سەدر پێشنیارەکان ڕەتدەکاتەوە و چوارچێوەی هەماهەنگیش ناکۆکن لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی

خەریکە ساردی لە پەیوەندییەکانی نێوان موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دا دروست دەبێت، بە تایبەت دوای بەدەمەوە نەچوونی دەستپێشخەریەکەی کازمی لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە، سەرچاوە عێراقیەکانیش هۆکارەکەی بۆ دروستبوونی گومان لای سەدر دەگێڕنەوە.

هەفتەی ڕابردوو، سەرجەم لایەنە عێراقیەکان لە سەر بانگهێشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بینای ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە بۆ گفتووگۆکردن لەسەر دۆخی چەقبەستووی سیاسی عێراق، بەڵام ڕەوتی سەدر بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد، لەکاتێکدا لایەنێکی سەرەکی کێشەکانی نێو عێراقن.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغداوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ڕەوتی سەدر پێیانوایە دەستپێشخەریەکەی کازمی لە سەر داوای ئێران بووە و پیلانگێڕیە لە دژی ئەوان، سەرچاوەی ئەم گومانەش لە باشبوونی پەیوەندی نێوان کازمی و ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەهۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووریەوە."

هەر دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەی لایەنە عێراقییەکان لە بینای ئەنجومەنی وەزیران، ڕەوتی سەدر وێڕای ڕەتکردنەوەی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند"زۆربەی ئەوانەی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، هیچیان بۆ گرنگ نییە جگە لە مانەوەیان لەسەر کورسییەکانیان."

ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری موقتەدا سەدر ناسراوە و تویتەکانی گوزارشت لە ڕای ئەو دەکەن، کێشەکانی عێراقی شوبهاندووە بە ململانێی نێوان مارادۆنای ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی و یاریزانەکانی بەرامبەری لە نێوان گۆڕەپانی یاریگادا، دەڵێت"مارادۆنا لە یارییەکانی مۆندیال دا توشی ڕێگری بووە لەلایەن یاریزانانی بەرامبەرەوە، دادوەرەکەش بە ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو هەموو ڕێگریەدا نەکردووە." هەندێک سەرچاوە ئاماژەکردن بە "دادوەر" لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە، بە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ کازمی دەگێڕنەوە.

بەڵام دکتۆر مەحمود عوسمانی سیاسەتمەداری کورد، پێچەوانە لە دۆخەکە دەڕوانێت و پێیوایە پەیوەندی نێوان سەدر و کازمی هێشتا ئاساییە، دەڵێت"گەر نێوان کازمی و سەدر گرفتی تێبکەوێت، سەدریەکان بە ئاشکرا هێرش دەکەنە سەری."

سەدر، سەرجەم ئەو دەیتپێشخەریانەی ڕەتکردووەتەوە کە تا ئێستا خراونەتە بەردەستی، جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات، بە پێی ئەو میکانیزمەی خواستی ئەوی لەسەرە، لە کاتێکدا لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، دەیانەوێت حکومەتی نوێ پێکبێت و پەرلەمان کۆببێتەوە، پاشان وادەی هەڵبژاردن دیاری بکرێت.

لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بینای پەرلەمانی عێراقییان کۆنترۆڵکردووە و ڕێگە بە کۆبوونەوەی پەرلەمان نادەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، چوارچێوەی هەماهەنگیش گیرۆدەی دەست لەمپەرەکانی سەدرن و تا ئێستا هیچ دەرەچەیەکیان نەدۆزیووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ڕێگریەکان.

هەرچەندە بڕیاربوو هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح بەدەستپێشخەری نوێوە سەردانی موقتەدا سەدر بکات، بەڵام بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، سەدر بۆ بینینی عامری سێ مەرجی داناوە، کە بریتین لە کشانەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدانەکردنی قسە دزەپێکراوەکانی مالکی و پەخشکردنی دانیشتنەکەیان بۆ خەڵکی عێراق.

سەرباری ڕێگریەکانی سەدر، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگیش کە لە کۆمەڵێک هێز پێکهاتوون، کۆک نین لەسەر چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی قەیراناوی عێراق، بەشێکیان دەیانەوێت بێ حساب کردن بۆ سەدر، هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدەن، بەشەکەی تریشیان پێیانوایە هەر هەنگاوێک بە بێ سەدر، قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە.

سەرباری ئەو زانیارییانەی هەن لەسەر ساردی نێوان کازمی و سەدر، بەڵام هێشتا ڕەوتی سەدر پشتگیری مانەوەی حکومەتەکەی کازمی دەکەن و دەیانەوێت هەڵبژاردنی داهاتوو لەسایەی ئەم حکومەتەدا ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانن لە کازمی و دەیانەوێت حکومەتی نوێ پێکبهێنن.

هەندێک لە شیکەرەوانیش، هۆکاری نیگەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کازمی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، سەرەتا کازمی ڕۆڵی "نامە بەر"ی گێڕاوە لە نێوانیان دا، بەڵام دواتر بە لای بەرژەوەندی سەدردا بایداوەتەوە.

سالار مەحمود چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"پەیوەندی نێوان کازمی و سەدر قوڵە، چونکە بە یەک ئاراستە کاردەکەن، ئامادەنەبوونی ڕەوتی سەدریش لەکۆبوونەوەکەی حکومەت پەیوەندی بەخودی کازمی یەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەبوو، سەدر دەیەوێت حکومەتەکەی کازمی بەردەوام بێت."

درزی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعە ڕکابەرەکانی هێندە قوڵ بووەتەوە، هەرچی پێشنیار دەخرێتە بەردەستی، سەدر ڕەتیدەکاتەوە، بۆیە لایەنە شیعەکان گیرۆدەی دەست چۆنیەتی مامەڵەکردنن لەگەڵ سەدر.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئێرانیەکان پەیامێکیان ئاڕاستەی سەدر کردووە، گوایە ئەوانیش نیگەرانن لە سیستمی سیاسی و حوکمڕانی عێراق، بەڵام ئەو بیرۆکەیە لەم چوارساڵەدا ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دۆخەکە هەستیارە، دەکرێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو کاری لەسەر بکرێت، بەڵام سەدر پەیامەکەیانی بەهەند وەرنەگرتووە.