دەسەڵاتی دادوەری عێراق ڕۆژی سێشەممە کارەکانیان ڕاگرت دوای ئەوەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە نزیک بارەگاکەی چادریان هەڵداو گردبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان کرد، ئەمەش یەکێک لە خراپترین قەیرانە سیاسییەکانی عێراقە لە دوای 2003 وە.
ئەو سەركردە جەماوەرییە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بۆتە هەڵگیرسێنەری زیاتری بارگرژییەكانی عێراق کە فەرمانی بە هەزاران شوێنكەوتووی خۆی کردبوو هەڵکوتنە سەر پەرلەمان و پەرلەمانیان داگیركرد، ئەمەش ڕێگری لە پێكهێنانی حكومەت كردووە کە وا نزیكەی 10 مانگە هەڵبژاردنەكان تێپەڕیوە و دامەزراندنی حکومەت درێژەی کێشاوە.
مستەفا كازیمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەشتەکەی بۆ وڵاتی میسر هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی قەیرانەكان ببێتەوە، داوای لە هەموو لایەنەكان كرد ئارام بگرن و بانگەوازەكانی بۆ دیالۆگی نیشتمانی نوێ كردەوە.
کازیمی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، تێکدانی دەسەڵاتی دادوەری "وڵاتەکە دەخاتە بەردەم مەترسیەکی ڕژدەوە".
شوێنکەوتوانی شیعە مەزهەبی سەدر لە دەرەوەی بارەگای ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای باڵای فیدراڵی لە بەغدا دەستیان بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان کردووە. دەسەڵاتی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەوان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان ناردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئێمە دانیشتنەکانی دادگا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم ڕەفتارە نادەستوورییە هەڵدەپەسێرین و حکومەت و لایەنە سیاسییەکان کە پشتگیری ئەم هەنگاوە دەکەن بە تەواوی بەرپرسیار دەکەین لە هەموو ئەنجامەکان".
عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی درێژخایەن بۆتەوە بەبێ حکومەتێکی تەواو کارا لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵی دوای ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن لەڕێی هەڵمەتی لەشکری هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 دا.
موقتەدا سەدر گەورەترین براوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بوو بەڵام نەیتوانی لەگەڵ پارتە عەرەبە سونەکان و پارتە كوردەکاندا حكومەت پێكبهێنێت، بەدەر لە ڕكابەرە شیعەكانی كە ئێران پشتیوانیان لێدەكات.
ئەو پیاوە ئایینییە گەنجە کە کاریگەرییەکی بێ هاوتای لە عێراقدا هەیە، دەتوانێت بە خێرایی سەدان هەزار شوێنکەوتووی کۆبکاتەوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ئیفلیجکردنی سیاسەتە بیزەنتینەکانی ئەو وڵاتە.
موقتەدا سەدر کە شەڕی دژی سەربازانی ئەمەریکای کردووە و دواتر بووە بە ڕێبەری دروستکەری دەسەڵاتداران لە سیاسەتی عێراقدا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕانکاری دیارینەکراوی دەستووری کردووە، دوای ئەوەی لە مانگی 6 دا پەرلەمانتارەکانی لە پەرلەمان کشانەوە.
هەروەها شوێنکەوتووانی کاتیخۆی شەڕی سوپای عێراق و چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی و میلیشیا شیعە ڕکابەرەکانیشی کردووە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز