د. مەحمود عوسمان: دۆخێكی زۆر ناماعقوله‌ له‌ عێراق شتێكی سه‌یره‌، عێراق بووه‌ به‌ سینه‌ما هه‌مووی ته‌ماشامان ده‌كات

د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

دوای بڕیارەکەی موقتەدا سەدر بۆ وازهێنانی بە تەواوەتی لە کایەی سیاسی، پشێوی و ئاڵۆزی لە بەغداد و چەند شارێکی عێراق دروستبوو بەپێی وتەی بەرپرسێکی شیعە، سەدر مانی لەخواردن گرتووە تا کۆتایی هاتنی پێکدادانە چەکدارییەکان، د. مەحمود عوسمان چاودێری دیاری عێراقی و هەرێمی کوردستان دەڵێت" به‌ڕاستی دۆخێكی زۆر ناماعقوله‌ له‌ عێراق، به‌ڕاستی ئه‌و وڵاته‌یان به ‌ته‌واوی وێرانكردووه‌ شیعه‌كان سه‌لماندیان كه‌ توانای حوكمی عێراقیان نییه،‌ ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت له‌ساڵی 2003 وه‌ حوكمیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ئه‌و وڵاته‌ چی لێهاتووه! " د. مەحمود عوسمان" پێشبینی دەکات ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی هەمان بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری دەدات سەبارەت بە دۆسێیەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە تایبەتمەندی ئەوان نیە، د. مەحمود عوسمان دەشڵێت" كاردانه‌وه‌كانی لایه‌نی سه‌دریش توندتر ده‌بێت و كێشه‌ زیاتر ده‌بێت ئه‌وكات موقته‌دا ده‌بێت مان له‌ئاویش بگرێت ئه‌گه‌ر وابێت، عێراق شتێكی سه‌یره‌ بووه‌ به‌ سینه‌ما به‌ڕاستی سینه‌مایه‌كی ته‌واوه‌ ئیش ده‌كات و هه‌مووی ته‌ماشامان ده‌كات. "


" دۆخی عێراق خراپه‌ به‌ره‌و باشی ناڕوات،‌ ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراو بوو‌ "

لە سەرەتای قسەکانیدا د. مەحمود عوسمان دەربارەی ئەو ڕووداوانەی عێراق وتی" دۆخی عێراق خراپه‌ به‌ره‌و باشی ناڕوات،‌ ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراو بوو‌، چونكه‌ هیچ ڕێككه‌وتن نه‌بوو له‌نێوانیاندا ڕێككه‌وتنی سیاسی بێگومان سه‌دریش داواكاریه‌كانی جێبه‌جێ نابن لایه‌نه‌كانی تر ڕازی نابن له‌سه‌ری، سه‌در كاتی خۆی وتی له‌په‌رله‌مان ده‌كشێمه‌وه‌ كشایه‌وه‌ له‌پاش ئه‌وه‌ زیاتر توند بوو شه‌قامی جوڵاند و خۆپیشاندان كرا و په‌رله‌مانیان گرت، ئێستا ڕایگه‌یاندووه‌، وتی ئیتر سیاسه‌ت ناكه‌م، به‌ڵام هانی تاقمی خۆیداوه‌ كه‌ هه‌موو شوێنه‌كان بگرن واته‌ ئه‌وه‌ عاده‌تیه‌تی چه‌ند جارێک ئه‌وانه‌ ڕوویداوه‌ ئیتر ئه‌و پشێویه‌ دروستبووه‌ كه‌ ده‌بینرێت بێگومان ده‌ستور مافیداوه‌ به‌هه‌موو كه‌سێک خۆپیشاندان بكات، به‌ڵام ده‌ستور نه‌یوتووه‌ بڕۆنه‌ ناو كۆشكی كۆماری و بڕۆنه‌ ناو په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌ پشێویه‌كه‌ دروستیانكردووه،‌ به‌ڕاستی شتێكی زۆر خراپیشه‌. "


" چوارچێوەی هەماهەنگی و مالکی و ئەوان، ئەوانیش لە سەدر خراپترن"
د. مەحمود عوسمان ئاماژەی بەوەکرد" لایه‌نه‌كه‌ی تریش كه‌ به‌رامبه‌ر سه‌درن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی مالیكی و ئه‌وان ئه‌وانیش له‌ سه‌در خراپترن، چه‌ند ساڵه‌ حوكمی عێراق ده‌كه‌ن بێكه‌ڵكن و گه‌نده‌ڵن نه‌یانتوانیووه‌ ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن ئه‌وانیش كێشه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ كێشه‌كان كه‌وتۆته‌ نێوان شیعه‌كانه‌وه‌، شیعه‌كانیش چه‌ند ساڵه‌ ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن نه‌یانتوانیووه‌ ئیداره‌ی بكه‌ن، به‌ڵكو وێرانیان كردووه‌ عێراق تووشی گه‌نده‌ڵیه‌كی زۆر بووه‌ هه‌ژاریه‌كی زۆر هه‌یه‌ خزمه‌تگوزاری نییه،‌ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ چه‌كداره،‌ دۆخێكی هه‌تا بڵێیت خراپه‌ له‌ناو عێراقدا به‌داخه‌وه‌. "


" شیعه‌كان سه‌لماندیان كه‌ توانای حوكمی عێراقیان نییه‌ "

بە بڕوای د. مەحمود عوسمان ئەو پشێویەی عێراق ڕەنگە بەردەوام نەبێت، لەو ڕووەوە د. مەحمود عوسمان دەڵێت "به‌ڵێ ئاگرێک هه‌ڵكراوه،‌ به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ بكوژێته‌وه،‌ بڕواناكه‌م زۆر به‌رده‌وام بێت چونكه‌ ده‌ڵێن گوایه‌ مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ش بڕیاره‌ ڕاگه‌یه‌نراوێک ده‌ربكات ده‌رباره‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک شه‌هید و بریندارو ئه‌وانه‌ ڕووبده‌ن، به‌ڵام بكوژێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ک ده‌وترێت سه‌در ئێستا مانیشی گرتووه‌ له‌خواردن گوایه‌ سیاسه‌ت ناكات، ئێستا سه‌در ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ مانیگرتووه‌ له‌خواردن هه‌تا شه‌ڕه‌كان ده‌وستێت شه‌ڕه‌كانیش جه‌ماعه‌تی خۆین(سەدرن) خه‌ریكی ئه‌و شه‌ڕه‌ن تێناگه‌ین به‌ڕاستی دۆخێكی زۆر ناماعقوله‌ له‌ عێراق، به‌ڕاستی ئه‌و وڵاته‌یان به ‌ته‌واوی وێرانكردووه‌ شیعه‌كان سه‌لماندیان كه‌ توانای حوكمی عێراقیان نییه،‌ ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت له‌ساڵی 2003 وه‌ حوكمیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ئه‌و وڵاته‌ چی لێهاتووه‌. "

" مرۆڤێكه‌ قابیلی ئه‌وه‌ نییه‌ لێی تێبگه‌ن ڕۆژ جۆرێكه‌ و شه‌و جۆرێكی تره‌ "
دەربارەی هەڵوێستەکانی موقتەدا سەدر، د. مەحمود عوسمان دەڵێت" سه‌در قسه‌كانی هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نییه،‌ به ‌هیچ جۆرێک په‌یوه‌ندی به‌كه‌سه‌وه‌ نییه‌، ئێستا ده‌ڵێت مانم گرتووه‌ بۆچی ده‌بێت مان بگرێت؟ ته‌نها فه‌رمان بكات به‌ جه‌ماعه‌تی خۆی بڵێت ته‌قه‌ مه‌كه‌ن و ته‌واو ده‌بێت ئیتر ئه‌وه‌ مانگرتنی بۆچیه‌! مرۆڤێكه‌ قابیلی ئه‌وه‌ نییه‌ لێی تێبگه‌ن، ڕۆژ جۆرێكه‌ و شه‌و جۆرێكی تره‌ له‌پڕ تویتێک ده‌كات و دواتر تویتێكی تر ده‌كات واته‌ سه‌یره‌ كه‌س ناتوانێت هه‌ڵیبسه‌نگێنێت چۆنه‌ و چی ده‌كات و چی ده‌بێت زۆر زۆر كێشه‌یه‌ به‌ڕاستی بۆئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌ین چی ده‌كات. "


" له‌وانه‌یه‌ سه‌در په‌شیمان ببێته‌وه‌ "

د. مەحمود عوسمان بۆچونی وایە ئەگەری هەیە، سەدر ئەمجارەش هاوشێوەی جارانی پێشوو پەشیمان ببێتەوە لە هەڵوێستی وازهێنانی تەواوەتی لە سیاسەت وەک خۆی ڕایگەیاند، لەو ڕووەوە د. مەحمود عوسمان وتی"له‌وانه‌یه‌ سه‌در په‌شیمان ببێته‌وه‌، چونكه‌ له‌كۆندا شتی وایكردووه‌ و په‌شیمانیش بۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی تۆزێک ماوه‌كه‌ی درێژتره‌، به‌ڵام به‌ڕای من ده‌كرێت به‌شیمان ببێته‌وه‌. "

" ئەمڕۆش دادگای فیدراڵیش هەمان بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری دەدا "

وابڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بڕیار بدات.
بە بڕوای د. مەحمود عوسمان، دادگای باڵای فیدراڵی هاوشێوەی ئەنجومەنی دادوەری ئەو سکاڵایە ڕەتدەکاتەوە، لایەنگرانی سەدریش بەو بڕیارە زیاتر توڕە دەبن. "

لەو ڕووەوە د. مەحمود عوسمان دەڵێت" ئەمڕۆش دادگای باڵاش بڕیار ده‌دات بڕیاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی تر دروست ده‌كات، به‌ڵێ وادیاره‌ دادگای فیدڕاڵی واده‌ڵێت ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری چی بوون ئه‌وانیش هه‌مان شتن ئه‌وانیش ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌. "


"ئه‌وكات موقته‌دا ده‌بێت مان له‌ئاویش بگرێت ئه‌گه‌ر وابێت"

" عێراق شتێكی سه‌یره‌ بووه‌ به‌ سینه‌ما به‌ڕاستی سینه‌مایه‌كی ته‌واوه‌ ئیش ده‌كات و هه‌مووی ته‌ماشامان ده‌كات... "

د. مەحمود عوسمان ئەوەشی وت"كاردانه‌وه‌كانی لایه‌نی سه‌دریش توندتر ده‌بێت و كێشه‌ زیاتر ده‌بێت ئه‌وكات موقته‌دا ده‌بێت مان له‌ئاویش بگرێت ئه‌گه‌ر وابێت، عێراق شتێكی سه‌یره‌ بووه‌ به‌ سینه‌ما به‌ڕاستی سینه‌مایه‌كی ته‌واوه‌ ئیش ده‌كات و هه‌مووی ته‌ماشامان ده‌كات. "

" كوا ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌ت نییه‌ "

سەبارەت بەچوونی لایەنگرانی سەدر بۆ ناو کۆشکی کۆماری، د. مەحمود عوسمان وتی" لایەنگرانی سەدر چونه‌ته‌ هه‌موو شوێنێک چونه‌ته‌ فه‌رمانگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كازمیش نزیكترین كه‌س له‌وانه‌وه‌ كازمیه‌ دۆستیانه‌ و له‌گه‌ڵیانه‌ هه‌موو شوێنه‌كانی ئه‌وانیان گرت له‌پێش كۆشكی كۆماریش واته‌ گوێناده‌ن هه‌موو شوێنه‌كان ده‌گرن، كوا ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌ت نییه‌، كه‌س توانای نییه‌ دۆخێكی وادروستبووه،‌ هیچ كه‌سێک ناتوانێت، هیچ بكات به‌كه‌یفی خۆیان ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌ڕژێته‌ ئه‌و شوێنانه‌ له‌هیچ وڵاتێک ئه‌مجۆره‌ شته‌ ڕووینه‌داوه‌. "

" جار جار هه‌رێمی كوردستان زیان له‌وه‌ش ده‌كات "

دەربارەی هەڵهاتنی بەرپرسانی عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لە میدیا لۆکاڵییەکان باسی دەکەن، د. مەحمود عوسمان دەڵێت" هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی هه‌میشه‌ جێگایه‌ک بووه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌عێراقه‌وه‌ ڕایكردووه‌ هاتۆته‌ هه‌رێمی كوردستان، كورد مه‌جال ده‌دات خه‌ڵک بێت شتێكی باشه‌ له‌وانه‌یه‌ شتی خراپیشی تێدا بێت ده‌وترێت ئه‌مڕۆ زۆر كه‌س به‌ره‌و هه‌ولێر ڕایكردووه‌ جار جار هه‌رێمی كوردستان زیان له‌وه‌ش ده‌كات، چونكه‌ خه‌ڵک هه‌یه‌ له‌به‌غداد حوكمی له‌سه‌ر بووه‌ و تاوانبار بووه‌ و ڕایكردووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و شتانه‌ هه‌یه،‌ به‌ڵام زیاتر خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شوێنێكی ئارام ده‌زانێت ئێستا نزیكه‌ی یه‌ک ملیۆن عه‌ره‌ب له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ له‌ناوچه‌كانی خۆیان نه‌یانتوانیووه‌ بژین ئه‌وه‌ شتێكی باشه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمیش به‌شێكه‌ له‌عێراق، به‌ڵام هه‌ندێكجاریش زیان ده‌كات كێشه‌یان بۆ دروست ده‌كه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌. "

" به‌ڵام كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستانیش "

د. مەحمود عوسمان باس لە کاریگەری ئەو دۆخەی بەغداد دەکات لەسەر هەرێم، لەو ڕووەوە د. مەحمود عوسمان دەڵێت" ناگاته‌ ئه‌وه‌ی شه‌ڕبكه‌ن، به‌ڵام كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سه‌ر كۆشكی كۆماری له‌وێ یه‌كێتی نیشتیمانی چونكه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگین، ئه‌وان دژی ئه‌وه‌ن له‌وانه‌ بوو په‌رله‌مانی عێراق له ‌سلێمانی كۆببێته‌وه‌ لایه‌نی سه‌دریش دژی ئه‌وه‌ن په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌، ئێمه‌ پێویستمان به‌بودجه‌ و پێویستمان به‌ مووچه‌ هه‌یه‌ كێشه‌ی نه‌وت و غازمان هه‌یه،‌ كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه‌ كێشه‌ی مادده‌ی 140 هه‌یه‌ كه‌ به‌غداد ئه‌مه‌ حاڵی بێت حكومه‌ت نه‌بێت، ئێمه‌ زۆر زیان ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ش به‌شێكین له‌عێراق، كێشه‌ گه‌وره‌كانمان له‌به‌غداده‌ ده‌بێت له‌وێ چاره‌سه‌ر بكرێت. "

" كورد ده‌بێت یه‌كگرتوو بێت خه‌ریكی كێشه‌كه‌ی خۆیان بن "

د. مەحمود عوسمان لە کۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا جەختیکردەوە " كورد ده‌بێت یه‌كگرتوو بێت خه‌ریكی كێشه‌كه‌ی خۆیان بن و به‌رگری له‌ میلله‌تی خۆیان بكه‌ن و ناكۆكیه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ربكه‌ن، بێگومان ئه‌وه‌ له‌هه‌موو شتێک باشتره‌ هه‌وڵیش بده‌ن ڕۆڵێک بگێڕن ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌به‌غداد هه‌ن هێور ببێته‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت سه‌قامگیری بۆ به‌غداد بۆ ئێمه‌ باشه‌. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی گفتوگۆ لەگەڵ د. مەحمود عوسمان