بە ئامانجی زیاتر ناساندنی مێژووی هەڵەبجە وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەند لە بوارە جیاوازەکان و هێما و سمبولی قوربانی کوردستان و عێراق، زانکۆی هەڵەبجە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری بە پشتیوانی دارایی سەرمایەدارێکی هەڵەبجە پرۆسەی ئامادەکردنی ئینسایکڵۆپیدیای هەڵەبجەیان دەستپێکردووە و ئوفیسێکی تایبەتیشیان بەو بوارە کردوەتەوە.
سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە و دەزگای خاڵ بۆ هزر و ڕوشنبیری بۆ یەکەمجار پڕۆژەی ئامادەکردنی ئینسایکڵۆپیدیای هەڵەبجە ئامادەدەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن پڕۆژەکە دەتوانێت زیاتر هەڵەبجە بە دەرەوە و خوێنەران و هەموو وەفدە ناوخۆیی و بیانیەکان بناسێنێت کە ڕوو لە پارێزگاکە دەکەن بۆ وەرگرتنی بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانیش ئۆفیسێک لە هەڵەبجە دەکەنەوە.
دکتۆر حسێن هەڵەبجەیی ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی هەڵەبجە بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند "سەرجەم ئەو زانیاریانەی کە پەیوەستن بە هەڵەبجە لە ڕووی مێژوویی، جوگرافی، سیاسی، کەلتوری، ئابوری و دامودەزگای فەرمی و نافەرمیەکان، هەمووی تێیدا دەنوسرێت، دەمانەوێت لە ماوەی دوو ساڵ بۆ سێ ساڵ ئامادەی بکەین و زانکۆی هەڵەبجەش هاوکاری دەبێت".
محەمەد ڕەئوف محەمەد ئەندامی دەستەی نوسینەوەی ئینسا کڵۆپیدیای هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" پڕۆژەی ئینسایکلۆپیدیا لەلایەن سەرمایەدارێکی هەڵەبجەوە هاوکاری مادی بۆ دابین دەکرێت و نەبوونی ئەم ئینساکڵۆپیدیایەش بە گرفتێکی گەورە دەزانن."
عادل سدیق مامۆستای زانکۆ لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هەموو بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی سەردەمی دەوڵەتی عوسمان و ئەو بەڵگەنامانەش کە لە ئێران بەدەستمان خستوون کاریان لەسەر دەکەین و دەتوانین بۆ لێکۆڵینەوەکان سودیان لێ وەربگرێن".
ئینسایکڵۆپیدیای هەڵەبجە لەسەر شێوازئینسایکڵۆپیدیای بەریتانی ئامادە دەکرێت و شێوازێکی وردە کە زۆرترن زانیاری لە ماودایەکی کورتدا دەگەیەنێت بە خوێنەر و لە بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای هەڵەبجەش نوسراوێکی بۆ دامەزراوە ڕەسمیەکان کردووە کە هەموو زانیارییەکان بە وردی بدرێنە دەست ئەو دەستەیەی کە ئامادەی دەکات .
Your browser doesn’t support HTML5