موقتەدا سەدر پیاوێکی ئایینی کاریگەری شیعە مەزهەب لە عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، لە وەڵامی بنبەستێکی سیاسی چارەسەرنەکراودا، واز لە سیاسەت دەهێنێت و دامودەزگاکانی دادەخات، بڕیارێک کە دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیر وڵاتەکە.
موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردووەتەوە، ڕەخنەی لە سەرکردە سیاسییەکانی ھاوبەشی شیعەکانی گرتووە کە گوێیان لە بانگەوازەکانی بۆ چاکسازی نەگرتووە و گوتی "لێرەدا دوا کشانەوەم ڕادەگەیەنم".
دەڵێت " بڕیارم دا کە بەشداری لە کاروباری سیاسیدا نەکەم ئێستاش ڕایدەگەیەنم بە تەواوی دەست لە کاری سیاسی دەکشێنمەوە و هەموو دامەزراوەکانی ڕەوتی سەرد دادەخرێن تەنها دامەزراوە ڕۆشنبیری و ئایینییەکان بە کراوەیی دەمێننەوە، لەوانە مەزاری شەریف و مۆزەخانەی شەریف و ئەنجومەنی کلتوری ئەل سەدر، وە ئەگەر مردم یا کوژرام تەنها فاتیحەیەکم بۆ بخوێنن و دوعام بۆ بکەن."
موقتەدا سەدر پێشتر کشانەوەی لە سیاسەت یاخود حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی لایەنگری خۆی ڕاگەیاندووە بەڵام کۆنترۆڵی بەربڵاوی بەسەر دامودەزگاکانی دەوڵەتدا هێشتۆتەوە و تا ئێستاش گروپێکی نیمچە سەربازی هەیە کە هەزاران ئەندامی هەیە.
زۆرجار دوای ڕاگەیاندنی هاوشێوە گەڕاوەتەوە بۆ چالاکی سیاسی، هەرچەندە وا دیارە ئەو بنبەستە سیاسییەی ئێستا لە عێراقدا هەیە، چارەسەرکردنی قورسترە لە چاو قۆناغەکانی پێشوو.
لایەنگرانی سەدر لە ناوچەی سەوزدا لە بەغدا خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ چوونەتە ناو یەکێک لە کۆشکەکانی سەرۆکایەتی عێراقەوە، لە دوای ئەم پشێووی و ئاڵۆزییانەی ناو بەغدا دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاریاندا لە کاتژمێر 3و نیوی پاشنیوەڕۆوە قەدەغەکردنی هاتوچۆ بسەپێنن.
ئەم بڕیارەی قەدەغەکردنی هاتووچۆیە لە کاتێکدایە کە هەر چوار سەرۆکایەتیەکەی عێراق کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دواترین پێشهاتەکان و پەرەسەندنەکانی ڕەوشی عێراق.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز