موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر خۆپیشاندانە ملیۆنیەکەی ڕۆژی شەمەی داهاتووی دواخست، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی بێ ڕەوتی سەدر کۆکردەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی عێراق، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتحیش سەرقاڵی ئامادەکاری یە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتیمانی، بەڵام هێشتا کێشەکانی عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
دواخستنی خۆپیشاندانەکەی سەدر
بڕیاربوو ڕۆژی شەممەی داهاتوو، ڕەوتی سەدر خۆپیشاندانێکی گەورە لە بەغدای پایتەختی عێراق ئەنجام بدات، بەڵام لە پڕ موقتەدا سەدر خۆپیشاندانەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست، بە بیانووی خۆ بە دوورگرتن لە ڕوودانی ئاڵۆزی.
دواخستنی خۆپیشاندان لە لایەن سەدرەوە لە کاتێکدایە، هەرکات سەدر وادەی خۆپیشاندان ڕادەگەیەنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانیش داوا لە لایەنگرانییان دەکەن بڕژێنە سەر شەقامەکان، لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت کارتی خۆپیشاندان بە خۆپیشاندان بسوتێنن.
هەرچەندە بیانووی سەدر بۆ دواخستنی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی شەممە، ڕێگرتن بوو لە ڕوودانی بارگرژی، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت"پەیامێکی هۆشداری ئامێزی ئێران گەیشتووەتە سەدر بۆیە خۆپیشاندانەکەی دواخستووە."
سەبارەت بە ناوەڕۆکی هۆشدارییەکە، سەرچاوەکە گوتی"ناوەرۆکی پەیامەکە بریتی بووە لەوەی ئەو پرۆژەیەی سەدر هەیەتی لەم چوارساڵەدا جێبەجێ ناکرێت، دەکرێت بۆ چوارساڵی داهاتوو کار بۆ گۆڕینی سستمی حوکمڕانی بکرێت."
لای خۆشیەوە هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، دوو هۆکار هەبووە بۆ دواخستنی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی شەمە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"فشاری ئێران لەسەر سەدرییەکان ڕوونە، ئەو مۆدێلە حوکمڕانیەی سەدر دەیەوێت بەلای ئێرانییەکانەوە قەبوڵکراو نییە، هەروەها هەندێک زانیاریش دزەی کردبوو، لەسەر هەبوونی پلانێک بۆ ڕوودانی ئاڵۆزی."
دەستپێشخەرییەکان
هەریەک لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح، دوو دەستپێشخەری جیاوازیان بۆ دەرچوونی عێراق لەو قەیرانەی تێیکەوتووە خستەڕوو، ڕۆژی چوارشەممە، لایەنەکان عێراقییەکان جگە لە ڕەوتی سەدر لە ببینای ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە.
بایکۆتکردنی دانیشتنی لایەنە عێراقییەکان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە سەر داوای کازمی لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە، گومانی شکستهێنانی دەستپێشخەریەکەی کازمی دروستکردووە، لەکاتێکدا ئامانجی کازمی وەکخۆی دەڵێت، بۆ دەربازکردنی عێراقە لەو قەیرانەی تێیکەوتووە.
هۆشیار عەبدوڵا، وتی"هادی عامری و مستەفا کازمی دوو کارەکتەری جیاوازن، کازمی خۆی و حکومەتەکەی گرفتیان لەسەرە، هێزە شیعەکان پێیڕازی نین، لەکاتێکدا هادی عامری بەلای سەدریەکانیشەوە تاڕادەیەک قەبوڵکراوە."
هەرچەندە ناکۆکی نێوان سەدر و هێزە شیعەکان لە لوتکەدا بوو، بەڵام هادی عامری هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەی دەدا، ئەمەش وایکرد وەکو پردی پەیوەندی لە هادی عامری بڕوانرێت.
دکتۆر سەردار عەزیزی لێکۆڵەری نێودەوڵەتی دەڵێت"ڕەنگە هێزە شیعەکان ڕۆڵی نێوانگیریان بە عامری دابێت، تا سەدر یاخی نەبێت و پەیوەندییان لەکەڵی نەپچڕێت."
هەفتەی ڕابردوو، هادی عامری سەردانی زۆربەی لایەنە عێراقی و کوردییەکانی کرد، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێکی نیشتیمانی، بە ئامانجی دەربازکردنی عێراق لەو قەیرانەی تێیکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، هادی عادری لەسەردانەکەیدا بۆ لای هێزە کوردییەکان، پێیڕاگەیاندوون"کێشەکە لە ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دەرچووە، بووەتە کێشەیەکی نیشتیمانی و گەر چارەسەر نەکرێت، عێراق لەدەست هەموومان دەردەچێت."
گوتووشیەتی"دەبێت هەموو هێزە عێراقییەکان کۆببنەوە، بڕیارێکی هاوبەش بدەن، گەر پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە با بەبڕیاری هەموو لایەنەکان بێت، گەر ئەم حکومەتەش دەمێنێتەوە یاخود حکومەتی تر پێکدەهێنرێ، با بەبڕیاری هەموو لایەن و پێکهاتەکان بێت."
سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی
هەرچەندە تا ڕادەیەک دۆخی عێراق هێوربووەتەوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی دەرەچەیەکی سیاسی و یاسایی بۆ دەربازکردنی عێراق لەو قەیرانەی تێیکەوتووە چڕکراونەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی یەکلایی کەرەوە ئەنجام نەدراوە.
ڕێبوار عەبدولرەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"دەربازبوونی عێراق لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی لایەنەکان بڕیار لەسەر چی دەدەن، بەڵام ئێمە پشتگیری گفتووگۆ و دیالۆگ دەکەین."
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، خواستێک لای هێزە شیعەکان دروستبووە، بەشێک لە خواستەکانی سەدر جێبەجێ بکەن، بەڵام لەم ڕووەشەوە هێشتا ناکۆکی هەیە، بەتایبەت دەیانەوێت گەرەنتی بدەنە سەدر، کاندیدی داهاتووی سەرۆک وەزیران خواستی ئەوی لەسەر بێت، پەرلەمانیش تەنها سێ دانیشتن ئەنجام بدات، دانیشتنەکان بۆ متمانەدان بە حکومەت و گفتووگۆکردن لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن بێت.
بەڵام هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت"تا ئەم ساتە، سەدر ڕازی نەبووە بە گۆڕینی کازمی و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، ئەمە گرێ کوێرەی ڕێکنەکەوتنە."
وتیشی"سەدر نایەوێت حکومەت بگۆڕێ و دەیەوێت هەڵبژاردن لەسایەی ئەم حکومەتە ئەنجام بدرێت، چوارچێوەی هەماهەنگیش نایانەوێت ئەم حکومەتە سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات و دەترسن هەڵبژاردنی داهاتوو، هەمان ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕابردووی هەبێت."