە تائێستاش بەردەوامە. تا ئێستا ئەمە ڕوونترین ئاماژەیە کە ئەمەریکا دڵنیایە لەوەی تایس لەلایەن حکومەتەکەی بەشار ئەسەدەوە دەستبەسەرە.
تایس هەر دوابەدوای ماوەیەکی کەم لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونیدا کە دەبێت بە 31 ساڵ لە 14 ی مانگی هەشتی سآڵی 2012 دا لە خاڵێکی پشکنین لە ناوچەیەکی کێشەلەسەر لە ڕۆژئاوای دیمەشقی پایتەختی سوریا بێسەروشوێن بووە. لە ڤیدیۆیەکدا کە دوای مانگێک بڵاوکرایەوە، دەردەکەوێت کە چاوی بەستراوە و لەلایەن کەسانی چەکدارەوە دەستبەسەر کراوە و دەڵێت Oh, Jesus "ئۆه عیسا". لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێکی نییە.
لە بەیاننامەکەدا بایدن دەڵێت "ئێمە بە دڵنیاییەوە دەزانین کە ناوبراو لەلایەن حکومەتی سوریاوە دەستبەسەر کراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "چەندین جار داوامان لە حکومەتی سوریا کردووە کار لەگەڵ ئێمەدا بکات بۆ ئەوەی بتوانین ئۆستن بگەڕێنینەوە بۆ نیشتیمان."
بایدن گوتیشی لە یادی 10 ساڵەی ڕفاندنیدا، داوا لە سوریا دەکەم کۆتایی بەم کارە بهێنێت و یارمەتیمان بدات بۆ هێنانەوەی بۆ نیشتیمان. ئاماژەی بەوەشکردووە "هیچ ئەولەویەتێکی باڵاتر لە ئیدارەکەی مندا لەئارادا نییە بێجگە لە گەڕانەوەی ئەو ئەمەریکاییانەی کە بە بارمتە گیرابوون یان بە هەڵە لە دەرەوەی وڵات دەستبەسەر کرابوون".
چوار ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی ئەمەریکا لە ڕێی جەیمس جێفری نوێنەری سوریاوە ڕایگەیاند؛ پێدەچێت تایس لە ژیاندا بێت و لە سوریا بە بارمتە گیرابێت. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە چۆن و بۆچی بەرپرسان باوەڕیان بەم شتە هەیە و کێ دەست بەسەری کردبێت.
لە مانگی 5ی ئەمساڵدا ژەنەڕاڵی باڵا عەباس ئیبراهیم بەرپرسی باڵای ئاسایشی لوبنان لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کۆبووەوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری نێوان ئەمریکا و سوریا بۆ ئازادکردنی تایس. هاوکات عەباس ئیبراهیم کە سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی لوبنانە لە ماوەی ڕابردوودا ناوبژیوانی ئازادکردنی بارمتە کێشەلەسەر و ئاڵۆزەکانی کردووە.
تایس یەکێکە لەو دوو ئەمەریکاییەی کە لە سوریا بێسەروشوێن بوون. ئەوی دیکەیان مەجد کەمالماز، دەروونناسە و خەڵکی ویلایەتی ڤێرجینیایە و لە ساڵی 2017 لە سوریا دیارنەماوە.
هەروەها ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی هەموو ئەو ڕێگایانەی کە لە بەردەستدان بۆ هێنانەوەی ئۆستن بۆ نیشتیمان و ماندوو نەناسانە کار دەکەین تاوەکو سەرکەوتوو دەبین لەم کارەدا."
بلینکن ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕۆجەر کارستێنز نێردەی تایبەتی سەرۆک بۆ کاروباری بارمتەکان بەردەوام دەبێت لە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوریا بە هەماهەنگی نزیک لەگەڵ کۆشکی سپی و شانەی وەرگرتنەوەی بارمتە و وەزارەتی دەرەوە.
لە ساڵی 2016 دا فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی سوریا بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندبوو، "ئۆستن تایس لە دەستی دەسەڵاتدارانی سوریادا نییە، بە هیچ شێوەیەک هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ئەوەوە نییە". میقداد لە ئێستادا وەزیری دەرەوەی سوریایە.
لە مانگی 5 دا بایدن چاوی بە دایک و باوکی تەیس کەوت و پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لە ڕێگەی هەموو ڕێگاکانی بەردەستەوە بۆ دەستەبەرکردنی "گەڕانەوەی ئۆستن کە لەمێژە دواکەوتووە بۆ خێزانەکەی."
تایس خەڵکی شاری هیوستن و کارەکانی لەلایەن واشنتۆن پۆست و ڕۆژنامەکانی مەککلاچی و دەزگاکانی دیکەوە بڵاوکرابوونەوە. ناوبراو بۆ ڕووماڵکردنی ئەو شەڕ و ململانێیەی کە لە ساڵی 2011 دا دەستی پێکرد چوو بۆ سوریا و لەو کاتەوە سەدان هەزار کەس لەو وڵاتە کوژراون و نزیکەی نیوەی دانیشتوانەکەی ئاوارەبوون کە پێش جەنگەکە کە کۆی دانیشتوانەکەی 23 ملیۆن کەس بووە؛ هاوکات زیاتر لە 5 ملیۆن لەو ئاوارانە پەنابەری وڵاتانی دەرەوە بوون.
لە مانگەکانی کۆتایی ئیدارەکەی ترامپدا، دوو بەرپرسی ئەمەریکایی لەنێویاندا دانوستانکاری باڵای بارمتەکانی حکومەت، کارستنز سەردانێکی نهێنییان بۆ دیمەشق ئەنجامدا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر تایس و ئەمەریکاییەکانی دیکە کە لە سوریادا دیارنەماون. ئەوە باڵاترین گفتوگۆ بوو لە ساڵانی ڕابردوودا لە نێوان ئەمەریکا و حکومەتی ئەسەد دا، هەرچەندە بەرپرسانی سوریا هیچ زانیارییەکی ماناداریان لەبارەی تایسەوە پێشکەش نەکرد.
بایدن گوتیشی "بنەماڵەی تایس شایەنی وەڵامن، لەوەش گرنگتر شایەنی ئەوەن کە بەخێرایی لەگەڵ ئۆستین بەیەک شادببنەوە."