مانۆڕی جەماوەری لایەنگرانی هێزە شیعەکان دۆخی بەغدای ئاڵۆزکردووە

بەغدای پایتەختی عێراق ڕۆژێکی پڕ لە خرۆشانی جەماوەری بەڕێکرد، لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە ناوچەی سەوز بەردەوامییان بەخۆپیشان دا، بە هەزاران خۆپیشاندەری چوارچێوەی هەماهەنگیش لە ناوچەی جادریەی بەغدا، دووەم خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامدا، خەڵکانی ناڕازی عێراقیش، کە بە تشرینییەکان ناسراون و لە هەردوو بەرەکە ناڕازین لە گۆڕەپانی فیردەوس گردبوونەوە.

خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی، کە داواکارییەکانیان دژ بە یەکبوو، تەنها ناکۆکییە سیاسییەکانیان قوڵکردەوە، ئەگینا ڕەوتی سەدر ڕژدە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش، داواکارییەکانی ڕەوتی سەدریان رەتکردەوە و داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتییان دەکرد.

دروشمی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر، ئەنجامدانی چەکسازی و دوورخستنەوەی گەندەڵکارانە، لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش، وێڕای هێرشکردنە سەر حکومەتەکەی مستەفا کازمی، ڕەوتی سەدر بە شکاندنی شکۆی دامەزراوە یاساییەکانی عێراق تۆمەتبار دەکەن.

لایەنگرانی ڕەوتی سەدر، دوو هەفتەیە بەردەوامن لەسەر خۆپیشاندان و بینای پەرلەمانییان کۆنتڕۆڵکردووە، ڕێگە نادەن دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئەنجام بدرێت، ڕەتیشی دەکەنەوە ناوچەی سەوز جێبهێڵن، تا ئەو کاتەی پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت. چاوەڕوان دەکرێت لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش، لە نزیک ناوچەی سەوز خێوەت هەڵبدەن و دژی خواستەکانی ڕەوتی سەدر بمێننەوە.

سالار مەحمود چاودێری سیاسی، ئاماژە بەوەدەکات دۆخی عێراق بەرەو خراپتر دەڕوات، چونکە هیچ لایەک تەنازول بۆ لاکەی تر ناکات، لایەنێکی کاریگەریش نییە، هەردوو بەرە شیعییەکە ناچار بکات و لەسەر مێزی گفتووگۆ کۆیان بکاتەوە، گوتی"ئێستا مانۆڕی خەڵکە، بەڵام مانۆڕەکان بەرە و مانۆڕی چەکداری دەڕۆن، شەڕە لەسەر خاوەندارێتیکردنی ناوچەی سەوز."

سالار مەحمود ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند"ململانێکان لە پێکهێنانی حکومەت دەرچوون و گەیشتوونەتە کەناری تەقینەوە، زەمینەی شەڕ رەخساوە، بەڵام گڕتێبەردانی ماوە، ئێستا هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن شەڕ ڕوو نەدات."

حکومەتی ئێستا عێراق کە مستەفا کازمی سەرۆکایەتی دەکات، دوای خۆپیشاندانی تشرینییەکان و ڕووداوەکانی ساڵی 2019 پێکهێنرا، لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی تۆمەتباری دەکەن بە لایەنگیری کردنی ڕەوتی سەدر و دەیانەوێت دووری بخەنەوە.

لە کاتێکدا ڕەوتی سەدر پشتگیری مانەوەی حکومەتەکەی کازمی دەکات، دەیەوێت پەلە بکرێت لە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە ژێر سایەی ئەم حکومەتەدا، لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش، دەیانەوێت هەرچی زووە حکومەتی نوێ پێکبهێنن و دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی سەدر دەربهێنن.

رابیحە حەمەد بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"لایەنە شیعەکان پێیانوایە کازمی ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت."

ڕەوتی سەدر، دەیەوێت لە ڕێگەی خۆپیشاندان و شەقامەوە لایەنە ڕکابەرەکانی ناچار بکات، مل بۆ خواستەکانی بدەن، بۆیە چوارچێوەی هەماهەنگیش، دووەم خۆپیشاندانی جەماوەرییان بۆ وەڵامدانەوەی سەدر ئەنجامدا. بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، چەکدارێکی زۆری حەشدی شەعبی بەجلی مەدەنییەوە بەشداری خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی هەینییان پێکرا، تا قەرەباڵغتری بکەن و شانازی شەقام لە سەدر وەربگرنەوە.

نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند"خۆپیشاندانی ئەمڕۆ دەریخست، لایەنێک بە تەنها ناتوانێت دەست بەسەر شەقامدا بگرێت."

بە ڕای چاودێران، کشانەوەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق هەڵەیەکی ستراتیژی بوو، چونکە پێشتر بە ئاسانی دەیتوانی داواکارییەکانی ئێستای کە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت جێبەجێ بکات، بەڵام گۆڕەپانەکەی بۆ ڕکابەرەکانی جێهێشت و لە ئێستادا ئەوان، خواستەکانی سەدر کە لەدەرەوەی پەرلەمانە، ڕەتدەکەنەوە.

سالار مەحمود گوتی"ناتوانرێت حکومەتێکی هەمیشەیی پێکبهێنرێت، چارەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی یە، بەشێوەیەک ئەو لایەنەی لە دەرەوەیە، هەست بکات بەکاتی بوونی حکومەتەکە."

سەرباری خۆپیشاندانی ئەمڕۆ هەینی دوو بەرە شیعییەکە لە دژی یەکتر، بەڵام ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا پێداگیرن لەسەر خواستە دژ بە یەکەکانیان و پەیوەندی نێوانیان لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە، بۆیە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ تەنها بە مانۆری جەماوەری بەرامبەر بە یەکتری لێکدەدرێتەوە.