شاندێکی یاسادانەرانی ئەمەریکا دەگەنە تایوان

جێگری وەزیری دەرەوەی تایوان پێشوازی لە سیناتۆری ئەمریکی ئێد مارکی دەکات

شاندێکی یاسادانەرانی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە گەیشتنە تایوان بۆ سەردانێکی دوو ڕۆژە، و لەو ماوەیەدا چاویان بە سەرۆک تسای ئینگ وێن دەکەوێت، کە ئەوەش دووەم گروپی ئاست باڵای ئەمەریکایە لە کاتێکدا گرژییە سەربازییەکانی لەگەڵ چینی دراوسێی بەردەوامە.

پەکین کە بانگەشەی ئەوە دەکات تایوان خاکی خۆییەتی، لە دەوروبەری دوورگەکەدا مەشقی سەربازی ئەنجامداوە بۆ دەربڕینی توڕەیی خۆی لە سەردانەکەی ئەم مانگەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان ·

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تایپی رایگەیاندووە، شاندەکە لەلایەن سیناتۆر ئێد مارکییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە چوار یاسادانەری دیکە یاوەری دەکەن، کە وەک بەشێک لە سەردانێکی گەورەتر بۆ ناوچەی هیندۆ-ئاسیایی وەسفی کردووە.

نوسینگەی سەرۆکایەتی تایوان ڕایگەیاند کە گروپەکە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە چاوی بە تسای دەکەوێت. لە بەیاننامەیەکدا هاتووە "بەتایبەت لە کاتێکدا چین بە مانۆڕی سەربازی گرژییەکان لە تەنگەی تایوان و ناوچەکە زیاترکردووە، مارکی بە سەرکردایەتی شاندێک بە سەردانی تایوان جارێکی دیکە پاڵپشتی توندی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ تایوان نیشان دەدات".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز