ڕۆژی دووشەممە لە لایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە كەسێك لە نێو كەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور دەكوژرێت، منداڵێكیش بە سوكی بریندار دەبێت و زیانی مادیشی لێكەوتووەتەوە.
یوسف كارا هاوسەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی گەلی كەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" نزیکەی كاتژمێر 12:45 خولەك بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر هاوڵاتیەكی ئێمە کە لە شارەوانی بەرەو ماڵەكەی دەگەڕایەوە و کوژرا، منداڵێكیش برینداربووە بەڵام برینی منداڵەكە سوكە."
هاوسەرۆكی كەمپەكە ئاشكراشی دەكات ئەو كەسەی كە ڕۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە گیانی لەدەستداوە ناوی عەبی زێدە بە ڕەگەز خەڵكی شرناخی كوردستانی توركیایە بەڵام نزیكەی 29 ساڵە پەنابەرە و خاوەنی ماڵ و منداڵە و دانیشتووی كەمپی ڕۆستەم جودی بوو، لە بەردەم ماڵەكەی خۆی کراوەتە ئامانج.
بەپێی زانیاریەكانی دەنگی ئەمەریكا گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لەسەر چیای قەرەچوغی نزیك كەمپی ڕۆستەم جودی بوونیان هەیە و سوپای توركیاش چەندین ساڵە لە شەڕ و ململانێ دایە لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە بەو هۆیەوە جارجار ئەو دەڤەرە بۆردومان دەكرێت و زیانی مادی و گیانی لێدەكەوێتەوە.
كارا دەشڵێت" لە ساڵی 2017 تا ئێستا ئەوە نزیكەی 12 جارە ئەم كەمپە بۆردومان دەكرێت كە بەو هۆیەوە بە دەیان كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە و بەردەوامیش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی كەمپەكەدا دەسوڕێتەوە".
كەمپی ڕۆستەم جودی لە لایەن پۆلیسی عێراقیەوە پاسەوانی دەكرێت، هاوسەرۆكی كەمپەكەش ئاماژە بەوە دەكات كە حكومەتی عێراقی هەڵویستی نیە و نەهاتووەتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكولینەوەیان نەكردووە و گوتیشی" متمانەمان بە دەوڵەتی عێراق نەماوە بەڵام ئەوانەی كە پاسەوانی لە كەمپەكە دەكەن پۆلیسی عێراقین."
بەپێی سەرچاوەكان ماوەیەك بەرلەئێستا لە لایەن عێراقەوە بە خەڵكی كەمپی ڕۆستەم جودی ڕاگەیەنراوە كە دەوروبەری كەمپەکە سیم دەكەن بۆ ئەوەی خەڵكی كەمپەكە لە مەترسیەكان بپارێزن، هاوسەرۆكی كەمپەكە لەوبارەیەوە دەڵێت" ئەوەی كە هێرش دەكاتە سەرئێمە لە ئاسمانەوەیە نەك لەسەر زەوی و بە 300 كیلۆمەتر دێت و ئێمە دەكوژێت كەچی باسی سیمكردنی دەوروبەری كەمپەكە دەكەن."
كەمپی ڕۆستەم جودی دەكەوێتە سنوری قەزای مەخمور كە لە سنوری حكومەتی عێراقدایە و تایبەتە بە پەنابەرانی كوردانی توركیا، بەپێی زانياریەكان چەند جارێك لیژنەكانی حكومەتی عێراقی چوونەتە كەمپی ڕۆستەم جودی بۆ زانینی ڕەوشی خەڵكەكە بەڵام هاوسەرۆكی كەمپەكەش ئاشكرای دەكات كە چەندین جارە پێشنیاری ئەوە دەكەین ئەو لیژنانە بێنە شوێنی ڕووداوەكە و لێكولینەوە بكەن وەلێ بەهیچ شێوەیەك نەهاتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە.
دەنگی ئەمەریكا بۆ وەرگرتنی ڕای لایەنە پەیوەندیدارەكان و زانیاری زیاتر لەسەر هێرشی فڕۆكە بێفرۆكەوانەكان و هەڵویستی حكومەتی عێراقی لەمەڕ ئەو هێرشانەوە پەیوەندی بە ڕزگار ئیسماعیل قایمقامی قەزای مەخمورەوە كرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
بەپێی ئامارەكان نزیكەی 11 هەزار پەنابەر لە كەمپی ڕۆستەم جودی قەزای مەخمور نیشتەجێن لەو ژمارەیەش نزیكەی چوار هەزاریان منداڵن.
Your browser doesn’t support HTML5