سۆران عومەر: بەشێک لە سەرکردەکان دڵخۆشن بە ئاڵۆزییەکانی عێراق

دۆخی عێراق لە نێوان پێکهێنانی حکومەت و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ناکۆکی نێوان لایەنەکان لە سەرکردەکانەوە شۆڕبۆتەوە ناو جەماوەرەکانیان، دۆخی عێراق بە جۆرێک شڵەژاوە، پێشبینیکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو ئەستەمە، بەڵام هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەمان بەن حکومەت پێکبهێنرێت، لەم حاڵەتەدا ئاستی ئاڵۆزیەکانی عێراق بەرەو قۆناغێکی تر هەنگاو دەنێت دوور نیە بگاتە هەڵگیرسانی شەڕی و پێکدادن بە تایبەت لە ناو هێزە شیعەکاندا.

لە ئەگەری دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنیش هەموو بۆچوونەکان لەگەڵ ئەوەدان کە ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک لەم دۆخەی عێراقدا شەرعیەتێکی ئەوتۆی نابێ، چونکە گەلانی عێراق زەحمەتە ئامادەی هەڵبژاردنێکی تر بن.

هەرچی کوردە بێبەش نیە لەم ململانێیانە، بەتایبەت لە ئەگەری دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردندا، پێدەچێت کەمترین هاوڵاتی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن بەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێگەی کورد دەبێت لە بەغداد، پەرلەمانتارێکیش پێی وایە، دۆخی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت، زەحمەتە عێراق سەقامگیر بێت.

سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری پێی وایە ناکۆکی ئەمجارەی عێراق لە نێوان هێزە شیعەکاندا جیاوازە لە جارەکانی تر، زەحمەتە جارێکی تر عێراق ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.

" دۆخی عێراق ئاڵۆزە چونکە هەموو ئەوانەی لە عێراقدا سیاسەت دەکەن یاخود، دەسەڵاتیان پێشتر مومارەسە کردووە، گەشتوونەتە بنبەست، بەشێکیان ناتوانن جارێکی تر پێکەوە هەڵبکەن، بە تایبەت مالیکی و سەدر، لەبەر ئەوەی پێشتر شەڕی یەکیان کردووە، ئەمە هۆکارە بۆ ئەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا، خولی پێشوو تەمەنی سێ ساڵ بوو سێ کابینەی گۆڕی ئەم خولە تەمەنی لە ساڵێک نزیک دەبێتەوە، نەیتوانیووە کابینەیەک پێکبهێنێت، مانای وایە تا بڕۆینە پێش لە عێراقدا، پێکەوە نەگونجان و پێکەوە نەژیان زیاتر دەبێت، وە بەتایبەت تر کە ئەمجارە کێشەکان لە نێوان شیعە و شیعەدایە.
موقتەدا سەدر جیا لە سیاسیەک خۆی وەک مەرجەعێک دەبینێت، لایەنی بەرامبەر لە ئیتاڕی تەنسیقی وەک مەرجەع سەیری ناکەن، ئەویش دەیەوێت وەک مەرجەع پێیان بسەلمێنێت کە ئەو کاریگەری زۆرترە لە عێراقدا، وە ئەو ئەتوانێت بڕیاردەری ئەوەڵ و ئەخیر بێت ئەوانی تریش ئەمەیان قبوڵ نیە."

سەبارەت بە ئەگەری دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن سۆران عومەر دەڵیت حکومەتێکی ناشەرعی توانای بڕیاردانی نیە بۆ دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنێکی تر.

" ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، دەبێت حکومەتێک دووبارەی بکاتەوە کە شەرعیەتی هەبێت، واتە حکومەتی کار بەڕێکەری ئێستا نەبێت، حکومەتێکیش کە شەرعیەتی هەبێت دەبێ ئەم پەرلەمانە هەڵی بژێڕێت، ئەگەر بۆ ساڵێکیش بێت، ئەگەر ڕێکەوتن بکەن بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، دەبێت یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن پێداچونەوەی بۆ بکرێت، وە ئامادەکاری بکرێت کە لانیکەم ساڵێکی پێویستە، ئەگەر ڕێکەوتن نەبێت دەبێت پەرلەمان خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە کە ئەمە ڕێگەیەکی قورسە، ڕەنگە 165 کەس ئامادە نەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و دەنگ بەوە بدات."

بەڕای سۆران عومەر بەشێک لە سیاسیە کوردەکان سودمەندن لەم دۆخە ئاڵۆزەی عێراق بۆیە نایانەوێ دۆخەکە باش ببێت تا دۆخی هەرێم بەم شێوەیە بەردەوامی پێبدەن.
وە هەروەها پێی وایە ئەگەر حساب بۆ دەستوور و یاسا بکرێت هەر دەبێت حکومەت پێكبهێنرێت ئەگەر بۆ ساڵێکیش بێت.

" دەبێت ئەم پەرلەمانە بۆ ساڵێکیش بێت حکومەتێک پێکبهێنێت و ئەو حکومەتە، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات، هەڵبژاردنیش مەرج نیە ئەو ڕێژە کەمەی کە بەشداری کرد لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو بە هەمان ڕێژە خەڵک بچێتەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان، کەمبوونەوەی دەنگدەریش شەرعیەتی هەڵبژاردن ئەوەندەی تر دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ئەگەر لە عێراق خەڵک ئاسان بچێت بۆ هەڵبژاردن لە کاتێکدا ڕیژەکە کەم بوو، لە هەرێمی کوردستاندا جارێکی تر بێ ئەوەی نەتیجەیەکی دەست بکەوێت خەڵک ناچیتەوە بۆ هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کوردستان لەم دۆخە لە پێکنەهێنانی حکومەت زەرەرمەندە، لە بەردەوامی ئەم دۆخەش هەر زەرەرمەندە، چونکە ئێمە ئەمەلمان هەبوو لە حکومەتی نوێ، عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنی نوێ لە نێوانیاندا بکرێت لەسەر پرسی نەوت و داهات و بەشە بودجە، بەڵام هەندێ هێز نایانەوێ ئەمە ڕوبدات و دڵخۆشن بەم ئاڵۆزیەی ئێستای عێراق بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان ئیدامە بدەن و بەردەوا بێت.

ئاڵۆز بوونی زیاتری دۆخی عێراق، بەشێک لەسەرکردە عێراقیەکانی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی هەست بە مەترسی گەورە بکەن لەسەر داهاتووی عێراق، هەر بۆیە بەشێکیان لە هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکاندان، بە نمونەش سەردانی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحە بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی سنور کەریم