تاڵیبان و زەوتکردنی مافەکان لە ئەفغانستانێکی بە شەڕ وێرانبوودا

لە هەر ڕەهەندێکەوە و لە هەرچ گۆشەنیگایەکیشەوە دەڕوانیتە ڕەوشی ئەفغانستان ئەوا دەستبەجێ قەیران دەبینرێت و بێتوانایی دەسەڵاتی تاڵیبانەکانیش بەشێکی گەورەی وێناکردنی ڕۆژانەی ئەفغانستانە.

دەشێت تاڵیبان خاوەنی چەکداری بەهێز بێت و سڵ لە هێرشکردن و پەلاماردان نەکاتەوە، بەڵام ئەزموونی یەک ساڵی فەرمانڕەوایەتیکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە پێمان دەڵێت ئەم ڕێکخراوە توندڕەوە خاوەن میلیشیایە چەندێک لاوازە لە دۆسێکانی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو لاوازییەی تاڵیبان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دنیابینی نوێ و خۆ نەگونجاندن لەگەڵ ڕێوشوێنە نوێیەکانی بەڕێوەبردن و سیاسەتکردن لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی.

دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، تاڵیبان لە چەندان بەرەوە دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکە و لە ماوەیەکی کورتدا توانی دەستبگرێت بەسەر زۆربەی شار و شارۆچکە گرنگەکاندا.

هاوپەیمانان لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمدا لە ئەفغانستان، مەشق و ڕاهێنانیشیان دەکرد بە هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە و چەکی جۆراوجۆریش بۆ ئەو هێزانە دابین دەکرا؛ بەڵام تەواوی هێزە ئاسایشییەکان لە بەردەم هێرشەکانی تاڵیباندا داڕمان و حکومەتی وڵاتەکەش هەڵوەشایەوە و سەرۆکی ئەو کاتەی ئەفغانستانیش وڵاتەکەی جێهێشت.
لە ئێستادا ڕەوشی ئەفغانستان پاش یەک ساڵ لە کشانەوەی ئەمەریکا و هەڵوەشاندنەی حکومەتی وڵاتەکە و فەرمانڕەوایەتی تاڵیبان بە بەراورد لەگەڵ پێشتردا وەک دەگوترێت " لە ڕەوشێکدایە ئیرەیی پێنابرێت."

ئارزەخش حافیزی، سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانی ئەفغانستان دەڵێت ئەو سێ بابەتە هۆکارە سەرەکییەکانن لە پشت هەروادێ و خراپبوونی ڕەوشی وڵاتەکەیەوە و دەڵێت "حکومەتی پێشووی ئەفغانستان زۆر گەندەڵ بوو، نەیدەتوانی کاری باش بکات بەهۆی ئەو هەموو گەندەڵییەی تێوەی گلابوو، خەڵکی وڵاتەکەش بڕوای پێی نەمابوو."

بەڕێز حافیزی، لە لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی گەندەڵییەکانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان وەهایان کردبوو ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی هەژاری و بێکاری زیاتر بن و هەروەها ئاستی متمانەش بە حکومەت زۆر کەم ببێتەوە.


هۆکارێکی تریش وەک سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانی ئەفغانستان دەڵێت "وتووێژەکانی ئەمەریکا و تاڵیبان بوو لە دۆحە، لێرەدا لاوازیی حکومەتی ئەفغانستان بە ئاشکرایی دەرکەوت کە ناتوانێت هیچ دۆسێیەک بەڕێوەبەرێت."

ڕێککەوتنی دۆحە، لەناو ئەمەریکاشدا مشتومڕێکی زۆری دروست کرد و زۆرێک لە شیکەرەوە و چاودێر بە ئێستاشەوە لەو بڕوایەدان ئەو ڕێککەوتنە هێزی دایەوە بە بەر تاڵیباندا و جارێکی تر تاڵیبانی کردەوە بە ئەکتەرێکی ڕاستەوخۆی دیمەنە سیاسییەکانی ناو ئەفغانستان.


برادلی بۆومان، لێکۆڵەری باڵا لە نێوەندی داکۆکیکردن لە دیموکراتییەکان، لە دیمانەکەیدا لەگەڵ بەرنامەی چاوی واشنتۆندا دەڵێت "ڕێککەوتنەکەی نێوان بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ و تاڵیبان بەهای ئەو لاپەڕانەی نەبووە کە ڕێککەوتنەکەی لەسەر نووسرا، ئەو کاتە جێی پێکەنین بوو و ئێستاش مایەی پێکەنینێکی زیاترە."

بۆومان دەڵێت "ئەگەر بەشی دووهەمی ئەو ڕێککەوتنە بخوێنیتەوە دەردەکەوێت تاڵیبان نەیویستووە دڵنیایی بدات بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە. تاڵیبان هەرگیز نەیویستووە خۆی لە ئەلقاعیدە داببڕێنێت و لە ئایندەشدا شتی وەها ناکات، بە هەرچ شێوەیەکیش لێکدانەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە بکرێت ئەو ڕاستییە بە ڕونی دەردەکەوێت."


بەپێی ئەو ڕێککەوتنە دەبووایە هێزە بیانییەکان (هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان) لە ئەفغانستان بکشێنەوە، لە دوای دەستپێکردنی کشانەوەکەش ڕای جیاواز لەناو ئەمەریکادا هاتە ئاراوە و هەندێکیان پشتیوانییان لە بڕیارەکە دەکرد و دەگوترا، پاش 20 ساڵ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەفغانستان پشت بە تواناییەکانی خۆی ببەستێت و خۆی بەڕێوەببات و سود لە تەواوی هاوکاری کۆمەکە مرۆییە نێونەتەوەییەکان ببینێت.

بەڵام برادلی بۆومان، ئەو کشانەوەیەی ئەمەریکا بە کارێکی نەشیاو دەزانێت و دەڵێت "ئەوەی پێویست بوو بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا بیکات پێکهێنانی هێزێکی ئابوری بوو، دانانی بەرنامەی مەشق و ڕاهێنان بوو، مانەوەی هێزێکی لەشکری بوو لەوێ تەنانەت ئەگەر بچوکیش بووایە، جا سودەکانی چی دەبوون؟ یەکەم زانیاری باشترمان دەبوو لەسەر ئەوەی تێرۆریستان چی دەکەن و دەتوانرا وەڵامی بەهێزتری تێرۆریستان بدرایەتەوە، ئاگاهیشمدا لەوەی ئەگەر ئەفغانستان جێبهێڵین ئەوا زانیاریمان نابێت سەبارەت بەوەی چی ڕوودەدات و تواناییەکی ئەوتۆشمان نابێت بۆ بەرسڤدانەوەی ڕووداوەکان، بەداخەوە ئێستا ڕێک ئەوە ڕوودەدات."

سەبارەت بە ئێستای ئەفغانستان، بەڕێز بۆومان گەشبین نییە نە بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە و هەروەهاش لە پەیوەندی بە دۆسێی ئاسایشی ئەمەریکاوە، دەڵێت "ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ هەمان ڕەوشی ڕۆژی 10ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 ، تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کردووە و ئەلقاعیدەش لەوێ داڵدە دراوە."


ئارزەخش حافیزی، سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانی ئەفغانستان دەڵێت ئەوەی جێی سەرنجە نە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان هەوڵێکی ڕژدی بۆ داوە و نە حکومەتی تاڵیبانیش دەزانێت چۆن ژێرخانێکی ئابوری نیشتمانیانە پێکبهێنرێت تا وڵاتەکە بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت، هەربۆیەشە وەک دەڵێت "ئەفغانستان لە کارەساتێکی نیشتمانی و ئابوری کۆمەڵایەتیدا دەژی."

حکومەتەکەی تاڵیبان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دانیپێدانەنراوە و پێشناچیت هەروا بە زوویی دان بە فەرمانڕەوایەتی تاڵیباندا بنرێت.

کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی مەرجی هەیە بۆ ئەو دانپێدانانە و پێویستە تاڵیبان بەپێی ڕێوشوێن و پێوانە نێونەتەوەییەکان کار بکات، نەک بە هەمان شێوازی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو.

ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەها دیموکراتییەکان بەشێکی گرنگی ئەو پێوانانەن کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی جەختی لێدەکاتەوە.

بەڕێز حافیزی باس لە یارمەتی و کۆمەکی وڵات و گەلی ئەفغانستان دەکات و دەڵێت "لە ئاوەها ڕەوشێکدا گەورەترین یارمەتی و کۆمەک کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بتوانێت بۆ ئەفغانستان و بۆ گەلی ئەفغانستانی دابین بکات بریتییە لە دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و ئابوری لە پێناو فەرمانڕەوایەتییەکی باشدا، چونکە وڵات و گەلی ئەفغانستان شایستەی ژیانێکی ئاسودە و ئاشتیانە و سەقامگیرن."


تۆمارەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان لە ڕەوشێکی ناهەموار و خراپیشدایە، بە تایبەتیش کاتێک باس دێتە سەر ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و ئازادییە سیڤیلییەکان.
تاڵیبان بەپێی ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکان بەرپرسیارە لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان و هەروەهاش نەیارەکانی خۆی.

ژنان لە ئەفغانستان لە ڕەوشێکی تابڵێی ناهەمواردا ژیان بەسەر دەبەن، لەم ماوەیەی ڕابردوودا ژنانی ئەفغانستان خۆپیشاندانیان کرد دژ بەو سیاسەت و ڕێبازەی تاڵیبان گرتونیەتەبەر لە بەرامبەر ژناندا.

سورەیا هەقیار، چالاکوانێکی مافە سیڤیلییەکانە لە ئەفغانستان و دەڵێت ئەم 12 مانگەی ڕابردووی ژیانی ژێر دەستی تاڵیبان ڕەشترین و سەختترین ڕۆژەکانی ژیانییەتی.

خانم هەقیار، لە لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "لەم ساڵەی ڕابردوودا زۆر شتمان لەدەستداوە، ژمارەیەکی زۆری ژنان بێکار ماونەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر ژنان لە ئۆفیسەکانی حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا کاریان دەکرد، زۆر ژن ئەفغانستانیان جێهێشتووە بەهۆی هەڕەشەکانی تاڵیبانەوە."


سورەیا هەقیار ئاماژەش بەوە دەکات لە هەر کاتێکدا ژنانی ئەفغانستان بیانەوێت لە ڕێی خۆپیشاندانەوە داوای مافەکانی خۆیان بکەن ئەوا تاڵیبان دەکەوێتە سەرکوتکردنێکی زیاتری ژنان تا قڕوقەپیان پێبکرێت، دەشڵێت "هەرگیز وەها چاوەڕوانیش ناکات تاڵیبان بەپێی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان کار بکات چونکە تاڵیبان بەردەوام سیاسەتی سەرکوتکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی دەگرێتەبەر و میدیاش ناتوانێت ڕاستەوخۆ هیچ شتێک بڵێت، تاڵیبان ڕێی خوێندنی لە کچان و ژنان گرتووە و خوێندنگەکانیشی لێ داخستوون."

خانم هەقیار، داواش لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات تا بە هیچ شێوەیەک داننەنێت بە حکومەتی تاڵیباندا چونکە هەموو مافەکانی ژنانی ژێر پێ خستووە؛ دەشڵێت "داوا لە خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەم تا قسە لەگەڵ حکومەتەکانیاندا بکەن و داوایان لێبکەن داننەنێن بە حکومەتەکەی تاڵیباندا، چونکە ئەگەر ئەو دانپێدانانە بە فەرمی کرا ئەوا تاڵیبان، ژنانی زیاتر دەکوژن و هەرچییەکی تریشیان دەستکەوتبێت لێمانی زەوت دەکەنەوە."

سورەیا هەقیار، چالاکوانی مافە سیڤیلییەکان دەڵێت "ئەو 20 ساڵەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان بوون، دیموکراتی و مافە سیڤیلییەکانیان لەناو وڵاتەکەدا چاند و ژنانی ئەفغانستان زۆر شت لەو بەهایانەی ڕۆژئاواوە فێربوون، بۆ ئێستاش پێویستە ژنان و کچانی ئەفغانستان بە تەنها جێنەهێڵن، دەنگی ژنان و کچانی ئەفغانستان ببیستن."