تورکیا تۆپبارانی شاری کۆبانی و دەوروبەری دەکات و کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە

لەشکری تورکیا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە تۆپبارانی شاری کۆبانی و چەند گوندێکی دەوروبەری کرد و لە ئاکامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە 7 کەسی دیکە برینداربوون.

سەرەتا لە کاتژمێر نزیکەی 9:30 ی بەیانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبیلێکی لە بەردەم بارەگای ئاسایشی کۆبانی کردووەتە ئەنجام و 2 کەسی سیڤیلی ڕێبوار برینداربوون. پاشان شەڕە تەقە لە نێوان هێزەکانی ئاسایش و خاڵێکی لەشکری تورکیا لە بەرامبەر شاری کۆبانی دەستپێکرد.

دواتر تورکیا زیاتر لە 20 گولــلە تۆپی گرتووەتە شارەکە و بەر گەڕەکەکانی کانی کوردان ، کانی مورشد ، کاوە کەوتوون. هەروەها ئاشی کۆبانی کە ئارد بۆ شارەکە دابین دەکات تۆپی بەرکەوتووە. کوڕێکی تەمەن 14 ساڵ کە سەرقاڵی شوانی مەڕەکانی بوو بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری هەرێمی فورات ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت ئامانجی تورکیا ترساندنی خەڵکی ناوچەکەیە هەتا چۆڵی بکەن. دەشڵێت ڕووسیا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانین، چونکە ئەرکی پاراستی ئەو ناوچانەیان لە ئەستۆ گرتووە.

لە ئێستادا دۆخەکە ئارامبووەتەوە.

لە لایەکی دیکە بەپێی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، تورکیا وتویەتی لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ سەر خاڵێکی سنووری لە ناو خاکی تورکیا لە بەرامبەر کۆبانی، سەربازێک کوژراوە و 4 سەربازی دیکە برینداربوون.

تورکیا دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات باڵێکی پارتی کرێکارانی کورستانن، بۆیە ئەو هێزانە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لای خۆیانەوە ڕەتیدەکەنەوە هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر تورکیا دروستکردبێت و دەڵێن حکومەتی تورکیا نایەوێت کوردی ئەو ناوچەیە حوکمڕانی خۆیان بکەن.