ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕۆژی هەینی یەکتریان بە مەترسی کارەساتی ئەتۆمی تۆمەتبار کرد لە ڕێگەی تۆپبارانکردنی گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی لە ئەوروپا کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە داگیرکراوە، لە ناوچەیەکدا کە پێشبینی دەکرێت ببێتە یەکێک لە هێڵە گەورەکانی پێشەوەی داهاتووی ئەو جەنگە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا داوایان کرد مۆسکۆ هێزەکانی لە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا بکشێنێتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕۆژی پێنجشەممە داوای کرد وەک ناوچەیەکی داماڵڕاو لە چەک و لەشکر ڕابگەیەندرێت. بەڵام تا ئێستا هیچ نیشانەیەک لەئارادا نیە کە ڕووسیا ڕازی بێت بە گواستنەوەی سەربازەکانی بۆ دەرەوەی ئەو دامەزراوەیەی کە لە مانگی 3 ی ئەمساڵەوە دەستیان بەسەردا گرتووە.
ئەم کارگەیە باڵیکێشاوە بەسەر بەرزاییەکانی کەناری باشووری کۆگایەکی هێجگار گەورە لەسەر ڕووباری دنیپرۆ کە بە باشووری ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت. هێزەکانی ئۆکرانیا کە کۆنتڕۆڵی شارۆچکە و شارەکانی کەناری ئەوبەری ویستگە ئەتۆمییەکەیان کردووە، کەوتوونەتە ژێر بۆردومانی بێشوماری لایەنی ژێردەستی ڕووسیاوە.
ڤالێنتین رێزنیچێنکۆ پارێزگاری ناوچەی دنیپرۆپترۆڤسک لە دوایین ڕاپۆرتی هاوشێوەدا ڕایگەیاندووە؛ لە شەوێکدا بەهۆی تۆپبارانکردنی یەکێک لەو شارۆچکانەوە سێ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون و منداڵێک لە نێو بریندارەکاندایە.
کیێڤ چەند هەفتەیەکە ڕایگەیاندووە کە پلانی هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی زاپۆریژیا و پارێزگاکانی خێرسۆنی دراوسێی، کە گەورەترین بەشە لەو خاکەی کە ڕووسیا دوای مانگی 2 داگیریکردووە، هێشتا لە دەستی ڕووسیایە. مۆسکۆ بەرپرسانی ناوچەکەی دامەزراندووە کە دەڵێن بە نیازن ڕیفراندۆمێک سازبکەن بۆ ئەوەی پەیوەستبن بە ڕووسیاوە.
ئاژانسی ئێنێرگۆاتۆمی ئۆکرانیا کە هێشتا کرێکارەکانی لە ژێر داگیرکاری ڕووسیادا کارگەکە بەڕێوەدەبەن، ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی پێنجشەممە پێنج جار وێستگەی کارەبای ئاژانسەکە بەر بۆردومان کەوتووە، لە نزیک ئەو شوێنەی کە ماددە تیشكدەرەکان هەڵدەگیرێت. هەردوولا یەکتریان بە هۆکاری تەقینەوە و بۆردومانەکان تاوانبار کردووە و ڕۆیتەرزیش لەو بارەیەوە نەیتوانی هیچ کام لە لێدوانەکان پشتڕاست بکاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز